دۆڕاندنی کەرکوک بە یاسایی

‌هاوکار عەبدولستار

سەرەتا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و ئەنجومەنی پارێزگاکان پێکەوە کران، لەکەرکوک لیستی برایەتی دروستکرا، لیستەکە جگە لە هەموو حزبە کوردییەکان چەندین حزبی تورکمان و عەرەبیشی تێدابوو، بەو هەموو حزبەوە و بەو ساختەکارییانەی لەوکاتەدا کرا و بە حەماسەی خەڵک هەیبوو بۆ دەنگدان توانرا لەسەدا ٦٣ی کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستبهێنرێت، کەواتە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چی دەگوزەرێت بەلەبەرچاوگرتنی ئەم شتانەی خوارەوە.

١٥ ساڵ حکومڕانی کورد لە کەرکوک، کە بەدانپێدانانی هەمووان حکومڕانیەکی خراپبوو، روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و جێهێشتنی ئەو ناوچانە بۆ حەشدی شەعبی ، ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، تەعریبکردنەوەی ناوچەکان ، ئەمە جگە لەوە خەڵکێکی زۆر ئینتیمای دەنگدانی نەماوە ئامادەنیە بچێت بۆ هەڵبژاردن، پەرش و بڵاوی حزبەکان و ماندوکردنی خەڵکی کەرکوک لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە بە کێشەی دانانی پارێزگار و نەبونی هیچ هێزێکی کوردی لەو ناوچانە.

خاڵێکی تری گرنگ مادەی ٣٥ ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایە زۆر خراپە و لەبەرژەوەندی کورد نیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا گرنگە و ئەگەر کورد بیدۆڕێنێت واتە شارەکەی بە یاسایی دۆڕاندووە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا جیاواز لەهەڵبژاردنی پەرلەمان حساباتی زۆری لەسەر دەکرێت و جگە لەوەی ئیدارەی شارەکەی لەسەر دادەنرێتەوە بۆ ئایندەی شارەکەش چارەنوسسازە.

کورد بەس لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای ٢٠٠٥ بردۆتەوە هەتا ئێستا زۆرینەیە و بەمافی خۆی دەزانێت پۆستەکان دابنێت بۆیە لەهەڵبژاردنی داهاتوو کە بەدڵنیایەوە رێژەی کورسیەکانی کورد کەمدەکات ،هەڵبژاردنەکە دەبێتە بنەمایەکی یاسایی و کورد ناتوانێت وەک ئێستا داوای بەڕێوەبردنی شارەکە بکات.

دیاریش نیە بەبیناوی جیاواز تا چەند ساڵی تر لە شارەکەدا هەڵبژاردن ناکرێت و ئیدارەکە بەو جۆرە دەمێنێتەوە.

بەڵام بە بڕوای من دوو چارەسەرهەیە بۆ ئەوەی شارەکە بە یاسایی نەدۆڕێنرێت یەکەم ئەوەیە لیستێکی هاوبەشی کوردی و عەرەب و تورکمان و ئەوانەی هاودەنگن دروستبکرێت،هەروەها دۆخێک دروستبکرێت کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە و بەشداری دەنگدان بکەن چونکە ئێستا نزیکەی ٥٠ هەزار کەس ئاوارەیە ئەگەر نەگەڕێنەوە و بەشداری دەنگدان نەکەن زیانی زۆردەبێت ئەوە جگە لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو نزیکەی ٥٠ هەزاریش ساختە دەکرا ئەمجارە زۆر ئەستەمە چونکە کورد دەسەڵاتدار نیە.

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا لەکەرکوک دەبێتە بنەمایەکی یاسایی و دانپێدانراوی گرنگ ئەگەر کورد خەم لە خۆی نەخوات و ئەو ماوەیەی ماوە کاری جدی نەکات شارەکە بە یاسایی دەدۆڕێنێت.


PM:11:32:08/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 3868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی