كورد تەنها یەك دۆستی هەیە

‌محەممەد رەئووف

"كورد تەنها یەك دۆستی هەیە"، ئەوە قسەی چۆمسكی و كۆمەڵێك بیرمەند و مامۆستای زانكۆی رۆژئاواییە كەهەندێكیان لەزانكۆكانی كوردستان مامۆستابوون، ئەم قسەیە زۆر راستە و دڵسۆزانەشە.

بزانین دەڵێن كێیە ئەو تەنها دۆستەی كورد، ئەو تەنها دۆستە كە دۆستە دوور و نزیكەكانیشمان بۆ مسۆگەر دەكات و دەمانبات بەرەو قۆناخی گەشەسەندن بریتییە لە ئەزموونكردنی حكومڕانییەكی باش و سەركەوتوو.

رۆژئاواییەكان بەتایبەت بیرمەند و ئەكادیمییەكانیان موجامەلە نازانن و خۆیان عەیبدار ناكەن، قەسەكەیان زۆر راستە ئەگەر هەموو دونیا دۆستی ئێمە بێت ئەگەر حکومڕانییەكی باش و دروست، دادپەروەر و سیستەماتیكمان نەبێت و ئەگەر بەجورئەت و بەپلان دەست نەكات بەڕیشەكێشكردنی گەندەڵی، ئەگەر خزمەتی هاووڵاتی نەكاتە ئامانج و وەزیر و پلەباڵاكانی نەبنە پیاوی دەوڵەت لەبری پیاوی حیزب لەناوحكومە ، ئەگەر ئەم جۆرە حكومڕانییە نەكرێتە ئەزموونێكی سەركەوتوو، ئەمریكا و ئەوروپاش لەگەڵمان بن و دۆستی راستەقینەی بێ مەرامیشمان بن هەر دەڕوخێین.

 چەند ساڵە دۆستەكان ئامۆژگاریمان دەكەن هەندێكیان بەپارە و هەندێكیان بەدۆستایەتی كە چاكسازی بكەین، هەمووشی نوسراوەو كراوە بە پرۆژە و دۆكیۆمێنت، بەڵام هەرجارەی بەبیانوویەك وەک پێویست جێبەجێنەكراوە. چەند ساڵە پێمان دەڵێن بەشی سێ دەوڵەت مووچەخۆر و راوێژكارتان هەیە و هێشتا رۆتین و كاردواخستن و كارپەكخستن و فریانەكەوتنی رۆژانە دیاردەی كاروباری رۆژانەتانە، هێشتا بەردەوامن لەسەر تەرخانكردنی زۆرینەی بودجە بۆ بەكاربردن و كەمترینی بۆ ژێرخان و گەشەپێدان.

ئەرێ هەربەڕاست رۆژئاوا یان دراوسێ دوور و نزیكەكان، دۆستی وەك ئێمەیان بۆ چییە ئەگەر دەستكارییەكی خۆمان نەكەین ؟!! ئەوەشمان لەبیرنەچێت كەدۆستی نەوت و غاز تاوەکو هەزار ساڵی دیكەش هەردەمێنێ بەڵام هەركات لەنەوتەكەی ئێمە چەورتریان دەستكەوت دەست بەئێمەوە دەنێن، ئەوانیش هەقی خۆیانە و بزنس دەكەن.

گلەییكردن و بۆڵەبۆڵكردن لەسیاسەت و ئیدارەی دەوڵەت و پەیوەندییە نێودەڵەتییەكاندا بوونی نیە و كەس كاتی پێوەناكوژێت، ئێمەش دەمێكە فێری ئەوەبووین بۆ ئەوەی لە بەرپرسیارێتی گەورەی مێژوویی خۆمان دەربازكەین، بەخەڵك و سەركردە و ئەحزابەوە كە لێمان دەقەومێت یان شكست دێنین یەكسەر دەڵێین ئەمریكا و ئینگلیز و زلهێزان خەتابار و بێ ئەخلاقن. دەبافێربین جارێك جیاواز بیركەینەوە و كاربكەین و بڕیاربدەین.

تەنها یەك شت فریامان دەكەوێت ئەویش دەستكردن بەئەزموونكردنی حكومڕانییەكی باش و هەنگاو بەهەنگاوە و سیستەمێكی جوان، بەپێوەرەكانی سەردەم دابمەزرێنین. هەروەها چیتر فێربین لەبری گلەیی لەدۆستان، بەو تەنها دۆستەی خۆمان سەدان دۆست دروست بكەین.


AM:09:25:21/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 3164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی