سەبارەت بە تەقەکەی نەوەی نوێ

‌ئازاد کەریم

دواجار ئەوەی کەس چاوەڕوانی نەدەکرد بەو زوییە ڕووبدات، شەمەندەفەرەکەی نەوەی نوێش تەقەیەکی تێکەوت، تەقەیەک لە کاتێکدا رویدا، کە شەمەندەفەرەکە لەوپەڕی گەشەکردکردنی خێرایی خۆیدا بوو کە پێمانخۆش بێت یان نا بەشێکی ھۆکاری ئەو گەشەکردنە خێرایە بۆ خودی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەکە دەگەڕایەوە.

بەڵام ئەوەی سەیرە تەقەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە شاسوار عەبدولواحید لە دەرەوەی کوردستان بوو، ھەریەک لە ڕابون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدین دووان لە ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد بەیاننامەیەکی پڕ لە ھێرشی توندیان بۆ سەر سەرۆکی جوڵانەوەکە دەرکرد، ئەمەش زیاتر وەک فرسەتێک ئەبینرا بۆ دروستکردنی تەقەیەک لە ناو جوڵانەوەکە، وەک لەوەی ئەنجامی نائومێدی بێت لە گفتوگۆیەکی زۆر.

ئەوەی سەیرە، ھەریەک لە ڕابون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدین بەیاننامەکەیان بە ناوی ھەموو ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و ھەموو ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڵاوکردەوە، لە کاتێکدا، ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ١٣ ئەندامە و فراکسیۆنی نەوەی نوێش لە پەرلەمانی عێراق چوار ئەندامن، بەڵام لە کۆی ئەم ١٧ ئەندامە تا ئێستا جگە لەم دوو کەسە، ھیچ ئەندامێکی تر نەک بەیاننامەکەی بڵاونەکردوەتەوە بەڵکو بچوکترین نوسین و لێدوانیشیان نەداوە، کە بە ئاراستەی ئەو بەیاننامەیە بێت.

ئەمەش بە ئاشکرا ئەوە پیشان ئەدات ئەو بەیاننامەیەی بە ناوی ١٧ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی بەغداد بڵاوکراوەتەوە، لە راستیدا تەنھا لە لایەن دوو کەسەوە نوسراوە و بە ناوی ١٧ کەسەوە بڵاوکراوەتەوە! باشترین بەڵگەش، ھەموو ئەو ١٥ بەرێزەی تر پەیچ و ئەکاونتی رەسمی خۆیان لە فەیسبوک ھەیە، ئەگەر ئەوان بەشداربونایە لە نوسینی بەیاننامەکە لەلاپەرەی رەسمی خۆیان بڵاویان دەکردەوە.

ئەمەش جگە لەوەی ئەوەندەی تر تێبینی ئەخاتە سەر بەیاننامەکە و ئەو نیازەی لە پشتیەوەیەتی، لەلایەکی تریش قۆناغێکی ناشیرینی تری سیاسەتکردنمان پیشانئەدات لەکاتێکدا دوو کەس کە خۆیان ڕەخنە لە تاکڕەوی و دیکتاتۆری ئەگرن، کەچی خۆیان ئامادەن بە ناوی ١٧ کەسەوە قسە بکەن و بەیاننامە دەربکەن.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە لە لایەن رابون مەعروف و سەرکەوت شەمسەدینەوە چی بوو؟

ئایا کێشە و لەیەک تێنەگەیشتنەکانی نەوەی نوێ، گەیشتبووە ئەو ئاستەی کە بە گفتوگۆ چارەسەر نەکرێت؟ لە کاتێکدا تەوقیتی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە لە کاتێکدایە کە شاسوار عەبدولواحید لە دەرەوەی وڵاتە!
ئایا ئەم ھێرشە توندە بۆ سەر جوڵانەوەکەی خۆت و سەرۆکی جوڵانەوەکە، جگە لە دڵخۆشکردنی دوژمنەکانی نەوەی نوێ و نائومێدکردن و نیگەرانکردنی دۆستانێکی زۆر چ ئەنجامێکی تری ھەبوو؟
ئایا ئەم بەرێزانە کە چەندین ساڵە شاسوار عەبدولواحید ئەناسن و لانی کەم ئەوە ئەزانن شاسوار چ شەونخونی و ماندووبونێکی زۆری قبوڵ کرد، تا ئەم بەڕێزانە بگەیەنێتە پەرلەمانی عێراق، ئەکرێت بەرھەمی چەندین ساڵی ناسین و ھاوڕێیەتی و لێکتێگەیشتن بە یەک رۆژ بە بادا بدەن؟

ئەو شاسوارەی ئێستا ئەوان توندترین ھێرشی ئەکەنە سەر، ھەر ھەمان ئەو شاسوارەیە کە ساڵێک لەمەوپێش ھیچ شتێک نەما لە پشتگیری دارایی و مەعنەویی ئەنجامی نەدات بۆ ئەوەی ئەم بەرێزانە سەرکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەی چۆن بوو ساڵێک لەمەوبەر کوڕی باش بوو، ئەمڕۆ بە شەو و رۆژێک بوو بە کوڕێکی خراپ؟!

ئەگەر قسەکە لەسەر ئەوەیە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ئێستاوە ھەوڵی بەھێزکردنی پێگەی ئابوری حیزبەکەی ئەدات بۆ ئەوەی چاو لەدەستی یەکێتی و پارتی نەبێت، ئەوە من لێرەوە ھەزارجار دەستخۆشی لە شاسوار عەبدولواحید ئەکەم.
ئەگەر قسەکەش لەسەر ئەوەیە، خودی شاسوار عەبدولواحید خۆی سەرپەرشتی بەھێزکردنی بناغەی ئابوری حیزبەکە ئەکات، ئەبوو ساڵێک لەمەوپێشیش ئەم بەڕێزانە کێشەیان ھەبوایە کاتێک شاسوار عەبدولواحید لە گیرفانی خۆی و وەکو ئەمان ئەڵێن کۆمپانیا و بنەماڵەکەی سەدان دەفتەر دۆلاری لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان خەرج کرد، بۆ ئەوەی ئەم بەڕێزانە بگەنە پەرلەمان و ببنە نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خەڵکی کودستان، بۆ ئەو کاتە کێشەیان نەبوو شاسوار عەبدولواحید لە گیرفانی خۆی ئەو ھەموو پارەیە سەرف بکات و پێیان نەئەوت قبوڵی ناکەین؟!
 
ئاخر ئەم دوو بەرێزە کە بۆ خۆیان لە بەغداد، مانگانە مەعاشی دەفتەر دۆلار وەرئەگرن، ئەگەر خەمخۆری جوڵانەوەکەن، ئەبێت بزانن، چەندین خۆبەخش ھەیە شەو و رۆژیان خستوەتە سەر یەک بۆ سەرخستنی ئەم جوڵانەوەیە، بە موچەیەک کە چارەکێکی موچەی یەکێک لە پاسەوانەکانی ئەم دوو بەرێزە نیە لە بەغداد.

ئەگەر ئەم بەرێزانە خەمی جوڵانەوەکەیانە، دەبێت ئەوە بزانن، حیزب لە کوردستان بە بێ بوونی بناغەیەکی ئابوری پتەو، ئەنجامی وەک ھەمان ئەو حیزبانەی تری لێدێت کە دەبێت دواجار ببنە پاشکۆیەکی ناشیرینی یەکێتی و پارتی و خەو بە سەلاموعەلەیکێکی پارتییەوە ببینن.

 


PM:01:21:22/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 3416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی