كۆتایی بە سوڵحی ساردی پەكەكە و هەرێمی كوردستان دێت؟

‌زریان رۆژهەڵاتی

رووداوەكانی چەند مانگی رابردوو پرسیارێكیان وروژاندووە سەبارەت بەوەی كە ئایا شەڕ لە بەینی پەكەكە و هەرێمی كوردستان روودەدات یان نا؟ لێدوانی لایەنەكان هەرچییەك بن، شەڕی ناوخۆیی بە قازانجی هیچیان نییە. بۆیە ئەگەر بڕیاری لایەنەكان ئەقڵانی بێت، سەرەڕای بەردەوامیی گرژییەكان شەڕ ناقەومێ. ئەگەر وایش نەبێ، مەعلوومە كە دۆخێكیتر دەخوڵقێت.

لەساڵی 1986 بەدواوە تا ئێستا، مانەوەی پەکەکە لە باشووری كوردستان قۆناغی جیاجیای شەڕ و بێ شەڕی لەگەڵ ئەحزابی كوردیدا تێپەڕاندووە. پەکەکە خۆی بە رەوتێكی جیاواز و "بەرهەقی" جوڵانەوەی سیاسی كوردی دەزانێت و هەر ئەمەش وایكردووە لە كاتە بێ شەڕەكانیشدا، سوڵحێكی سارد باڵ بەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ باشووردا بكێشێت كە دوایین قۆناغیشی لەدوای ساڵانی 2000 وە دەستپێدەكات.

دوران كاڵكان یەكێك لە بەرپرسانی باڵای پەکەکە بەم تازەییە رایگەیاندووە كە ئەگەر پێشمەرگە بەتەمای گرتنی چەند ناوچەیەكی سنووری بێت لەوانەی ئەوانی تێدان، ئەوا شەڕ دەقەومێ. جگە لەو لێدوانە، پێشتر راگەیاندنی گرووپێك بەناوی "هێزی پاراستنی جەوهەریی كوردستان" و توندبوونی بانگەشەی پەكەكە و پارتی لە دژی یەكتر، باسەكانی تایبەت بە ئەگەری جەنگی ناوخۆییان زیاتر كردووە.

چی روودەدات؟

دۆخی ئێستا وەك ساڵانی نەوەدەكان نییە كە پەکەکە دەیتوانی لەسەر حیسابی گرژییەكانی پارتی و یەکێتی مانۆڕ بدات. جگە لە ناكۆكییەكانیان لەسەر پرسە ناوخۆییەكان، ئێستا ئەو دوو حیزبە روویان لە بەغدایە، هەردووكیشیان بە تەمای گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیانن لەگەڵ توركیا و فێری ئەوەش بوون كە تێكچوونی دۆخی كوردستان زیان بە هەردووكیان دەگەیەنێت. رووداوەكەی هوقەباز و مەسەلەی هێزی پاراستنی جەوهەریش، ناڕەزاییەكی ناوخۆیی هێزە سیاسییەكانی لە باشوور درووستكردووە. بۆیە ئەگەر شەڕێك دەركەوێت، لەوانەیە سرووشتەكەی لە شەڕی پەکەکە - پارتی، هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 1992، بۆ شەڕی پەکەکە هەرێمی كوردستان بگۆڕێت، چونكە زیاتر لە هاوسەنگییەكانی سیاسەتی ناوخۆ، هاوسەنگییەكانی سیاسەتی دەرەوە تەحەكوم بە رووداوێكی وەك ئەو شەڕە دەكەن.

لەوانەیە هەرێمی كوردستانیش كە دوای قۆناغی گشتپرسی تازە خەریكی بەهێزكردنەوەی خۆیەتی، شەڕ ئاخر شتێكە خوازیاری بێت.

بۆ پەکەکە، دەستپێكردنی شەڕێك لە باشوور، ئەویش لەكاتیكدا كە دۆخی باكوور لە خراپیدایە و دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران لە بەرەی پشتی لە ئاڵۆزیدایە، دەبێتە قومارێكی گەورە! رێگا بۆ تێكچوونی ئەو لانە ئارامەیشی خۆش دەكات كە لە شاخەكانی باشوور هەیەتی و ئەمەش توانای كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوا و شوێنەكانی دیكەی لێ كەمدەكات. بۆ هەرێمی كوردستانیش كە نزیكەی دوو دەیەی بێ شەڕی لەگەڵ پەکەکە تێپەڕكردووە، رووكردنە بژارەی شەڕ كارێكی ئاسان نییە. چونكە، بەلانیكەمەوە، رووداوێكی وەها دەتوانێت سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی كوردستان تێكبدات.

هەڵبەت، چەند هۆكارێكیش هەن كە لەوانەیە گرژی و ململانێكان زیاتر بكەن. یەكێکان ئەو دۆخی سەربازی و دۆخی رێكخستنەیە كە پەکەکە لە ماوەی 2015- 2019 تێیكەوتووە. توانای جموجوڵی چەكداریی پەکەکە لە باكوور وەكجاران نییە و هێزەكانی زیاتر لە باكوور، هەرچی دەچێ بەرەو قووڵایی باشوور دەكشێن. كۆبوونەوەی هێزی چەكداری بە لێواری سنووری لە بادینانەوە هەتا پێنجوێن، ئەگەری بەریەككەوتن زیاتر دەكات. بەدەر لەوە، لە ئەدەبیاتی سیاسی پەکەکەدا جەنگ وەك "قەڵەمباز" تەماشا دەكرێ و ئەمەش دەتوانێت رۆڵی لە هەناردەكردنی كێشەكانی ناوخۆ بۆ دەرەوە هەبێت. دۆخی ئێستا هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەكان و سەرەتای ساڵانی دوو هەزارە كە تێیدا، دوای رووداوەكانی لاوازبوونی سەربازی- رێكخستنی لە باكوور و گیرانی ئاپۆ، گرژییەكانی لەگەڵ ئەحزابی باشوور زیادیان كرد.

گرژیی دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەكەش وایكردووە هەندێك لە دەوڵەتان، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی كوردی بە قازانجی خۆیان نەزانن و لەبەر ئەوەش دنەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كورد بدەن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە دەتوانین بێژین، ئەگەر دۆخەكە ئاوا بەردەوام بێت و شتی دیكە نەیەتە ئاراوە، زیاتر لە جەنگ، دەتوانین شایەتی زیادبوونی ململانێكانی پەکەکە لەگەڵ هێزەكانی باشوور بین.

شێوازی بیركردنەوەی پەکەکە وایە كە دەبێ باكووری كوردستان- پەکەکە لە ناوەندی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی پرسی كورددا بێت و پێویستە وزەی كوردی بەو ئاراستەیە خەرج بكرێت. كاڵكان زۆر بە راشكاوی رایگەیاندووە كە ناكرێ باشووری كوردستان ئازاد بێت و پارچەكانی دیكە وا نەبن.

ئەمەش سیاسەتی هەموو یان هیچی لێ دەكەوێتەوە و پێداگری لەسەر ئەمەش، جگە لە خەساری زیاتر هیچی بەدواوە نابێت. بێشك، پرسی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان گرێدراوی یەكە.

بەڵام واقیعی هێز و سیاسەتی نێودەوڵەتی دۆخێكی جیاوازی فەرز كردووە. هەرلەو چوارچێوەیەدا، تێزی پەكەكە بۆ ئەوەی كە گۆڕانكاری سەبارەت بە پرسی كورد، لە باكوورەوە دەستپێدەكات راست دەرنەچوو. لە دوای جەنگی ساردەوە، گۆڕانكاری سەرەتا لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكرد و ئێستاش، رۆژئاوا و تەنانەت بەهۆی گرژییەكانی ئەمریكا- ئێرانیشەوە دۆخی رۆژهەڵات زیاتر لە رۆژەڤدایە. واتا گۆڕانكاری سەرەتا لە پارچە بچووكەكانی كوردستانەوە كرا نەك لە باكوور.


PM:10:26:30/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی