سەدای کاتیۆشا...!

‌بەهێز حوسێن

سوارەی حەمیدە

ئێستاش لە هەربۆنەیەکدا پرسیاری قەتڵوعامی ئەرمەنەکان دەکرێت بێ دوودڵی کارداشیان دەڵێت کورد بە فەرمانی عوسمانییەکان پیاوەکانیان کوشتووین و ژنەکانمانیان بردووە.

کردنەوەی کونسوڵگەریی ئەرمینیا لە هەرێم پێشهاتێکی گرنگە، بەڵام ئەوەندەی من بزانم تورکیا نیگەرانە ، چونکە باش دەزانێت ئەرمەن حکومەتی هەرێم رادەکێشێتەوە ناو دیرۆک و فشاردەکات تا هەرێمیش قەتڵوعامی ئەرمەنەکان (1913 - 1915)  بە جینۆساید بناسێنێت.

هەرێم ئەم هەڵوێستە بنوێنێت ئەوا تورکیا دەست لە گەردنی کورد لەباشوور توندتر دەکات.

یاسای میدیا

حکومەتی هەرێم دەیەوێت یاسایەک بۆ میدیا بباتە پەرلەمان، سەندیکای رۆژنامەنووسان پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن و ناویان لێناوە ( یاسای رێکخستنی کاری میدیا).

لە 2007 ەوە لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری کوردستان گومانمان لە نیازی دەرچواندنی  یاسای رۆژنامەگەریی هەبوو کە ئازادیی رۆژنامەنووسی پێ لەغاو بکەن، زۆر تێکۆشاین بەڵام بێ سوودبوو، من ئێستاش  گومانم لە هەریاسایەک هەیە کە بەناوی رێکخستنی کاری میدیا دەربچوێنرێت، چونکە دەسەڵات لە بنەڕەتدا باوەڕی بە کاری میدیایی ئازاد نییە، یاساکانیش هەرچەند زۆر و هەمەڕەنگبن لەگەڵ هەبوونی حوکمڕانی لەمجۆرەدا ئازادی بۆ میدیاکاران دەستەبەرناکەن.

سەدای کاتیۆشا

شەڕە مووشەکی ئەمریکا و ئێران گەرمتر بووە ، سەدای کاتیۆشا لە سەنعا و ریاز و بوکەمال و هەولێر و بەغدا سەمفۆنیای داهاتوویەکی رەش بۆ ناوچەکە دەگەیەننە گوێ.

تورکیا و ئێرانیش لەسەر شنگال و تەلعفەر و قەندیل رێکنین و دانەجیڕەیان لەیەکتر دەستپێکردۆتەوە.

ئەمریکا و ناتۆش هێزیان لە عێراق زۆرتر دەکەن، گەمژەییە هەولێر دڵی خۆش بێت بەوەی بۆتە سەردێڕی هەواڵەکان، چونکە ئەم فیلانە هەرچۆن بکەونە شەڕ سەوزەگیای بەهاری کوردستان پان و پلیش دەبێتەوە.
باشترە کورد ژیرانەتر مامەڵە بکات و لەسەر ریتمی کاتیۆشاکان رەشبەڵەک گەرم نەکات.


AM:08:19:03/03/2021

ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی