خۆپیشاندان.. خۆپیشاندان

‌د.كاظم فاروق

رەنگە پێشتر فەرمانبەر و موچەخۆر و پێشمەرگە لەترسی ئەوەی دەسەڵات موچەکانیان نەبرێت خۆپیشاندانیان نەکردبێت، کاسبکار و دوکانداریش لەبەرئەوەی کەمێک جموجۆلی بازار ھەبوبێت بەشداری خۆپیشاندانیان نەکردبێت. بەڵام ئێستا نە فەرمانبەر و پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت و نە کەسابەت و بازاریش ماوە، پارتی و یەکێتی ھەموو شتێکیان وشک و قۆرخ کردووە.

ئەگەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگە چاوەڕێی ئەوەبن کاسبکار و دوکاندارەکان خۆپیشاندانیان بۆبکەن و مافەکانیان بۆ وەرگرن، دوکاندار و کاسبکاریش چاوەرێی فەرمانبەر و موچەخۆر بن خۆپیشاندان بکەن و مووچە وەربگرێت تاوەکو بازار ببوژێتەوە، ئەوە ھەرگیز روونادات.

زۆر گرنگە ھەموان پێکەوە سەرجەم توێژەکان بە فەرمانبەر و کاسبکارەوە بەشداری خۆپیشاندانی سەرتاسەری بکەین لە سەرجەم شاروشارۆچکەکان، لەبەر خاتری کەس نا بەڵکو تەنھا لەبەر مافی خۆمان و مناڵەکانمان و وڵاتەکەمان.

ھەندێکجار خۆپیشاندانێکی بچوکی خەڵک رۆژ بەرۆژ فراوانتر بووە و سەری کێشاوە بۆ راپەرین و رووخاندنی حکومەتە گەندەڵ و زالم و دیکتاتۆرەکان، کۆتا نمونەش خۆپیشاندانی خوێندکاران و گەنجانی عێراقە کە دواتر زۆربەی چین و توێژەکان چونە ناو خۆپیشاندانەکەوە و بووە ھۆی روخانی حکومەت.

ھاوکات ھەموو خۆپیشاندانێك لانی کەم سێ خاڵی گرنگی تێدایە:

١) پیشاندانی عەزم و غیرەتی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵات و بەرپەرچدانەوەی ئەو درۆ و وەھمانەی کە دەسەڵات دروستی دەکات و دەڵێت خەڵک بێدەنگە و ھیچی پێناکرێت ھەمووی ئەم دۆخەی قبولە.

٢) پەیامێکی توند بە دەسەڵات دەدات کە خەڵک لە نارازیە لە دۆخی خۆی و داوای مافی خۆی دەکات.

٣) گێڕانەوەی ھیوا بۆ خەڵک و دەرخستنی گرنگی و کاریگەری خۆپیشاندان.


PM:06:34:31/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 5604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی