پەرلەمانتارانی كوردستان .. ئەو كارە نەكەن ...

‌سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم


بەڕێزتان لە ئێستادا گفتوگۆ و خوێندنەوە بۆ  ئەو پرۆژە یاسایە ئەكەن كە لە حكومەتی هەرێمەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان بە هاوپێچیی نوسراوی ژمارە 4581 لە10/8/2020دا و لە پێگەی ئەلكترونی فەرمی پەرلەماندا بڵاوكراوەتەوە، بەمەبەستی دەرچواندنی یاسایەك بۆ فرۆشتن و بە كرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت بە ناوی ((یاسای فرۆشتن وبە كرێدانی ماییەكانی دەوڵەت)).

پێشتر و لەسەر ئاستی عیراق هەمان بابەت، بە یاسای ژمارە 21 ساڵی 2013 بە هەمان ناونیشان و بۆ هەمان مەبەست دەرچوێندراوە و ئەم پرۆژەیەی ئێستای بەردەستی بەڕێزتان، زۆرینەی زۆری دەقی  بڕگە و ماددەكانی لەو یاسایەوە وەرگیراوە، بەڵام ماددەیەكی گرنگ بە گۆڕانكارییەوە خراوەتە بەردەستی بەڕێزتان كە لە ئێستادا خزێندنەوەی بۆ ئەكەن، ئەویش ناوەڕۆِكی ماددە 39 ی پرۆژەكەیە كە دەڵێت: 

ماددە 39 ی پرۆژەكە (( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویستی بڕیار بدات بە فرۆشتنی مایە گوێزاوەكان و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەركراوە))، ئەمەش جیاوازە لە ناوەرۆكی هەمان ماددە لە یاسا بەركارەكەی عیراقدا كە دەڵێت: ((ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كانی پێویستدا بڕیاربدات بە فرۆشتنی مایە گوێزراوە و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە ))، جیاوازییەكی یاسایی و یژدانی و نیشتیمانپەروەری یەكجار زۆر هەیە لە نێوان دەقی یاسا عیراقیەكە و دەقی پرۆژە یاساكەی بۆ هەرێم ئامادەكراوە.

لەیاساكەی عیراقدا بەجیاگرتنی دەسەڵاتەكانی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەتی سپێردراوە بە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران، واتە بە دامەزراوەیەكی فەرمی دەستووری كە ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام هەمان بە جیاگرتن لە فرۆشتنی موڵك وماڵی دەوڵەت لە پرۆژەیاساكەی هەرێمدا ، دراوە بە كەسی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران !!.

بەڕێزتان وەك پەرلەمانتاران ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی گەورەتان لەسەر شانە لە دەرچواندنی هەر یاسایەك، لەبەرئەوەی ئەو یاسایانەی بە دەنگی ئێوە دەردەچوێندرێت چیتر مافی تانە لێدانی نییە بە هۆی نەبوونی دادگایەكی باڵا لە هەرێمدا.

داواكارم دەقی ماددە 39ی پرۆژەكەی بەردەستتان وەك دەقی ماددە یاساییەكەی عیراق لێبكەن، دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەت بە كۆی ئەنجومەنی وەزیران بسپێرن نەك بە كەسی سەرۆكەكەی.

ئێوەی بەڕێز یاسا بۆ نیشتمانێك دەرئەكەن، نەك بۆ كەسێك و پۆستێك، تكاتان لێ‌ ئەكەم ئەو كارە نەكەن.


PM:03:31:25/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی