پیلانەكەی توركیا دژی ڕۆژئاوای كوردستان ؟

‌د.سەنگەر سەید قادر


بەشێك لە ڕاگەیاندنی كوردی و نوخبەی سوشیاڵ میدیا بێ ئاگا لە مەترسیەكانی پلانی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام  وەها پێناسەی ناوچەی ئارام دەكەن كە بۆ پاراستنی كوردە بەڵام ئەم تێگەشتنە هەڵەیە، چونكە ئەم ناوچەی ئارامە هاوشێوەی بڕیاری ٦٨٨  ساڵی ١٩٩١ ئەنجومەنی ئاسایش نیە بۆ پاراستنی كورد لە باكوری عێراق ( باشوری كوردستان) دەركرا.

 - پیلانەكەی توركیاچیە ؟
ئەم ناوچە ئارامەی توركیا داوای دەكات دروستكردنی ناوچەكی داماڵدراوە لە چەك و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە قوڵای ٤٠ كیلۆمەتر لە  قوڵای ڕۆژ ئاوای كوردستان كە دەسەڵاتی بەسەر ٥٠ كیلۆمەتری تردا بێت بەوەش دەبێت بە ٩٠ كیلۆمەتر لە قوڵاێ خاكی ڕۆژئاوای كوردستان دا  بە درێژای سنور ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا كە  ناوچە ئارامەكە دەكاتە سەدا ٧% خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و چەندین شاری گرنگی وەك كۆبانێ دەكەونە سنوری ناوچەی ئامارامەوە

- پێشنیار و هەڵوێستی ئەمەریكا چیە ؟

ناكۆكی سەرەكی توركیا و ئەمەریكا لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام بریتیە لەوەی ئەمەریكا پێشنیاری كردوە ناوچەی ئارام تەنها بە قوڵای ٥ كیلۆمەتربێت و ئاوارە سوریە عەرەبەكانی تێدا نیشتەجێ نەكرێت و تەنها ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك و هێزبێت و   دانیشتوانی ئەو ناو چەیە ڕانەگوێزرێنەوە و ناوچە ئارامەكە لە ژێر كۆنترۆڵی هاوبەشی توركیا و ئەمەریكا و هێزە ئەوروپیەكاندا بێت و چەند دەروازەیەكی سنوری بازرگانی لە نێوان ڕۆژئاوا و باكوری كوردستاندا كراوەبێت .


_ئامانجی توركیا  چیە لە دروسیكردنی ناوچەی ئارام ؟

١- ئامانجی توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام  پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی و دزە كردنی چەكدارانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بچڕاندنی هەرجۆرە پەیوەندیەكە لە نێوان پەكەكە و ئەو هیزانەدا بەڵام ئەمە ئامانجە ئاشكراكەیە

٢- ئامانجی شارەوەی توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام بریتیە لە دابڕینی كوردانی ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان لە یەكتر لە ڕووی كۆمەلایەتی ڕۆشنبیریەوە

٣- نیشتە جێكردنی هاوڵاتیانی ئاوارەی عەرەبی سوریا لەوناوچەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سنوریەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان

٤- خنكاندنی ئابوری ڕۆژئاوای كوردستانە لە ڕێگەی بەتەواوی داخستنی سنورەكانی توركیا و ڕۆژئاوای كوردستانەوە و ڕێگری كردنە لە هەرجۆرە بازرگانیەكی یاسای و نایاسای لە نێوان باكور و ڕۆژئای كوردستاندا 

٥- ئامانجێكی تری توركیا بریتیە لە وشكردنی سەرچاوەی كشتوكاڵی ڕۆژئاوای كوردستان چونكە ئەو ناوچە سنوریانەی ڕۆژئاوا و باكوری كوردستان بەپیترین خاكی كشتوكاڵین.

 ئەمانەو چەندین ئامانجی ستراتیژی تری پەیوەست بە ناوخۆی توركیا و پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكا، هۆكاری سوربونی توركیایە لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای كوردستان


لەمێژووی كوردا دروستكردنی ناوچەی ئارام و ڕاگواستنی هاوڵاتیانی كورد نوێ نیە و لە سەردەمی بەعسدا و لە دوای ڕێكەوتنامەی جەزائیر عێراق دانیشتوانی كوردی ناوچە سنوریەكانی عێراق و ئێرانی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨-١٩٨٨ ڕاگواست و لە كۆمەڵگا نیشتەجێبونی نزیك لە شارەكان نیشتەجێی كردن 

بەوەش هەزاران گوندی چۆڵكرد و دیموگرافیای كۆمەڵاتی و ئابوری كوردستانی گۆڕی و كەرتی كشتوكاڵ و بەروبومی ئاژەڵی  لەناوبرد و  كۆمەڵگای بێكار و تەمەڵ و دەستەمۆكرد، كە كاریگەریە خراپەكانی هەتا ئێستاش بە پێكهاتەی كۆمەڵاتی و كەرتی ئابوری و كشتوكاڵی و پەروەردەیی كۆمەڵگای كوردیەوە دیارە.


PM:02:29:28/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 4120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی