حکومەتی ھەرێم لەمەشدا ریکۆردی جیھانی شکاند

‌د.كاظم فاروق

"حکومەتی ھەرێم لەمەشدا ریکۆردی جیھانی شکاند، تاکە حکومەتە لە دنیادا پارە بە کۆرۆنا پەیدا ئەحکات"

غەرامەکردنی ئەوانەی ماسک نابەستن، زیاتر ئا مانج لێی پارەپەیداکردنە، نەک خۆپارێزی و خەمی تەندروستی خەڵک، بە دەلیلی ئەوەی:

یەکەم) ئەگەر راست دەکەن دەبوایە ھەنگاوی یەکەم چەند تیمێکی گەرۆکیان دروست بکردایە کە بگەرێن بەناو بازار و شوێنە گشتیەکاندا ماسک بەخۆڕایی ببەخشبەوە و رێنمایی تەندروستی و پرۆشور بدەن بە خەڵك، نەك راستەوخۆ خەڵک بگریت و غرامەی بکەیت.

دووەم) ئەگەر کەسێکیش غرامە ئەکەن بە 20 ھەزار دینار، لانی کەم ماسکێکی بدەنێ بەخۆرایی کە بایی 250 دیناریش نیە، بەڵام دیارە تەنھا مەبەستتان پارەکەیە.

سێیەم) ئەگەر کەسێک پێشتر توشبوبێت و چاکبوبێتەوە و ئەنجامی پشکنینەکەی پێبێت کە پێشتر تووشبووە، ئەوا پێویست ناکات لەسەر ماسك نەکردن غرامە بکرێت، چونکە نە خۆی دووبارە تووشدەبێتەوە و نە کەسیش توشدەکات
(تا ئێستا ٤٦,٣٩٥,٠٠٠ کەس لە جیھاندا توشی کۆرۆنا بوون، تەنھا ٢٤ کەس لە ھەموو جیھاندا دووجار تووشبۆتەوە (کە بەشێکیان گومان لەسەر ئەنجامی فەحسی یەکەمجار یان دووەمجاریان ھەیە))

چوارەم) لە ھەندێک شوێن پاسێک دەھێنن پڕی ئەکەن لەو کەسانەی کە بەحساب ماسکیان نەبەستووە و دەیانبەن بۆ بنکەیەکی پۆلیس، لەوێ ئەوەی پارەی پێبێت غرامەکەی ئەکەن و ئەوەی پارەی پێنەبێت ئەلێن تەلەفۆن بکە با ٢٠ ھەزار دینارت بۆ بھێنن و غرامەکەی ئەکەن و بەبێ ماسک ئازادی ئەکەن (نازانم جیاوازی ئەم ھاولاتیە چیە بەبێ ماسک، پێش غرامەکە و دوای غرامەکە؟؟ قابیلە ئەگەر ٢٠ ھەزار دینارەکە بدات بە حکومەت ئیتر توشنابێت؟

پێنجەم) ھەندێك ھاوڵاتی تەلەفۆنیان بۆ کردوین ئەڵێن لە سنورەکان کە داخڵ دەبین ٥٠ دۆلارمان بۆ پشکنینی کۆرۆنا لێوەردەگیرێت بەڵام ھەندێکمان ھەر پشکنینیشمان بۆ ناکەن و داخڵمان دەکەن بۆ ھەرێم، واتە مەبەستە سەرەکیەکە تەنھا ٥٠ دۆلارەکەیە نەک خەمی تەندروستی خەڵک.

ھەموو ئەمانە بەتەواوی ئەو راستیە دەردەخەن کە حکومەتی ھەرێم پارە بە کۆرۆنا پەیدا دەکات نەك لەخەمی تەندروستی خەڵکدا بێت.


PM:01:23:01/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی