بەڵێ، ئامانج ژنکوژ و منداڵکوژیشە

‌پێشەوا محەمەد

یەکێک لە هاوڕێکانی ئامانج، کە ڕۆژنامەنووسیشە بە ناوی "کاوە شێخ عەبدوڵڵا" باس لەوە دەکات، ئامانج خەریکە دەکرێت بە تیرۆریست و ژنکوژ و منداڵکوژ، ئەو دەڵێت ئامانج لەبەر ئەوە ئەو کارەی نەکردووە کە خیانەتی لە ژنەکەی دیبێت و ژنی کوشتبێت، یان گومانی لە منداڵەکەی هەبووبێت کە لەو نەبووبێت بۆیە کوشتوویەتی، بەڵکوو قبووڵی نەبووە ئەو خێزانە بچووکەی تێک بچێت بۆیە ئەو کارەی کردووە، بە بڕوای ئەو، ئامانج لەبەر ئەوەی خۆشی کوشتووە ناکرێت وەک بکوژ و ژنکوژ و منداڵکوژ سەیر بکرێت.

ئەم بیروباوەڕە هەتا سەرئێسقان درێژکردنەوەی ئەو ڕەهەندە تووندوتیژییەیە کە لە بیرکردنەوەی ئامانج و ئامانجەکانی تری کۆمەڵگەدا هەیە... مرۆڤ هیچ کات و لەژێر هیچ بیانوویەکدا ناتوانێت و بۆی نییە کەسێکی تر بکوژێت، ئەوەی پێت وابێت کەسێک لەبەر تێکنەچوونی خێزانە بچووکەکەی ئاساییە ژن و منداڵەکەی بکوژێت هەتا سەرئێسقان بیرکردنەوەیەکی بەربەرییانە و ترسناکیشە.

بەو تێگەیشتنە بێت کەواتە رەوایە سبەی من منداڵەکەم بکوژم و بڵێم حەزم نەدەکرد لەم کوردستانە کاولەدا بژیت و ئاییندەی ناڕوون بێت، تۆ باوکی خۆت بکوژیت و بڵێیت وەک باوکی خەڵکی سەروەتوسامانی بۆ جێنەهێشتووم، ئەو ژنەکەی بکوژێت و بڵێت سارد بووە لەگەڵمدا ... ئەوە تێگەیشتنێکە ترسناکییەکەی بێسنوورە.

ئەوەی ئامانج کردوویەتی بەرامبەر ژن و منداڵەکەی، هەزاران جار خراپترە لە کوشتنی ژنێک لە لایەن پیاوێکەوە بە ناوی شەرەفەوە، ئامانج هەم ئەو پەیوەندی و عەشقەی نێوانی لەگەڵ لانەی ژنی و هەم پێگەکەی وەک ڕۆژنامەنووس سەدان جار کاریگەریی خراپتر لەسەر ئەو بیرکردنەوە دواکەوتووە دادەنێت، کە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی، بڕوای بە فیشەک و کوشتن و خوێنڕشتنە.

یان ئەوەی کە ئامانج خۆشی کوشتووە و کۆتایی بە خۆشی هێناوە، هیچ لەو تاوانە گەورەیە کەم ناکاتەوە کە کردوویەتی، نانی سێ گوللە بە منداڵی خۆت و گوللەیەک بە ژنەکەتەوە، لە ڕۆحییەتێکی پاکەوە درووست نابێت، کەسێک کە باوەڕی بە خۆشەویستی و وەفا، پاکی و مرۆڤبوون و ژیانی ئازاد هەبێت چۆن دەتوانێت لەژێر هەر بیانوویەکی پڕووپووچدا (لە بەرامبەر کوشتندا هەموو بیانوویەک پڕووپووچە) دەستی بچێتە خوێنی کەسانی تر، یان خوێنی منداڵی چوارساڵانت و ژنێک کە نۆ ساڵ لەژێر چەتری خۆشەویستیدا بووبن.

دەبێت کۆمەڵگەی ئێمە، هاوڕێکانی ئامانج (خۆم دوو ساڵ لە دەزگای خەندان کارم لەگەڵ کردووە)، هەموو تاکێک لەوە تێبگات لە هەر بارودۆخێکدا کەسێک تاوانی کرد تاوانبارە، لە هەر پێگە و ئاستێکی ڕۆشنبیری و تێگەیشتندا بێت.

من لەگەڵ ئەوەدام ئامانج وەک تاوانبار بناسێندرێت، تاوانبارێک کە پێشتر هەڕەشەی کردووە (شیوەنی خوشکەکەی لە پرسەی لانەدا گەواهیدەری ئەو هەڕەشەیەیە)، دەبێت ئیدانەی کارەکەی بکرێت، دەبێت وەک هەر تاوانبارێکی تری ژنکوژ و منداڵکوژ بناسێندرێت....

ئەم کارە زۆر گرنگە، کۆمەڵگەی ئێمە لە چاولێکەریدا (تەنانەت لە کوشتنیشدا) زۆر ئازا و جەربەزە و لەسەرپێیە، هەموو شتێکی خراپ و قێزەون زوو دەبێت بە دیاردە، با بکوژەکان و ژنکوژ و منداڵکوژەکان لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنووسن، لەبەر ئەوەی نووسەر و ڕۆشنبیر و نازانم هەر ناوێکی ترن نەکرێن بە پاڵەوان و پاساو بۆ ژنکوشتن و منداڵکوشتنەکەیان بهێنینەوە.

هەوڵێک هەیە بۆ جوانکردنی ئەو کارە دڕندانەیەی ئامانج کردوویەتی، لەبەر پاکیی هاوسەر و منداڵەکەی، لەبەر ڕاستگۆیی خۆتان کە متمانە بمێنێت سبەی قسە لەسەر تاوانێکی تر دەکەن و خەڵک باوەڕتان پێ بکات، پاساوهێنانەوە لەژێر هەر بیانوویەک بۆ ئامانجی بکوژ، سوکایەتیکردنە بە مەرگی پاکی لانەی هاوسەری و منداڵە چوارساڵانەکەی و ڕەوایەتیدان بە کوشتن لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت.


PM:02:58:18/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 76576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی