پشتگیری پێش مەرج دانوستانی پیشەیی نییە

‌ئەحمەد حاجی رەشید


مێژووی دانوستانی کورد و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان مێژویەکی دور و درێژی هەیە زەرورە کورد ئەوەندە وانە فێر بوبێت کە بەئاسانی بابەتەکان بەسەریدا تێپەڕ نەبن ، بەڵام مەخابن نازانم بۆ ئەمجارە لەگەڵ (مصطفی الکاظمی) وابەئاسان و بەبێ قەیدو مەرج پشتگیری کاندیدبونیان کرد .

ڕاستە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پشکی پێکهاتەی شیعەیەو کوردو سوننە دەبێت نەبن بەبەشێک لە ململانێی نێو ماڵی شیعە لەیەکلابونەوەی ئەو پۆستەدا ، هەرچەندە ئەوەش بەو ڕەهاییە نییە ،چونکە لەیەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان پێهاتەی شیعە بێلایەن نەبوون لە دەنگدان بەکاندیدە جیاوازەکان ،بەهەرحاڵ ئەگەر دەوتریت کێشەکە گەورە دەبێت و دەبێتە هۆی لیکترازنی نێوماڵی شیعە ،ئەوا زەرورە بڵین ئەوە گرفتی شیعە خۆیانە نەک کوردو سوننە.

بۆیە لایەنگیری بەشێک لە پێکهاتەی شیعە لەدژی بەشەکەی دیکە لەبەرژەوەندی کوردو سوننە نییە.

بەڵام کاتێک هەموو پێکهاتەی شیعە ڕێک دەکەون لەسەر کەسێک ، چ زەرورەتێکی تیدایە کورد ئەوەندە سەخی بێت و بەبێ مەرج پشتگیری بکات بەڕەهایی ، ئەم بابەتە لەدوو خاڵ بەدەرنییە :

یەکەم : هێزە دەسەڵاتدارەکان شتێک دەزانن بە وانی تر ناڵێن یان وەعدێکی شەفەهییان وەرگرتوە کە پشکی ئەوان پارێزراوە و دوایی دەردەکەوێت بەناوی دانوستانەوە.

دووەم : ئەوەتا لەبەر خاتری پێکهاتەی شیعە و بەسادەیی بەڵێنی پشتگیریان داوە دوایی باجەکەی دەدەین ، ئەو کاتەی کە پشکەکان بەش دەکرێن و کورد جگە لەپۆستە وەزاریەکان کەئەوە گرنگە بەلایانەوە لە شایستەی فەرمانبەران و جوتیاران و پێشمەرگە وناوچە جێناکۆکەکان.

لیرەدا چەند پرسیارێک سەر هەڵدەدات :

یەکەم : ئەگەر کازمی لە بەرنامەی حکومەتدا مافەکان و شایستەکانی باس نەکردبوو ، قسەتان چیدەبێت ، ئایا بێدەنگ دەبن یان خاڵ بەخاڵ ماف و شایستەکان دەبێت باس بکرێن چونکە بۆ محمد تۆفیق علاوی زۆر نیگەران بوون لەوەی لەبەرنامەکەدا باسیان نەکرابووئایا پاشگەزدەبنەوە لە پشتگیری کردن ،بەهانەتان چیدەبێت .

دووەم: ئەگەر کازمی پۆستی وەزیرەکانی گۆڕی و چەند وەزارەتێکی دیکەی پێدان ، دیسان چیدەڵێن .

سێهەم : ئەگەر ئەو وەزیرانەی ئێوە کاندیدی دەکەن لە پەرلەماندا دەنگیان نەهێنا ، ئەو کاتە چی دەڵێن ،خۆناکرێت بڵێن فێڵمان لێکراوە ،چونکە بێ مەرج کازمیتان قبوڵ کرد.

چوارەم : ئەگەر کازمی پێداگری کرد لە جێبەجێکردنی یاسای دارایی گشتی و دەروازە سنوریەکان و دەستەی چاودێری داهاتە ئیتیحادیەکان ، وەڵامتان چیدەبێت .

بۆیە جێی خۆیەتی بڵێن ئەگەر هەرگرفتێک دروست بوو گلەیی تەنها لەخۆتان بکەن ، چونکە ئەوەی ئێوە دەیکەن ، دانوستانی پیشەیی نییە ،بەڵک دانوستانی جێنتڵ مانییە.


PM:10:33:09/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 3084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی