بۆچی بونی كوردسات گرنگە ؟

‌مەریوان عەبدوڵا

راوەستانی پەخشی دەزگای میدیایی كوردسات ھەردوو کەناڵی "كوردسات-كوردسات نیوز" بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەچەند رۆژی رابردوودا و ئەو هەڵایەی لەسەر داخستنی دروستبوو, بەدەرفەت دەزانم بۆ قسەكردن لەسەر بابەتێكی گرنگ  كە ئەویش كاریگەری و شێوازی كاركردنی ئەم دەزگایە و وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەیە كە ئایا بونی كوردسات گرنگیەكەی لە چیدایە ؟

تەنیا چەند مانگێكی تر تەمەنی كوردسات دەبێتە 20 ساڵی رەبەق , ئەمە تەمەنێكی كەم نیەو ئەوەی جێگەی تێڕامانە لەم ماوە دور و درێژەدا بە دان پێدانانی یار و نەیار كوردسات كەناڵی نێو ماڵی زۆرینەو سەكۆی پارێزگاری كردن بووە لە بەها و بەرژەوەندیە نیشتمانی و نەتەوایەتیەکان , 

كوردسات بەدرێژایی ئەم ماوە زۆرە, كەناڵێكی نەرم و سەنگین و زمانێكی پاراو دەنگێكی زوڵاڵ و پێگەیەكی بەهێز بووە بۆ گەیاندنی پەیامە میدیاییەكەی بەو شێوازی كاركردنەی كە خۆی بڕوای پێیەتی , كە من پێم وایە هەر ئەمە رێگە دروستەكەی میدیاو  زمانی راگەیاندنە و هەر ئەمەش هۆكاری سەركەوتن و پێگە كاریگەر و بەهێزەكەی كوردساتە لە ئێستا و رابردوودا, 

ئەوەی بۆ كوردسات گرنگەو بووە بە شانازییەكی گەورە و نەبڕواوە , ئەوەیە كە كوردسات تا رادەیەكی زۆر نەچووەتە نێو ئەو ململانیە و ئێسقان و مل شكاندنە نادروستەی سیاسەت و ئەو ژینگە پڕ لە ژاوەژاوەی كە زۆربەی جومگوكانی داگیر كردووە و بەشێك لە میدیاشی بۆ نێو خۆی پەلكێش كردووە , ئەمە جگە لەوەی كوردسات كەناڵێكی ئارام و هێمن بووە بۆ هەموو خێزانی كورد و بێ دڵەخورپێ هەموو تەمەن و رەگەزەكان تەماشای كوردسات دەكەن , ئەم كەناڵە هیچ كات نەبووەتە مایەی تێكدانی پەیوەندییە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان و زیان گەیاندنی بە شیرازەو دابونەریتی كوردەواری , بەڵكو بەپێچەوانەوە هەمیشە سەكۆیەك بووە بۆ پاراستنی دابونەریتی كۆمەڵی كوردەواری , لەپاڵ ئەوەشدا دیوارێكی بەهێزبووە بۆ رێگریكردن لەو پەتاو ژینگە نا لەبارەی كە خەریكە خێزانی كورد داغان و تێک و پێک دەدات , 

ئەوەی كوردسات جیادەكاتەوە لە شێوازی كاركردنی بەشێك لە دەزگاكانی تری راگەیاندن, زۆر پێوەر و ئامانج و ئەجێندایە , لە كاتێكدا كوردسات بووەتە قوربانی ئەو هێڵە گشتیانەی كە كاری لەسەر دەكات کە گرێدراوە بە ئێستاو ئایندەی كوردستان و خەڵكەكەی , لە بەرامبەردا بەشێك لە شاشەكان وەك رۆژی رووناك روون ئەجێندا و بەرژەوەندی هەرێمایەتی و ناوچەیی جێبەجێ دەكەن و بە ئاشكرا لە رووماڵەكانیاندا دیارە كە چۆن هاوزمان و نەتەوەكانیان دەكەنە ئامانج و رووقایمانە دژی بەرژەوەندی و خەونەكانی ناوچەو بەشەجیاكانی كوردستان دەوەستنەوە , 

ئەوەی لە هەندێك شاشەوە دەكرێت بەناوی شرۆڤەو دەستپێشخەری لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری , ئێمەو مانان كە لە بوارەكەدا كاردەكەین باش  دەزانین ئەمە رێك پێچەوانەی هەموو بەها ئەخلاقی و پیشەییەكانی كاری رۆژنامەگەرییە , ئەو شاشانە رەنگە بۆ ماوەیەكی تر بتوانن بینەر چەواشە بكەن و وەبەرهێنان لە كارە ناڕەواكەیان بكەن , بەڵام بەدڵنیاییەوە دواجار پەتەكە هەر ئەپسێ و هەموو شتێك ئاوەژوو دەبێتەوە , لەنێو ئەم ژینگە نا لە بارەی كاری میدیایدا ئەوەی بۆ دەزگای میدیایی كوردسات گرنگە, بێ گەێدانە رەخنەو توانجەكان درێژەبدات بەو رێچكە نیشتمانی و نەتەوەییەی كە كردوویەتی بە نەخشەرێگەی كاركردنی ,  ئەركی دەزگاكانی تری راگەیاندنە هەمان رێچكەی كوردسات بگرنەبەر چونكە دواجار هەر ئەوە رێچكەی كاری میدیایی دروستە ،  نەك ئەوەی بەشێك لە دەزگاكان لەژێر ناوی جیاواز بانگەشەی بۆ دەكەن ,  لەنێو ئەم گێژاوەدا  نزیکەی ١٥ ساڵە لەکوردسات کاردەکەم ئەوەی گرنگە بۆ ساتێک ئەو ھەستەم  لا دروست نەبووە کە دژی  پرسە نەتەوایەتیەکان یان بەرژەوەندییەکانی میلەتەکەم بەکارھێنرابم ، بەڵکو ھەمیشە ویژدانم ئارام و ئاسودە بووە و ھەستم کردووە خزمەتێکی گەورە دەکەم نەک تەنیا بە باشوری کوردستان بەڵکو بە ھەموو پارچەکانی تری کوردستان ھەمیشە ئەمە پاڵنەربووە تا ئێستا لە کوردسات کاربکەم،  لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا زۆر گرنگە بینەر هەست بەو جیاوازییە بكات و ببینێت كام شاشە لە ئاست پێویستی قۆناغەكەو هاوسۆزە لەگەڵ پرسە نیشتمانی و نەتەوایەتیەكان و نەبووەتە بەشێک لە ئەجێندای دەرەکی و  مایەی داڕمان و داتەپینی بەھا ئەخلاقی و کۆمەلایەتیەکان ,

راگرتنی پەخشی دەزگای میدیایی كوردسات بۆ ماوەی كەمتر لە دوو رۆژ و ئەو هاوسۆزی و پاڵپشتیە گەورەیەی كە لە هەموو لایەكەوە  خرایەڕوو, جۆرێک لە راپرسی و پەیامی نوێی خەڵك بوو , ئەو پەیامەی بونی كوردسات پێویستیەكی گرنگەو لەوەش گرنگتر دەبێت دەزگای میدیایی كوردسات ئەمە بكاتە وێستگەی نوێبوونەوە و گۆڕانكاری و بەخشینەوەی گوڕ و تینێكی تر بە دەزگاكە لە داهاتوودا ,  
دواجار بۆ هەموو لایەك روون بوویەوە كە ئێستا دەزانن پێگەی كوردسات لە چی ئاستێكدایەو بۆچی بەردەوامی و گەشەسەندنی ئەم میدیا نیشتمانییە گرنگە ؟
 
مەریوان عەبدوڵا 
پەیامنێر كوردسات نیوز


PM:09:36:28/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 4888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی