حەویجە وەك بەڵایەك بۆ كەركووك

‌ عارف قوربانی‌


ناوچەی حەویجە لەسەرەتای نیشتەجێكردنی خێڵە عەرەبەكانەوە تا ئێستا هەمیشە مایەی كێشە بووە بۆ كەركووك، چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت لە داهاتوودا ببێتە مایەی بەڵای گەورەتر بۆ ئەو شارە و بۆ ئایندەی كوردستان.

كردنەوەی پرۆژەی ئاودێری و بایەخپێدانی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەم ناوچەیە و كردنی بە ناوچەیەكی كشتوكاڵیی گرنگ و پڕ بەرهەم، بۆ نیشتەجێكردنی مەڕدار و خێڵە كۆچەرییە عەرەبەكان بوو لە سنووری كەركووك. بناغەی دامەزراندنیشی لە رووی ئیدارییەوە وەكو ناحیە و پاشان كردنی بە قەزا، هەر بۆ مەرامی سیاسی بوو، بەمەبەستی بناغەدانان بۆ پرۆسەی بە عەرەبكردنی كەركووك.

بەدرێژایی ساڵانێكی زۆر ئەم ناوچەیەیان كردبووە شوێنی ئیمتیازبەخشین بە عەشیرەت و خێڵە بەدەوییەكانی عێراق لە ناوەڕاست و باشوورەوە دەهێنران و زۆرترین زەویوزاری كشتوكاڵییان پێدەبەخشین تا لەناوچەكانی كەركووك نیشتەجێ بن و ببنە پشتیوانی پرۆسەی پاكتاوی رەگەزی. ئەنجامەكەشی بەو جۆرە بوو كە عەقڵیەتی شۆڤێنی عەرەبی پێش بەعس و بەعس دەیانویست.

بە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ورد وەك كێڵگەی بەرهەمهێنانی عەرەب، هاوشێوەی دەواجنی هەڵهێنانی جووجەڵەی مریشك، ئەم ناوچەیەیان كردە ناوەندێك كە ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی گەشەكردنی عەرەب لە كەركووك بەشێوەی ناسروشتی بەرێتە سەرەوە.

ئێستا كەركووك پێویستی بە پرۆسەی تەعریب نەماوە، چونكە زیاتر لەو ژمارەیەی لە چوارچێوەی تەعریب دەهێنرانە كەركووك، لە حەویجە بەهۆی گەشەی دانیشتووانەوە ئەو رێژەیە بەدەستدێت. بەپێی داتا و ئامارەكان لە رووخانی بەعسەوە بۆ ئێستا نزیكەی 200 هەزار منداڵا لە حەویجە لەدایك بوون، ئەویش بەهۆی ئەوەی كۆمەڵگەیەكی خێڵەكین و هەر پیاوێك لەو ناوچەیە سێ‌ بۆ چوار ژنی هەیە. چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت لە ئێستاوە بۆ 10 ساڵی داهاتوو رێژەی گەشەكردنی عەرەب بە ئەندازەیەكی ترسناك بەرزبێتەوە و مەترسی بخاتە سەر ئایندەی كەركووك.

ئەمە سەرباری ئەوەی لە 10 ساڵی رابردوودا هەرچی ماڵە كوردێك لە حەویجە هەبوون بە تیرۆر و تۆقاندن شاربەدەریان كردن و موڵك و ماڵیان داگیركرا كە ژمارەیان زیاتر لە 900 خێزان بوون. بەوەشەوە نەوستان و حەویجە و حەویجەییەكان بوونە سەرچاوەی هەڕەشە و تیرۆر بۆ كەركووك.

هەرچی كردەوەی تیرۆریستی هەبووە سەرچاوەكەی حەویجە بووە، مۆڵگەی نەیارانی كورد و تیرۆریستەكان بووە كە بەهۆیەوە زیاتر لە ژمارەی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لەم دوانزە ساڵەدا هاووڵاتی كەركووك شەهید كراون. لەدوای هاتنی داعشیشەوە بۆ عێراق، حەویجە زوو ئەم مەترسیەی پەلكێشی كەركووك كرد، جارێكی دیكە بووەوە بە ناوەندی ئەم هێزە تیرۆریستیە.

گەورەترین بنكەو بارەگا و ناوەندی مەشق و پێگەیاندنیان لە حەویجە دانا و رۆژانە لەوێوە پلان و بەرنامەی دوژمنكارانەیان بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ‌ دەكرد. بەوهۆیەوە سەدان پێشمەرگەی ئازا و گیانفیدای كوردستان شەهید بوون و دەیان پێشمەرگەمان كەوتنە دەستیان بە دیلی و رۆژانە لە ناو شارۆچكەی حەویجە سووكایەتیان پێدەكەن.

لە بەرامبەر ئەو دوژمنكارییەی حەویجەییەكاندا بۆ كەركووك، كورد هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ لانیكەم خۆپاراستن و كەمكردنەوەی قوربانیەكانمان. لە 10 ساڵی رابردوودا كە حەویجە ببووە سەرچاوەی هەناردەكردنی خۆكوژ و تیرۆریست بۆ كەركووك، لانیكەم خۆ دەكرا رێگاكانی كەركووك حەویجە دابخرێن.

بەڵام هەمیشە سیاسی و بەرپرسەكان بەجۆرێك كاریان كردووە كەمترین باج بدەنەوە، بۆ ئەوەی سەرۆك خێڵە عەرەبەكان لێیان رازی بن و لای بەغدا سكاڵایان لێنەكەن، گوێیان نەداوەتە ئەو نەزیفەی كەركووك، چونكە ئەوانەی شەهید دەبوون خەڵكی هەژار و بەدبەختی كەركووك بوون نەك كەسوكاری بەرپرسەكان.

دوای هاتنی داعشیش بۆ حەویجە، لەوكاتەوە بۆ ئێستا سەدان كەسی ترمان بوون بە قوربانی، لانیكەم بۆ ئەوەی حەویجەش تووشی كێشە ببێتەوە، خۆ دەكرا هاوینی رابردوو ئاو و كارەبای حەویجە ببڕین كە سەرچاوەی ئاوەكەیان لە بەنداوی دوكانەوەیە و كارەباكەشیان لە كەركووك. ئەگەر ئەوەمان بكردایە ژیان لە حەویجە نەدەما و دەبووایە هەموو خەڵكەكەی رەو بكەن. بەڵام ئەوەشمان نەكرد، نەبادا سەرۆك خێڵەكانی عەرەبی حەویجە گلەیی لە بەرپرسەكانمان بكەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا كەرنەڤاڵی مەرگێكی تری شۆكهێنەرمان بینی كە پێشمەرگە دەستگیركراوەكانمان بە كەژاوە لەناو قەفەس بەناو شارۆچكەی حەویجەدا سوڕێندرانەوە، خەڵكەكەی چۆن تەماشای ئەو قوربانیانە دەكەن، ئەگەری ئەوەش هەیە هاوشێوەی فڕۆكەوانە ئوردنیەكە ئاگریان لە جەستەیان بەردابێت كە لە بنەڕەتەوە ئەویش هەر بەهۆی حەویجەوە بوو. چونكە ئەو ناوچەیە تا نزیكترین دەروازەی جەستەی كەركووك بە دەستی داعشەوەیە و لەوێوە پەلاماری پێشمەرگە دەدەن و دەگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە كە بۆ ئەوان بووەتە ئارامترین پەناگا.

ناكرێت ئەم ناوچەیە بەو جۆرە بمێنێتەوە و شوێنی خۆتەیاركردنی دوژمنەكانی ئێمەبێت، شوێنی مەشق و راهێنانی تیرۆریستان بێت، شوێنی ناردنی خۆكوژ و سەرچاوەی تیرۆر بێت بۆ كەركووك، قەڵغانی پەلاماردانی داعش بێت و كوردیش هەر بەدەم رۆیشتنی خوێنی جەستەیەوە تەماشای حەویجە بكات.

بۆ ئەوەی شەڕ و مەترسی لە كەركووك دوور بخرێتەوە، دەبێت شەڕ ببرێتە حەویجە. بۆ ئەوەی ماڵی ئەوانیش وێران بێت، بۆ ئەوەی سەربازگە و ناوەندەكانی مەشق و راهێنانیان تێكبشكێت. بەوەش ناوچە و پەناگای ئارامی داعش نامێنێ‌ و كەركووك لە مەترسی دوور دەكەوێتەوە.

لەڕووی ستراتیژیشەوە دڵنیایی ئەوە دروست دەبێت كە كەركووك بكەوێتەوە دەست ئیرادەی كورد، گومان دەكرێت هەر ئەوەش هۆكاری هێشتنەوەی حەویجە بێت وەك ناوەندێكی گەورە و بەهێزی پێگەی عەرەب و مەترسی و هەڕەشەی بەردەم لكاندنەوەی كەركووك بە هەرێمی كوردستانەوە.


AM:11:36:21/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 4686 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی