هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا: مەلا مەزهەر شتێکی وتوە کە ڕاستە لەقورئانی پیرۆزدا هاتوە

‌هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ماوەیەکە ڕاگەیاندنەکانی کوردستان کەوتونەتە هەڵە و تەڵەوە، لەوەی کە بەڕێز ( مەلا مەزهەر خوراسانی) دەدرێتە دادگا .
ڕاگەیاندنەکان جموجۆڵ و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکانی ژنان لەسەر نابراوو، هی(مەلا مەزهەر) دژی ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان بڵاو کردەوە.

هەڵەی ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان لەوەدایە بابەتەکەیان زۆر لەقەوارەی ڕاستەقینە و بچوکی خۆی گەورەتر نیشانداوە..

ئەو بابەتەی لەسەر مەلا مەزهەر وروژێنراوە حاشایی لەوە ناکرێ کە ناوبروا وتوویەتی.

بەڵام.. مەلا مەزهەر شتێکی وتوە کە ڕاستە لەقورئانی پیرۆزدا هاتوە، بەڵام ئەو بۆخۆی هەندێک تەفسیرات و تەئویلاتی زیاتری بۆکردووە و ئەو حەساسیەتی لێ دروست بووە کە ئێستا دەیبیستین.

ئەویش ئەوەیە کە (خوای گەورە ڕێگا دەدات پیاو _ یەک تا چوار _ ژن لەخۆی مارەبکات).
تا ئێرە ڕاستە، بەڵام..

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا قورئانی پیرۆز باسی ئەوەی کردوە ئەگەر لە وڵاتێکدا بێوەژن و کچانی قەیرە زۆر بوون کەڵک لەو ڕێگا پێدانە وەربگرن؟

بۆ وڵامی ئەوە من بەتەلەفۆن لە سێ مامۆستای ئاینی بەڕێز و شارەزا ئەو پرسیارەم کرد، ئەوجار ئەو وتارەم نوسی، لە وڵامدا وتیان:
نەخێر، بەڵکو بەفەرمانی خوای گەورە دەبێ ژنهێنانی دووەمیش پاساوی شەرعی هەبێت و مەرجێ دادپەروەری لە هەموو ڕوویەکەوە تێدابێت، کە ئیستا زاراوە زانستیەکان بە(بژێوی و فسیۆلۆجی و بایۆلۆجی و دەرونی و کۆمەڵایەتی ) ناوزەد دەکرێن، چ جای ئەوەی بێتە سەر ژنی سێیەم و چوارەم..

قورئان باسی ئەوەی نەکردوە کە ئەو ڕێگا پێدانە بۆ چارەسەری بەشودانی کچانی قەیرە و بێوەژنە، وەک ئەوەی کە (مەلا مەزهەر ) بۆ ئێستای کوردستان ئەو چارەسەرەی باسی کردوە!

ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە:

بەڕێز (مەلا مەزهەر) بابەتەکەی لە تەلەفزیۆنێکدا وتوە کەناوی (ئاشتی)یە.
من تا ئەو بابەتەم لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ژنان و مەلامەزهەر نەبینی و نەبیست، هەر ناوی ئەو تەلەفزیۆنەشم نەبیستبوو کە قسەکانی لەسەر بڵاکراوەتەوە، نەک بابەتەکە!

وادیارە تەلفزیۆنێکی لۆکاڵیە و دوورنیە لەچەند سەد کەسێک زیاتر بینەری نەبێت.

بەڵام ئێستا بەو گەورەکردنەی بابەتەکە، کە کەناڵە ئاسمانیە ناودار و ناسراوەکانی کورستان کردیان، هەم بەڕێز (مەلا مەزهەر) زۆرتر ناسێنرا و زیاتر بو بە ژمارە، بەشێوەیەک لەئەگەری خۆ هەڵبژاردنی بۆ پەڕلەمانی ئیراق یان کوردستان، دوور نیە دەنگێکی گەورە بەدەست بێنێ، ئەو کات کۆنترۆڵ کردنی ئەوەندە ئاسان نابێ و دەبێ ڕاگەیاندنەکان هەر خەریکی بەستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی جەنابیان بن.

هەمیش بابەتێکیان گەورەکرد کە لەبەرژەوەندی ئایندە و ستراتیجی هەرێم نیە، چونکە هەرێمی کوردستان پەڕلەمان و یاساو ڕێسای حوکمڕانی خۆی هەیە، هیچ ناوێک و پاشگرێکی ئیسلامی یان ئاینی بەخۆوە نەلکاندووە، تاکو وابەستەو مولزەم بێت بەوتاری مامۆستایەکی ئاینی بەڕێز.

بۆیە بێدەنگی لەسەر ئەو مەسەلەیە لەقازانجی هەمواندایە، جگە لە بەڕێز مەلا مەزهەر.


PM:04:21:27/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 5380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی