‌پەرلەمانتارانی كورد.. هەڵوێستتان
PM:03:39:27/10/2019
سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم


بەڕێزان پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داواتان لێ‌ ئەكەم هەڵوێستی مرۆیی و ویژدانتان نەخەنە تایەكی تەرازووی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتداریی لە عیراقدا ، چیتر سڕ و بێ‌ دەنگ ڕامەوەستن بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەكانی تری عیراق دەكرێت، لە كاتێكدا ناوەندە نێودەوڵەتی و وڵأتانی دەوروبەر وناوخۆی عیراق هاتونەتە دەنگ.

داواتان لێ‌ ناكەم دژی ئەم كابینە حكومیەی ئێستای عیراق بوەستنەوە، ئەزانم ناتوانن، جگە لەوەی بە لای زۆرینەی بەڕێزتانەوە ((باشترین كابینەیە بۆ كورد)) بەڵام داوای هەڵوێستی مرۆڤانە و كوردانەتان لێ‌ ئەكەم بەرامبەر ئەو پێشێلكارییەی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەكرێت لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق، هەڵوێست بەرامبەر ڕشتنی خوێنی بێكاران و ئەوانەی داوای دادپەروەری ئەكەن، داوای گوزەرانێكی ئاسایی وبژێوی رۆژانەیان ئەكەن.

ئەگەر ناتوانن پشتگیری لە داواكاری خۆپیشاندەران بكەن، دەتوانن هەڵوێستتان بەرامبەر پاراستنی گیانیان هەبێت.

 ناكرێت خوێن ڕشتنی كەسێكی بێ‌ كار و بێ‌ بژێوی-تان لا یەكسان بێت بەرامبەر پشتگیری سەرۆك وەزیرانێكی حكومەتێكی عیراق كە ئەگەر ئێستاش نەبێت، دواتر هەر دەڕوات، بەڵأم ئەوەی دەمێنێتەوە خوێنی خۆپیشاندەرە پیتاوانەكانە بەرامبەرهەڵوێسەكان، لەسەر ئاستی ناوخۆ و وڵأتانی دەورەبەر و جیهان.

ئێمەی كورد بەردەوام هاواری پێشێلكردنی مافەكانمان كردوە، هاوارمان داوە بە گوێی جیهاندا، ناكرێت ئێستا بەڕێزتان نوێنەری كوردن نركەتان لێ‌ نەیەت بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلكاری و خوێن ڕشتنە.

بەڕێزان نوێنەرانی گەلی كورد لە بەغدا، هاوهەڵوێستی بەرامبەر مافی هەر مرۆڤێك شەرەفێكی گەورەیە دەچێتە نۆماری مێژووی گەلەكەمان و تۆماری مێژووی كەسیی بەڕێزتانەوە، وا بزانم كۆكین لەسەر ئەوەی تۆماری مێژوو گرنگترە لە تۆماری پشتگیری كردن لە كەسێك و كابینەیەكی حكومی.

دەتوانن بەڕێزتان لەسەر ئاستی كەس و فراكسیۆن و كۆی فراكسیۆنەكان هەڵوێستتان هەبێت، بفەرموو لێدوانێك بدەن.. داوای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران بكەن، بفەرموون بەیاننامەیەك دەرچوێنن، داكۆكی لە مافە دەستووریەكانی هاوڵانیان بكەن، بفەرموون ئەندامیەتیتان هەڵپەسێرن تا دۆخی كوشتن و خوێنرشتن كۆتایی دێت. بفەرموون هەڵوێستتان..


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.