ئێستا كاتی ئاشتییە لەنێوان كورد و توركیادا

‌جەمیل بایک

لە پێكدادانی نێوان دەوڵەتی توركیا و گەلی كورددا، لەساتێكی مێژووییداین. دەرفەتمان هەیە بۆ ئەوەی كێشەیەكی ماوەدرێژ بەئاراستەی چارەسەرێكی هەمیشەییدا ببەین. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەستبدەین، ئەوا دەكرێت بۆ نەوەیەكی دیكە نەیێتە پێشەوە.

لەكاتی دامەزراندنی كۆماری توركیا لە ساڵی 1923ەوە، كورد خەباتی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی تەواو وەك هاونیشتمانی كردووە. كورد رووبەڕووی چەندین جۆر چەوساندنەوە بووەتەوە. دوای هەوڵدانی بێئەنجام بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج دەیە لەنێو سیستمی سیاسیدا، هیچ بژاردەیەكمان بۆ نەمایەوە جگە لە پەنابردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكداری. پارتی كرێكارانی كوردستان- پەكەكە، لە ساڵی 1978 دامەزرا، لە ساڵی 1984 دەستی بە شەڕی گەریلایی كرد. لە كاتێكدا دەوڵەتی توركیا هەوڵیدا كێشەی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی بۆ كپكردنەوەی خەباتەكەمان بەكاربێنێت، پارتەكەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوای ئازادی بۆ هەموو پێكهاتە ئیتنی و بیروباوەڕەكان كردووە.

لە ساڵی 1999دا، هەواڵگریی توركیا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكەی گرت، لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە ئەمریكا پاڵپشتیكرد. ئۆجەلان سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و ماوەی نزیكەی 20 ساڵە تەنیا زیندانییە لە دوورگەی ئیمرالیدا.

دەستگیركردن و زیندانیكردنی ئۆجەلان هاوكاتبوو لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاكپارتی بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان. سەرەتا ئەردۆغان و پارتەكەی پشتیوانی خەڵكیان بەدەستهێنا بە جەختكردنەوە لەسەر دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەری . بەڵام چەند ساڵێك دواتر، كاتێك سەبارەت پرسی كورد پرسیار لە ئەردۆغان كرا، گوتی: "ئەگەر شتێك بیری لێ نەكەیەوە، واتای ئەوەیە بوونی نییە".

بەڵام پرسی كورد هەبوو و سەرئەنجام ئەردۆغان ناچاربوو دانی پێدابنێت. ئێمە بە نیازێكی پاكەوە هەندێك هەوڵماندان بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ حكومەت، لەوانەش ئاگربەست. هەموو جارێك، پابەندبوونی پارتی دەسەڵاتدار تەنیا هێندەی دەخایاند كە لە بواری سیاسییەوە بۆی باشبووبێت.

دواتر لە ساڵی 2012دا، پەكەكە ئاگربەستێكی راگەیاند و پێیەوە پابەندبووین، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگە گەورەكان. پەكەكە تەواوی سەرباز و ئەفسەرانی پۆلیسی دەستگیركراوی توركیای ئازادكردن و هێزەكانیشمان دەستیان بە كشانەوەیەكی قۆناخ بە قۆناخ كرد لە توركیا. ئەوە رێگەیەكی بۆ دانوستاندن كردەوە.

لە 28ی شوباتی 2015دا، دوای دوو ساڵ لە دانوستاندن، نوێنەرانی كورد و دەوڵەتی توركیا گەیشتنە رێككەوتن و ئومێدی هاوبەشی ئێمە هەردوولایان بۆ ئاشتی راگەیاند. بەڵام كاتێك ئەردۆغان هەستیكرد كە دانوستاندنەكان چیدیكە بۆ داهاتووی پارتەكەی گرنك نین لە هەڵبژاردنەكاندا، دووبارە شەڕی هەڵبژاردەوە.

كۆبوونەوەكان كە لەنێوان نوێنەرانی دەوڵەتی توركیا و ئۆجەلانی رێبەرمان بەڕێوەدەچوون، كۆتاییانهات. شەڕ بە هێزێكی نوێوە دەستیپێكردەوە. تانك و فڕۆكە جەنگییەكان 10 شاری كوردییان تەختكردن. سوپای توركیا بەشێوەیەكی دڕندانە سەتان هاونیشتمانی سیڤیلی كوشتن، لەوانەش ژن و منداڵ و كەسانی بەتەمەن. زۆرجار هێزە ئەمنییەكان رێگەیان لە خێزانەكان دەگرت كە تەرمی كەسوكارەكانیشیان بێننەوە.

جارێكی دیكە، دەوڵەت هەوڵیدا زەبرێكی كوشندە لە گەلی كورد بدات. بە كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەرێگەی تووندڕۆیی ئایینی و رەگەزپەرستییەوە لەسەر حیسابی دیموكراسی و ژیانی هاونیشتمانی، پارتی داد و گەشەپێدان بەم فۆرمەی ئێستایەوە مەترسییە، نەوەك تەنیا بۆ كورد، بەڵكو بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەواوی جیهان.

ئێستا ئەردۆغان شۆڕشی دیموكراسییانەی كورد لە سووریا و تێكشكاندنی داعش وەك هەڕەشەیەك بۆسەر سیاسەتی دەوڵەتی توركیا دەبینێ، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تاكڕەوانەی دەسەڵات. رێكخراوەكەی ئێمە دەیەوێت ئازادی تەواوی خەڵكی سووریا و دیموكراسی راستەقینەی ئەو وڵاتە ببینێت. كورد، عەرەب، ئاشوورییەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا خۆسەری دیموكراتییان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئۆجەلان لە ماوەی ساڵانی زیندانیكردنیدا ئامادەی كردووە.

ئێمەش لە وەڵامدانەوەی ئەو ئاستەنگانەدا هەڵەمان كردوون. ئێمە ساویلكە بووین بەوجۆرە بیرمانكردەوە كە كێشەی كورد تەنیا لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ پارتەكەی ئەردۆغان چارەسەر دەكرێت. لە هەوڵەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی هێندە ئاڵۆز و هێندە گرێدراو بە ئاستەنگەكانی دیكەوە، دەبووایە زیاتر كارمان بكردایە بۆئەوەی هەموو هێزە دیموكراسییەكانی توركیا بەشداربن. بەهەمانشێوە، دەبووایە هێزە پشتیوانەكانی دیموكراسییمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بجوڵاندایە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دیموكراسی توركیا و چارەسەری كێشەی كورددا بەشداربن.

بە هەر شێوەیەك ، ئەگەر ناڕوونییەك لەم بابەتەدا هەبێت، ئێمە جارێكی دیكە رایدەگەیێنین، پابەندین بە دانوستاندن بۆ چارەسەری سیاسییانەی كێشەی كورد لە چوارچێوەی سنووری توركیادا.

ئێمە ئەوە دووبارە دەكەینەوە كە پێشتر گوتوومانە: ئۆجەلان دانوستاندنكاری سەرەكییمانە. ئێمە لەگەڵ هەموو پەیامەكانی ئەو دواییەی ئۆجەلان هاوڕاین و جەخت لەوە دەكەینەوە كە بۆ دڵنیابوون لە ئاگربەستێكی ماوەدرێژ، توانای ئۆجەلان بۆ كاركردن و بەشداریكردن لە پرۆسەكەدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. پووختتر بڵێم، دەبێ ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بۆ خانوویەكی سەلامەت بگوازرێتەوە.

جیهان بەرژەوەندی لەوەدایە كە پشتیوانی لە ئامانجەكانمان بكات. قەیرانی ئەمڕۆی توركیا بەشێوەیەكی سەرەكی قەیرانێكی سیاسییە، قەیرانێكە لە مایەپووچی سیاسەتی یەك سەدەی كۆماری توركیاوە بەرامبەر كورد سەرچاوەی گرتووە. كێشەی كورد لە جەرگەی ئاستەنگەكانی ئێستای ناوخۆی توركیا و ئاستەنگە هەرێمایەتی و جیهانییەكاندایە. لەم روانگەوە، توركیا بەجیدی پێویستی بە تێگەیشتنێكی نوێیە لە "وڵات"، كە شوێنی ناسنامە جیاوازە ئیتنی و كولتورییەكانی تێدا ببێتەوە. دەبێ رێبازێكی لەوجۆرە لە سیستمێكی نوێی بەڕێوەبردندا رەنگبداتەوە كە ئەو سیستمەش رەنگدانەوەی جۆرایەتی مێژوویی ناوچەكەمان بێت و دووربێ لە دەستبەسەرداگرتنی ناوەندییانەی ئەنقەرەوە.

بە چارەسەركردنی كێشەی كورد، توركیا دەتوانێ رۆڵێكی كارا بگێڕێت لە پەرەپێدانی دیموكراسی، سەقامگیری و ئاشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەڵام دەوڵەتی توركیا رەتیدەكاتەوە ئەو كارە بكات. لەلایەكی دیكەوە، ئێمە لە هەوڵەكانمان بۆ بەدیموكراسیكردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی بەدیموكراسیكردنی توركیاوە بەردەوامین.
 
تێبینی: جەمیل بایك یەكێكە لە پێنج دامەزرێنەرەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان

سەرچاوە: رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی

لە رووداو وەرگیراوە


PM:02:41:04/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی