سەرۆکوەزیرانێکی خراپ!

‌شوان حەمە

هەموو ئاماژەکان زەنگی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەکەی مەسرور بارزانی لێدەدەن! ئەگەرچی مەسرور بارزانی لەپێکهێنانی کابینەی حكومەتدا توانی یەکیتی و گۆڕان کۆبکاتەوە و کابینەیەکەی حکومی پتەو پێکبێنێت، بەڵام لەدرێژەی پرۆسەی بەڕێوەبەرایەتیدا تا ئاستێکی زۆر کەمتەرخەم و بێتوانا بووە.

ململانێ شاراوە و ژێربەژێرەکانی نێوان مەسرور و نێچیرڤانی ئامۆزا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی سەرمایەدارە نزیکەکانی نێچیرڤان بایکۆتی حکومەت بکەن، بەتایبەتبە لەقەیرانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەهەرێم.

دوای گەیشتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ هەرێم، مەسرور بارزانی هاوشێوەی میرەکانی سعودییە، لەدەڤەری بارزان خۆی دابڕاندووە و وەک پێویست ئاگاداری دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ماڵی خەڵکی هەرێم نییە.

پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لەخراپترین ئاستدایە. لێدوانی توند و ڕەخنەیی پارێزگاری سلێمانی دژ بەحکومەت و تۆمەتبارکردنی حكومەت بەوەی دەستی بەسەر هاوکارییە ماڵییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا گرتووە، هەڵدانەوەی سەری ئەو مەنجەڵەیە ماوەیەکە لەناوەوە قوڵپ دەدات.

گەماورۆی درێژماوەی کەمپی مەخمور و هاوکاری میت و یارمەتیدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیا و شەهیدکردنی چەندین گەریلا لەزەینی وەرتێ، نەک تەنها هەرەشە لەهەڵوەشاندنەوەی کابینەی حكومەت دەکات، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەقینەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمەکە و ئەگەرەکانی درووستبوونی شەڕی ناوخۆ و دەستێوەردانی زیاتری میتی تورکی و و ئیتڵاعاتی ئێرانی لەباشووری کوردستان.



AM:11:28:16/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 2740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی