موزایەدە بە خوێنی باوکی شەهیدمەوە مەکەن !!

‌ئامانج شەوکەت حاجی موشیر


بۆ ڕای گشتی و بەتایبەتی بۆ سەرۆک هۆز و تیرە و پیاو ماعقوڵانی ئێل بەگی جاف.

من وەک ئامانجی شەهید شەوکەتی حاجی موشیر دەمەوێت بەم پەیامە ڕاو سەرنجی تایبەتی خۆم لەسەر ئەم ڤیستیڤاڵەی ئێل بەگی جاف، بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەمەوە. چوونکە ناکرێت لەوە زیاتر بێدەنگبم بەرامبەر ناحەقیەک کە دەرحەق بە باوکی شەهیدم و خانەوادەکەم دەکرێت. دوای ١٦ ساڵ بێدەنگی ئەمڕۆ ئەڵیم ئیتر بەسە! موزایەدە بە خوێنی باوکی شەهیدمەوە مەکەن!

بەدەر لەو بنەما بەها کۆمەڵایەتی و عەشایەریانەی کە لە ئەساسدا ڤیستیڤاڵی جافی لەسەر بنیاتنرا لە ئێستادا ئەم ڤیستیڤاڵە کراوە بە ئامرازێک بۆ مەرامی شەخسی و سیاسی بەجۆرێک کەناوی عائیلەو بنەماڵەی ئێمە بەکار ئەهێنرێت بۆ کۆکردنەوە و بانگێشتکردنی خەڵک بۆ فیستیڤاڵەکە، لەکاتێکا خێزانی شەهید شەوکەت دواهەمین کەسە کە لە ئەنجامدانی ئەم بۆنەیە ئاگادارە.

ڕێکخەرانی ئەم فیستیڤاڵە بۆ رێزگرتن لەباوکم گوایە بەتەمان سبەی پەردە لە سەر وێنەیەکی لابدەن، بەڵام لە راستیدا ئەم ڕێزگرتنە تەنهابۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی شەخسی خۆیان و بەکارهێنانی ناوی باوکمە. ئەمانە کەسانێکن کە دەمێکە سیاسەتێکی ناپاک بەکاردێنن بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ولە هەمانکاتدا خۆ دەوڵەمەندکردنیان لەلایەن دەسەلاتەوە، ئەو سیاسەتەش تەنها بە "موزایدە بە خوێنی شەهیدەوە" وەسفدەکرێت.

من دەمەوێت بپرسم ئایا ئەو کەسانە کە خۆیان کردوەتە دڵسۆزی شەهید شەوکەتی حاجی موشیر، خێرە تەنها لە بۆنە سیاسیەکان و ساڵیاد و فیستیڤاڵەکاندا شەهید شەوکەتیان بیردەکەوێتەوە؟

ئەی ئەگەر ئەوەنە دڵسۆزن بۆ چی لەپاش ١٦ ساڵ دوای شەهیدبونی پێتان قورسە یەک جار بێنە سەردانی خانەوادەکەی شەهید شەوکەت؟

ئەی ئەم دلسۆزانە لە کوێبون کاتێک ڕێك بەدوای شەهیدبوونی باوکمدا خێزانەکەی کرایە کرێچی لە کوردستاندا و بە حیزبێکی زەبەلاحەوە، نەیانتوانی ماف و موستەحقاتی خانەوادەکەم بپارێزن؟

ئەی ئەم دڵسۆزە بەڕێزانە لە کوێ بون کە کەمتر لە ٨ مانگ لەمەوپێش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کورسی کوڕەکەی دزرا ( کە بە حەقی خۆی بە دەستی هێنا) لە لایەن ئەو حیزبە بێ باک و بێمنەتە کە بە خوێنی شەهید شەوکەت و هەزاراهان شەهیدی بەشەرەفی وەک ئەو دروستکرا؟

١٦ ساڵە بێدەنگیم هەڵبژاردوە لە بەر رێز و هەستی خانەوادەکەم و بەتایبەتی دایکی غەدرلێکراو کە هەمیشە سەبر و خۆڕاگری هەڵبژارودە، تەنانەت کە گەورەترین غەدری شەخسیم بەرامبەر کرا هەر بێدەنگیم هەڵبژارد.

بەڵام لەوە زیاتر قبوڵم نیە! چوونکە دیارە بێدەنگی ئێمە وای کردوە کەسانێک بێ شەرم و بێ باک کەی ویستیان ناوی باوکم بەکاردێنن بۆ خۆزل کردن و خۆ دەوڵەمەنکردن وەکو وابێت ناوی شەهید شەوکەت وەسیلە و ئامرازێکی باش بێت بۆ خۆ گەورەکردن.

لە کۆتادا دەربارەی ئەم فیستیڤاڵە دەڵێم، نە بۆ ئیل بەگی جاف دەکرێت، نە بۆ زیندوکرنەوەی هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی، نە بۆ رێزگرتن لە ناوی باوکم دەکرێت. تەنها بۆ مەسڵەحتی شەخسی و سیاسی هەندێک کەس دەکرێت. لەبەر ئەوە نە بەشداری تیا ئەکەم و هەر کەسێکیش بەشداری بکات لەم کارە درۆینە تەنها شەرعیەت دەدەن بە سیاسەتێکی چەواشەکار کە موزایدە بە خوێنی شەهیدەوە دەکات!




PM:11:03:25/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 7836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی