چاوچیسکۆو زەنگی سەری ساڵ ‌

‌رێكه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم‌

هەموو دیکتاتۆرەکانی دنیا بەدرێژایی تەمەنی خۆیان لەجەژن و خۆشیدان، کەچی زۆربەی هەرە زۆریان یان لەزیندانی هەتاهەتایی ژیانی خۆیان تەواو دەکەن یان سەری خۆیان هەڵدەگرن و بەئاوارەیی لەکونجێکی تارێکدا خۆیان دەشاردنەوە، بەشێکی دیکەشیان تەنها لەیەک رۆژدا هەموو جەژنەکانیان لەلایەن گەلەوە دەکرێتە دۆزەخ.. 

مەسیحییەکانی دنیا هەموو ساڵێك لەئێوارەی ٢٤ی دیسێمبەردا جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەگێڕن و رۆژی دوای ئەویش واتە ٢٥ی مانگ بەرۆژی جەژن و پشووی لەدایکبوون و خۆئامادەکردن بۆ پێشوازی لەساڵی تازەی زاینی بەسەر دەبرێت.. ئەم جەژنە لەخۆرئاوای مەسیحی ئایندا بەیەکێک لەبۆنە گرنگ و خۆشەکان ئەژمار دەکرێت، ئەمەش لەئێستادا لەبەر پاشخانی ئاینیی ئەو جەژنە نییە بەڵکو زیاتر لەبەر ئەوەیە کە ئەو جەژنە بۆتە بۆنەیەکی کەلتوری خۆش کە کۆمەڵگەی خۆرئاوا بەشەوقەوە چاوەڕوانی دەکات..

ئەم جەژنە لەڕۆمانیای ساڵی ١٩٨٩ بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەنەچوو، رۆژی ١٦ی هەمان مانگ، شوڕشی گەل لەدژی دیکتاتۆری ئەو وڵاتە نیکۆڵای چاوچیسکۆ هەڵگیرسا، تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا شۆڕش بەتەواوی سەرکەوت و چاوچیسکۆ و ئیلینای هاوسەری جگە لەهەڵهاتن هیچی دیکەیان لەبەردەمدا نەمایەوە.

گەلی رۆمانیا لەجەژنی لەدایکبووندا خۆی بۆ یەکەم جەژنی مێژوویی ساز دەکرد، جەژێنێک کە پازدەساڵ بوو تەنها دیکتاتۆری وڵات و هاوسەرەکەی بەسکی تێرو دڵێکی خۆشەوە بەسەریان دەبرد، کەچی لەوساڵەدا هاوکێشەکان بەحوکمی مێژوو، بەشۆڕش و بەرخودانی خەڵک هەڵگەڕانەوە.. چاوچیسکۆو ئیلینای هاوسەری کون نەمابوو خۆیانی تێدا حەشار بدەن، سەرەنجام جوتیارێک لەکێڵگەکەی خۆیدا هەردووکیان دەناسێتەوەو دەستگیریان دەکات و هێزەکانی شۆڕشیان لێئاگاداردەکاتەوە. هەمان رۆژ لەدادگایەکی سەربازی زۆر خێرادا، دیکتاتۆرو هاوسەرەکەی دادگایی کران و درانە بەر گوللەو کوژران. یەکەمجار بوو لەڕۆمانیا زایەڵەی زەنگی کەنیسەکان و شریخەی فیشەک پێکەوە سەمفۆنیایەکی تازە بۆ مێژووی وڵات بژەنن.

١٧ ساڵ پاش دادگاییکردن و تیربارانکردنی چاوچیسکۆ، مێژوو قەدەرێکی هاوشێوەی بۆ دیکتاتۆری عیراق سەدام حسێن، دیاریکردبوو. ئەو دیکتاتۆرە بەهەمان شێوە لەکێڵگەیەکدا دۆزرایەوەو دادگایی کرا، لەهەمان مانگدا، لەساڵی ٢٠٠٦ کاتێک گەلانی عیراق جەژنی لەدایکبوونی عیسایان گێڕابوو، چاوەڕێی ئاهەنگەکانی جەژنی قوربان و سەری ساڵ بوون، ئا لەو هەموو جەژن و بۆنەیەدا بەرەبەیانی رۆژی ٣٠/١٢/٢٠٠٦ هێشتا زەنگی کەنیسەکان لەگوێی دیکتاتۆری عیراقدا دەزرنگانەوە کاتێ پەتی سێدارە خرایە ملی و لەو شوێنەی کە هەر خۆی هەزاران کەسی تێدا خنکاندبوو، لەسێدارەدرا.

٢١ ساڵ پاش هەمان مێژوو لەهەمان مانگی دیسێمبەرو لەهەمان بۆنەدا تەنها رۆژێک دوای هەمان مێژووی راپەڕینی خەڵکی رۆمانیا، لەتونس راپەڕینی جەماوەری سەریهەڵیدا، دیکتاتۆری ئەو وڵاتە (بن عەلی) تەنها لەماوەیەکی زۆرکەم پاش ئەو شۆڕشە هەڵهات و خۆی شاردەوە... ئێستاشی لەسەربێت دیکتاتۆری ناوبراو بۆ تەنها یەک جاریش خۆی دەرنەخستووەو لەلایەن دادگای تاوانەکانی تونسەوە بە ١٣٢ساڵ زیندانی حوکم دراوە.. دەبێت مێژوو قەدەری لەسێدارەدانی ئەمی بۆ چ رۆژێک و چ جەژنێک هەڵگرتبێت؟ دڵنیام ئێستا ئەو لەهەموو جەژنێک و هەموو زەنگێکدا دەمرێت و زیندوو دەبێتەوە.. رەنگە مێژوو بخوازێت ساڵی چەن جارێک ئەو بکوژێت و زیندووی بکاتەوە بۆ ئەوەی بیکات بەپەندی زەمانە.. پەندێک کە هەموو جارێک پێماندەڵێت سەرۆک و کورسیەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام گەل هەمیشە دەمێنێتەوە، پەندێک کە هەرگیز دیکتاتۆرو دەسەڵاتدارە تاکڕەوەکان ناتوانن لێیتێبگەن. 


PM:05:09:23/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی