شوان عەتوف دەبێت پشتگیری بکرێت

‌ئەلەند مەحوی

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، شوان عەتوف وەک ئەکتەر و دواتر وەک دەرهێنەر توانا و لێهاتووی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ عێراق و ناوچەکە سەلماند، بە تایبەت لە رێگەی فیلمەکانی (گێژاو، شیرین، پەیکەری دڵ...). هەروەها لە رێگەی شانۆگەریەکانی (تەپڵ و بەرد، ئەودەمەی دنیا بێتامە حەیرانێ...).

لێهاتوویی شوان عەتوف بەجۆرێک بوو، هەر لەم ساڵانەی رابردوودا، ئێمەی بینەرانی ناچاردەکرد بچین فیلم و شانۆییەکانی ببینین، لە کاتێکدا هۆڵەکانی سینەما و ستەیجی شانۆکان چۆڵ بوون و خەریکبوو تۆزیان لێدەنیشت.

زۆر دەرهێنەری کورد کاری جوانیان کردووە، بەڵام لە کاتی قەیرانەکاندا وەستاون، شوان بۆیە لێهاتووە، چونکە قەیرانەکان لە بەرهەمی نوێ و کاری جوانتر نەیانوەستاند.

کاتێک دواین بەرهەمی شوان عەتوف (فیلمی پەیکەری دڵ)م بینی، دڵم پڕبوو، هەڵبەت نەک لەبەر ئەوەی ئەم فیلمە دواین تەکنیکەکانی پیشاسازی فیلمی تێپەڕاندووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەم فیلمە ئێمەی گەڕاندەوە بۆ هۆڵەکانی سینەماکانی کوردستان، لەسەر دەستی دەرهێنەر و ستافی ناوخۆیی، بە تەکنیکی ناوخۆیی.

شوان عەتوف پێش نمایشی فلیمەکە بۆ منی باس کردبوو کە فیلمی پەیکەری دڵ فیلمێکە بە تەواوی بەرهەمی ناوخۆیە، نە لە دەرەوەی وڵات وێنەی گیراوە و نە ستافی بیانی کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە.

بە بڕوای من دەبێت لێرە بەدواوە شوان عەتوف پشتگیری بکرێت، پشتگیریەک کە ببێتە مایەی بوژاندنەوەی سینەمای کوردی، شوان ئەگەر پشتگیری بکریت، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.

کاتی ئەوە هەتووە وەبەرهێنەرەکان، بزنسمانەکان، سەرمایەدارەکان لە جێگەی سپۆنسەرکردنی فیلمەکانی شوان عەتوف، یان هەر دەرهێنەرێکی دیکە، سەرمایەگوزاری بکەن لە فیلمەکاندا، واتە پارە بەگەڕ بخەن و مافی خۆشیانە هێندەی وەبەرهێنانەکانیان لە فیلمسازیدا، قازانج بکەن و لە بەرهەمەکەی بخۆن، ئەمەش دەبێتە ئەو پاڵپشتیەی کە سینەمای کوردی پێویستیەتی.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، دەبێت بینەری فیلمی کوردی پشتگیری شوان عەتوف بکەن، چونکە ئەگەر هۆڵەکانی سینەما و شانۆ چۆڵ بن، وەبەرهێنەرەکان ناتوانن لە پیشەسازی فیلمدا وەبەرهێنان بکەن.


PM:01:55:10/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی