گەمەکە تەواوبوو! ‌

‌رێكه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم‌

کەم وشە هەیە هێندەی وشەی گەمە ئاوێزانی فەرهەنگی سیاسی بووبێت. لەسەرەتای دروستبوونی تەنگەژەی بەهاری عەرەبی هەتا ئێستا، سەدان مرۆڤ کوژراون، کەچی کاتێک سیاسەتمەدارەکان دێنە سەرباسی ئەو رووداوانە ئاماژە بۆ (رێسای گەمەکە) دەکەن، رۆژانە سەدانجار میدیاکانی دنیا بۆ دیاریکردن و شرۆڤەکردنی روداوەکانی خۆرهەڵاتی ناوین ئاماژە بۆ (گەمەکە) دەکەن. دەبێت هۆکاری ئەوە چی بێت؟ خۆ ئەگەر هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازی و سیاسییەکان هەرهەموویان گەمە بن، ئەی بۆچی ئەو هەموو مرۆڤەی تێدا دەکوژرێت؟

لەزمانی کوردیدا بەرامبەر بەبنەڕەتی وشەکە، واتە Game چەندان وشە هەیە لەوانەش (یاری، وازی، گەمە، بازی)، بەڵام لەفەرهەنگی سیاسیدا زیاتر وشەی گەمە بۆ شیکردنەوەی مەبەستە سیاسیەکان بەکاردێت. تیۆری گەمە کە هەندێ جار بەتیۆری تۆپتۆپێنیش ناوی دەبرێت، بریتیە لەشیکارییەکی ماتماتیکی و لۆژیکی قوڵ بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بەرژەوەندی لایەنەکانی بەشداربووی گەمە. تیۆری گەمە لەبنەڕەتدا لەسەر رێسای یاریی پۆکەر دانراوە، پاشان هەندێ کەسانی دیکە یارییەکانی وەک شەترەنج و تۆپتۆپێنیان خستە نێو هەمان چوارچێوەو لەبوارەکانی ئابوری، کۆمەڵناسی، سیاسی، سەربازی تیۆریزەیان کرد.

با نەچینە نێو چوارچێوەی وشکی تیۆرەوە، چونکە زانای هەنگاری بەناوبانگ جۆن فۆن نیومان، توانیویەتی لەیەکچونێکی زۆر وردو گرنگ و ئاشکرا لەم بوارەدا ئەنجام بدات و سەرەنجام بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە هاوکێشەکانی هەردوولا تاڕادەیەکی یەکجار زۆر هاوتاو چوونیەکن:

یەکەم- دوو لایەن یاخود زیاتر گەمە دەکەن، ئامانجی ئەم گەمەیەش بردنەوە یاخود تۆمارکردنی زۆرترین خاڵە.
دووەم- یاریکەرانی ئەم گەمەیە بەشێوەیەکی لۆژیکی رەفتار دەکەن.
سێیەم- یاریکەرانی گەمەکە دەبێ هەموو حسابێکی وردو درشت بۆ بەرامبەرەکەیان بکەن و پێشبینی هەڵسەکەوت و رەفتارەکانی بکەن و پەرچەکردارەکانی بەهەند وەربگرن.

(گەمە) بۆ خۆی بوونی گرفتەکە یاخود کێشە سیاسییەکە دەسەلمێنێت کە تیایدا پرۆسەی بڕیاردان رۆڵی زۆر گرنگی تێدا دەبینێت. گەمە تەنها کۆمەڵێک یاساو رێسا نییە کە یاریکەران پەیڕەوی دەکەن بەڵکو رەفتارو هەڵسکەوت و نەخشەی تایبەتی یاریکەران چارەنووسی تەواوی گەمەکە دیاری دەکات.

لەسەروبەندی پرۆسەی ئازادکردنی عیراقدا کاتێک کە هێزەکانی ئەمەریکا رۆژی ٩ی مانگی ئاپرڵی ٢٠٠٣دەستیان بەسەر شاری بەغدا گرت، هیچ شتێک لەبەردەم نوێنەری ئەوسای عیراق لەنەتەوە یەکگرتووەکان (محەمەد ئەلدوری) نەمایەوە، ئەو لەبەردەم کامێراو نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن بەقوڕگی پڕگریانەوە تەنها هێندە گوتی (گەمەکە تەواو بوو- The Game is over)، چەند ساڵیک پاش ئەم وتەیە، ناوبراو کتێبێکی بەهەمان ناونیشان نووسی (گەمەکە تەواوبوو، عیراق لەنەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەتا داگیرکردن)، لەم کتێبەدا محمد ئەلدوری مەبەستی خۆی لەدەستەواژەی (گەمەکە تەواو بوو) ئاشکرا دەکات، ئەو دەڵێت مەبەستم لەو گەمەیە کۆتایی شانۆگەرییەک بوو کە چەندین ئەکتەری گەورەی وەک ئەمریکاو بەریتانیاو کۆمبارسی جادوگەری چەندین وڵات رۆڵی بەرچاویان تیایدا هەبوو، بەرژەوەندییان هەبوو لەداگیرکردنی عیراقدا.

لەکۆنەستی کوردا ئەم دەستەواژەیە زیاتر قێزەونە، بەڕێز مەحمود عوسمان لەم بارەوە لەیادوەرەکانی خۆیدا ئاماژە بۆ ساڵانی نسکۆی شۆڕشی کورد دەکات، ئەو دەڵێت ئەوێ رۆژی پادشای ئێران حەمە رەزاخان پێشوازی لەشاندێکی گەورەی کورد دەکرد، شاندەکە بەسەرۆکایەتی خوالێخۆش بوو مستەفا بارزانی‌و ئەندامێتی مەحمود عوسمان‌و عەدنان موفتی‌و چەند کەسێکی دیکە بوو، مەحمود عوسمان دەڵێت پادشای ئێران زۆر لوتبەرزانەو ناجوامێرانە رویکردە ئێمە و گوتی (لەگەڵ سەدام حسێن رێکەوتنمان مۆرکرد، ئێران ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا..

لەئێستا بەدواوە ئیتر ئێمە هاوکاری ئێوە ناکەین.. گەمەکە تەواو بوو). ئەگەر ئەمە لاپەڕەی تراژیدیای مێژووی هاوچەرخی ئێمەی کورد بێت، ئایا گرەنتی دووبارە نەبوونەوەی هەمان مێژوومان هەیە لەفۆرمی کۆمیدیادا؟ بەتایبەت ئەوانەی لەگەیمی یەکەمدا دۆڕان، هەمان ئەو تیمەن بەهەمان بەرگ و لۆژیک و رەفتارەوە کە لەگەیمی کۆتایدا وازی دەکەن.


PM:04:50:29/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 1129 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی