"حکومەت راست ناکات کە دەڵێت بەبێ پارەکەی بەغدا مووچەمان پێنادرێت"

‌د.كاظم فاروق

ئێستاشی لەگەڵدابێت داھاتی مانگانەی حکومەتی ھەرێم زیاتر لە ٨٥٠ ملیار دینارە، واتە بەشی ئەوە پارەی ھەیە کە ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بەبێ لێبڕین و دزین دابەشبکات.

مانگانە ھەرێم ئەم پارەیەی دەستدەکەوێت:
(٥٠٠ ملیار دینار فرۆشتنی نەوت + ٣٣٠ ملیار دینار داھاتی ناوخۆ + نزیکەی ٣٠ ملیار دینار ھاوکاری ھاوپەیمانان)، ئەمە جگە لە دزینی نەوت بەنارەسمی و ملیۆنان دۆلار قاچاخچێتی سنورەکان.

کەواتە ئەم درۆ گەورەیە چیە بۆ خەڵک و موچەخۆرانی دەکەن و دەڵێن ھەتا بەغدا پارە نەنێرێت ناتوانین مووچە بدەین.

ئەو دوو موچەیەی کە فەرمانبەرانی عێراق بەیەکەوە وەریدەگرن، نە دڵسۆزی حکومەتە و نە ئازایەتی پەرلەمانی عێراقە؛ بەڵکو شەقی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پارە کە خەڵکی عێراق ھێز و توانای گەلیان پیشانی حکومەت و پەرلەمان و حیزب و ھێزە سیاسیەکان دا.

لافاو لە دڵۆپە دڵۆپەی بارانەوە دروست دەبێت و دواتر ھەرچی بێتە بەردەمی ڕایدەماڵێت. بۆیە نابێت خەلک ھێزی خۆی بە کەم سەیربکات. بەڵکو ھەرکات ھەڵوێستێکی جەماوەری ڕاگەیەنرا گرنگە ھەموومان ھاوشێوەی دڵۆپەی باران بەشداربین بۆ دروستکردنی لافاوی ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە دز و ستەمکارە کە ھەرچی نەوت و پارە و موچەی خەڵکە دزی و بردی بۆ حساب بانکی و ڤیلاکانی دەرەوە.


PM:12:34:16/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی