بۆ یەخەی سەرۆک کۆمار بگرین؟

‌د. میران محەمەد

ئەو روداوەی موسڵ کارەساتێکی ئینسانی گەورەیە، ئەوپەری بێ باکی و دوور لە هەموو عورفێکە بیکەینە بابەتی سیاسی، نابێت دڵتەنگی و بەپیرەوەچوونی ئەو خەڵکەکارەساتبارە بگۆرین بە راپۆرتێکی سیاسی بۆزیان گەیاندن بە پێگەی سەرۆک کۆمار، خەڵکی ئەوناوچەیە ماوەیەکی کەم بوو لە مەینەتیەکی گەورەی داعش نەجاتیان بووبوو، بەداخەوە ئەمەشی هاتە سەر، دەستخۆشی بۆ ئەوانەی لە نزیکەوە خەمخۆری دەنوێنن و بەسەریان دەکەنەوە و لەهەوڵی چارەسەری کێشەکان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان دەبن.

لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، روداوە دڵتەزێن و تراژیدیەکان هێندە زۆر و کتوپرن بە ئەستەم هاوڵاتیان دەتوانن بۆنەیەک و بیانویەک بۆ کەمێک شادی بدۆزنەوە، هەمووشمان بەم حزب و بەو حزب، بەم رێکخراو و بەو رێکخراومان، زستان و هاوین و بەهار هەمان بەڵێن و هەمان بانگەشە بە گوێیاندا دەدەین، بانگەشە و بەڵێنی ژیانێکی باشتریان پێدەدەین.

چی حزبێک هەیە لەم وڵاتەدا دەیان جار بەڵێنی خزمەتگوزاری باشتری نەدابێت؟ کێ هەبووە نەڵێت: ژیانی هاوڵاتی بە نرخترینە؟ کام سەرکردە هەبووە ئیدعای ئەوە نەکات کە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ میللەتەکەیدایە؟ بەڵام مەخابن رۆژ لە دوای رۆژ کارەساتی جۆراوجۆر رودەدات و ژیانی ئەو خەڵکەش هیچ ناگۆرێ، کاتێکیش سەرۆک کۆمار لە کارەساتی خنکانی شارێکدا دەچێتە نێویان و دڵنەوایی گەنجە دڵگەرم و خێرلەخۆنەدیوەکان دەداتەوە دیسان هەر ئەو حزبانە و میدیاکانیان پەلاماری سەرۆک دەدەن، دەیانەوێت هەموو دنیا ببینێت چۆن گەنجانی وڵات راستەوخۆ لەبەردەم سەرۆکدا هاواری گلەیی و نارەزایی دەردەبرن.

ئەمە چی غەرقبوونێکی حزب و میدیاکانیەتی کە نایانەوێت ببنە بەشێک لە سەبوری کارەساتباران و چاوی خەڵک لەسەر ریشەی کێشەکان لادەبەن و لەهەوڵی وەبەرهێنانی بەرژەوەندی تەسکی حزبیدان؟، ئەمە چی جۆرە بێ باکییەکە کاتێک خەڵک بۆ شکات لە کەسانی وەکو تۆ یەخەی سەرۆک کۆمار بگرێت، ئەتۆش هێندە پێی شادبیت و بیکەیتە سەردێری هەواڵەکانت؟.

سەرۆک کۆمار هەنگاوە راستەکەی بەبوێری نا بەئاڕاستەی جێبەجێکردنی ئەرکی دەستووری خۆی بۆ سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی موسڵ، کاتێک سەردانی کەسوکاری ئەو رووداوە دڵتەزێنەی کرد بە تەنها حەوت پاسەوانەوە بۆ ناوچەیەک کە هێشتا چیرۆکی خەمناکی مەترسیدارترین گروپی چەکداری لەوشارە کۆتایی نەهاتووە، لە نێوان چونە بەر ئاپۆرای هەواداران یاخود ئاپۆرای تورەیی و نارەزایی.

د. بەرهەم ساڵح رەنگە یەکەم کەس بێت کە دوای هەڵبژاردنەکانیش بێ دودڵی دووەمیان هەڵدەبژێرێت، هەنگاوێکی لەو چەشنە دیاردەیەکی نوێیە لە مێژووی عیراقدا.

ئێستا ئەو لەبەرەی چاکسازی و خەڵکە، بۆیە هەر لێدانێک لەسەرۆک کۆمار جگە لە دژایەتیکردنی چاکسازی هیچی تر ناگەیەنێت.


PM:10:12:22/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 2272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی