ئەردۆغان بیرۆکەی دیکەی هەبوو

‌ئەحمەد تورک


دەنگدەرەکان منیان وەک سەرۆک شارەوانی هەڵبژارد، سەرۆک ئەردۆغان بیرۆکەی دیکەی هەبوو
 
رۆژی 31ی ئادار، وەک سەرۆک شارەوانی مێردینی تورکیا هەڵبژێردرامەوە. ئەوە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نەبوو بۆ من و ژمارەیەکی زۆر لە هاوکارەکانم لە پارتی دیموکراسیی گەلان- هەدەپە. ئێمە بەشدارییمان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانەی کە بەزۆر لێمان سەنداربوون. 
 
من یەکەمجار لە ساڵی 2014 وەک سەرۆک شارەوانی ماردین هەڵبژێردرام، بەڵام تەنیا دوای دوو ساڵ لەو ماوە پێنج ساڵییەی کە ماوەی دەسەڵاتی سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراوە، سەرۆک رەجەب تەییب ئەردۆغان دەستی بە سەرکوتکردنی سیاسەتی کوردی و کۆمەڵگەی مەدەنی کرد، نزیکەی 100 سەرۆک شارەوانی هەدەپەی لە پۆستەکان دوورخستەوە و کەسانی سەر بە حکومەتی لەشوێن دانان. 
 
لەکاتێکدا من و دەیانی دیکە لە هاوکارەکانم بە تۆمەتی تیرۆریزم زیندانیکراین - بەڵام لە راستیدا بەهۆی بردنەوەی دەنگدانێکی دیموکراسییەوە بوو- ئەو کەسانەی لە شوێنمان دانران بۆ خنکاندنی ویستی خەڵک کاریانکرد. ئەوان زمانی کوردییان لە شوێنە گشتییەکان لابرد، خۆپیشاندانەکانیان سەرکوتکردن و بەگوێرەی راپۆرتەکانیش، داهاتی گشتییان بە دیاریی گرانبەها بۆ بەرپرسانی دیکەی وڵات خەرجکرد. 
 
کاتێک لە زیندان ئازادکرام و رێگەم پێدرا بۆئەوەی جارێکی دیکە بۆ پۆستەکەم خۆم بەربژێر بکەمەوە، پابەندبووم بە راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی ئەو کەسانە بەرامبەر دەنگدەرانم کردبوویان.
 
رۆژی 19ی ئاب، مێژوو خۆی دووبارەکردەوە. لە هەواڵی تەلەڤزیۆنەکانەوە زانیم کە من و سەرۆک شارەوانییەکانی دیاربەکر و وان جارێکی دیکە بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستەکان دوورخراوینەتەوە. لەو کاتەوە، پاڵپشتیکارانمان لە شەقامەکانن و لێیان دەدرێت و بە ئاو بڵاوەیان پێدەکرێت، تەنیا لەبەرئەوەی داوا دەکەن رێز لە دەنگەکانیان بگیرێت. 
 
ئێمە هەموومان تۆمەتبارکراوین بە پاڵپشتیکردن لەتیرۆریزم. لەراستیدا، ئەوەی کردوومانە بریتیبووە لە دژایەتیکردنی سیاسەتە دیکتاتۆرییەکانی حکومەت، هاوشێوەی دەیان هەزار کەس کە لەژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا هەمان تۆمەتیان ئاراستە کراوە. ئەو سێ کەسەمان نوێنەرایەتی سێیەمین پارتی سیاسیی گەورە لە تورکیادا دەکەین. پێش هەڵبژاردنەکە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەربژێربوونی ئێمەیان بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی پەسندکرد. ئێمە بە ئاسانی زۆرینەمان بەدەستهێنا و دەنگی هەدەپەمان لەو ناوچانە زیادکرد کە پێشتریش تیایاندا پارتەکە بەهێزبوو. 
 
بەڵام دواتر رۆژی 19ی ئاب هات و وەک زۆر بۆنەی دیکەی پێشوو کاتێک حکومەت بڕیاریدا لە نێوان دیموکراسی و هێزدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، دووەمیانی هەڵبژارد. 
 
وەک دەیان ملیۆن کوردی سەرانسەری ناوچەکەمان، سەرکوتکردن لە لایەن حکومەتەوە بەلامەوە شتێکی نامۆ نییە. لەو کاتەوەی وەک پەرلەمانتاری تورکیا لە ساڵی 1973 هەڵبژێردراوم، چەندینجار لە پۆست لابراوم و زیاتر لە پێنج ساڵم لە زیندان بەسەربردووە، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی ئەو کارەی کە دەنگدەرانم منیان بۆی هەڵبژاردووە. پێش پەیوەندیکردن بە هەدەپەوە، لە دامەزراندنی هەندێک پارتی نزیک لە کورد بەشداریمکرد، کە هەموویان وەک ئەنجامی دادگایی پاڵنەرسیاسیی داخران. 
 
ئەم هێرشە دژە دیموکراسییانە هەمیشە بەناوی "تیرۆریزم" یان "جیاکاری"یەوە شەرعیەتیان پێدراوە- ئەوە لەکاتێکدایە حکومەت خەڵکی دەتۆقێنێت و هەر هەوڵێکی بەئاراستەی دەستکەوتنی ئاشتی شکستپێهێناوە. کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرسیار دەکات کە بۆچی ئەردۆغان هەست دەکات ئەو دەسەڵاتەی هەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئیستەنبووڵی سەرەتای ئەمساڵ ‌هەڵبوەشێنێتەوە یان ژمارەیەکی زۆر لەرەخنەگرانی بێ دادگاییکردن زیندانی بکات، دەبێت ئەوەش بزانێت کە سەرکردەکانی پێش ئەردۆغان چەندین دەیەیان بە بەکارهێنانی ئەو تاکتیکانە دژی خەڵکی کورد بەسەربرد. 
 
ئێستا ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەکرەم ئیمامۆغلو، سەرۆک شارەوانیی ئیستەنبوڵ دەکات بە ئەنجامدانی هەمان جۆرە مامەڵە لەگەڵ من کرا. پێناسەی "تیرۆریزم"ی ئەردۆغان بەرفراونبووە بۆ لەخۆگرتنی ئەو کەسانەش کە هاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانییە تەقلیدییەکانی وڵات پیشاندەدەن. ئەم پێشهاتە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە شتێک روونتر پیشاندەدات، ئەویش ئەوەیە تورکیا ناتوانێت ببێتە دیموکراسییەکی راستەقینە بۆ هیچکام لە هاووڵاتییەکانی ئەگەر نەبێتە دیموکراسییەکی راستەقینە بۆ خەڵکی کورد. 
 
ئەمەش ئەو شتەیە کە هەدەپە کاری بۆ دەکات- وە هەربۆیەشە دامەزراوەکانی وڵات کە دەسەڵاتی تاکڕەوی بۆ دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردنی خۆیان لەسەر حسابی خەڵکی بەکاردەهێنن، هێرشمان دەکەنەسەر. 
 
ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کە رێز لە دیموکراسی دەگرن، چ لە ناو تورکیا و چ لە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی، بێدەنگبوون، ئەوەش کاتێک هەوڵەکانی پارتەکەمان بۆ پارێزگاریکردن لە دیموکراسی هێرشیانکرایەسەر. هەموو جارێک کە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بێ دەربڕینی ناڕەزایی تووند هەڵدەوەشێندرێتەوە، دەسەڵات زیاتر دڵنیا دەبێت کە دەتوانێت ئەو کارە دووبارە بکاتەوە. 
 
پارتەکەمان بۆ هەموو خەڵکی ستەملێکراوی وڵاتەکەمان دەجەنگێت، چونکە باوەڕمان وایە ئەو شەڕە رێگە بۆ ئازادی زیاتر بۆ هەموو کەس خۆشدەکات. کاتی ئەوەیە هەموو ئەوانەی کە رێز لەو ئازادییە دەگرن، پەیوەندییمان پێوە بکەن. 
 
لەکاتێکدا دەکرێت جارێکی دیکە پۆستی هەڵبژێردراو لەئەستۆ نەگرم، وەک هەمیشە پابەندم بە پارێزگاریکردن لە ویستی خەڵک. دەتوانین رووبەڕووی ئەوانە ببینەوە کە پشت لە دیموکراسی و فرەیی دەکەن، ئەوەش تەنیا لەرێگەی دووپاتکردنەوەی بەهێزیی پابەندبوونە بەردەوام و جیهانییەکەمان بە هەردوو بنەماکەوە. دوای چەندین ساڵ لە چەوساندنەوە، هێشتا باوەڕم وایە کە دەکرێت داهاتوویەک هەبێت کە تیایدا ئەو پابەندبوونە بنەمای حکومەت بێت. 
 
سەرچاوە: رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی 
وەرگێڕانی: عەلی زەڵمی-
رووداو


AM:09:19:08/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 2940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی