‌رەغد .. كچە درۆزنەكەی سەدام
PM:02:45:18/02/2021
بەهێز حوسێن


بە چەند بەشێك كەناڵی ئەلعەرەبییە دیدارێكی لەگەڵ رەغدی كچە گەورەی سەدامی دیكتاتۆر بڵاوكردەوە ، ئەم دیدارە مشتومڕی لە ناوەندە جیاكانی عێراقدا هێنایە ئاراوە و هەندێ: پێیان وایە كە رەغد لەو دیدارەیدا چەند پەیامێكی داوە كە ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی بەعس و خواستی گەڕانەوەی رەغد بۆ عێراق و ئەنجامدانی چالاكی سیاسی .
سەرەتا ئەمەوێـت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە رەغد لەو دیدارەیدا و لە چەندان گێڕانەوەیدا درۆی زەق و گەورەی دەكرد ، وەك پیشەی هەموو جارێكی هەوڵی‌ ئەوەی دەدا سۆزی كۆنە بەعسییەكان و ئەو سوننانە بۆخۆی رابكێشێت كە سوودمەندنی سەرەكی بوون لەسەردەمی دەسەڵاتی باوكیدا .
رەغد كە باسی لە پەیوەندی خێزانی سەدام دەكرد هەموو ئەو راستیانەی شاردەوە كە ئەو خێزانە بەهیچ جۆرێك تەبا و یەكگرتوونەبوون و هەمیشە شەڕ و لێدان و زیندانیكردن و تەنانەت لەناوبردنیشی تێدابووە .
درۆیەكی تری رەغد ئەوەبوو كە دەیوت حسێن كامیلی مێردی بۆیە كەوتە ململانێی سەدام چوونكە ( ئەستێرەی بەختی گەشابوەوە ) و ببوە كەسایەتی دووەمی دوای سەدام ، كە ئەمەش هەر دووربوو لە راستییەوە چونكە حسێنی مێردی جگە لەوەی ئامۆزای باوكی بوو ، مێردی كچی گەورەی سەدامیش بوو ، بەڵام سەرەتای ململانێكانی لەگەڵ عودەی دەستیپێكرد و دەمەقاڵێ و شەڕە تەقەش لە ناویاندا دروست ببوو ، دەربارەی هەڵهاتنیشیان بۆ ئوردن و ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لەلایەن حسێن كامل بەوەی دەیانەوێـت سەدام بڕوخێنن ، رەغد خۆی بێبەری كرد لەو لێدوانانە و دەیووت من نەمزانیوە حسێن كامیل بۆ ئەو مەبەستە عێراقی جێهێشتووە ، لە كاتێكیشدا هەر لەو دیمانەیەیدا ئەیوت حسێن بە راوێژ لەگەڵ من بڕیاری هەڵهاتنی لە عێراق داوە .
لە ساڵی 1995 كاتێك حسێن و سەدام كامیلی برای هەر هەردووكیان زاوای سەدامبوون و بە خاوخێزانەوە بەرەو ئوردن هەڵهاتن ، ویستیان ببنە جێگرەوەی سەدام و بە هاوكاری ئەمریكا و بەریتانیا سەدام بڕوخێنن ، بەڵام كاتێ: بینیان نە ئەمریكا و بەریتانیا و تەنانەت ئیسرائیلیش هیچ گرنگییان پێنادەن ئیتر بێ‌ هیوابوون و ئەو كاتیش شا حوسێنی پاشای ئوردن پێیانی وتبوو ئاژاوە مخەنە وڵاتەكەی منەوە و با سەدام لێرە نەتانكوژێت ، ئیتر بە باوەڕهێنان بە كۆمەڵێك بۆرە وەعدی سەدام و  بۆ ئەوەی لانی كەم مناڵەكانیان سەلامەت بن گەڕانەوە عێراق .
دەریارەی ئەوەی كە بە بڕیارێكی عەشیرەت حسێن كامل و براكەی كورژراون ، ئەمیش هەر درۆیەكی تری رەغد بوو ، یەكەمیان دەیویست بڵێـت باوكم بڕیاری كوشتنیانی نەداوە ، دووەمیان دەیویست بڵێت من هێشتا كچی عەشیرەتەكەمم و پشتیوانی ئەوانیشم هەیە .
ئەگینا كێ دەیتوانی توخنی زاواكانی سەدام بكەوێـت ئەگەر سەدام خۆی رەزامەند نەبوایە .
رەغد درۆی دەكرد دەربارەی خانەدانی عودەی و قووسەی ، خۆی بێئاگاكردبوو لە شەقاوەیەتی و بێڕەوشتی و تاوانەكانی براكانی كە بە ناوی لیژنەی ئۆلۆمپی و ئەمنی خاص چیان بە كچان و كوڕان و بەهرەمەندان و سەربازان و دەوڵەمەندەكانی عێراق دەكرد !.
رەغد دیمانەیەكی پڕ لە درۆی ئەنجامدا و لانی كەم لای ئەوانەی كە ئاشنای دەسەڵاتی سەدامبوون و لەو سەردەمانەدا ژیاون باش ئەزانن ئەم كچە درۆزنە نابێـت رێگای پێبدرێـت بێتەوە عێراق و لەسەر مۆدێلی سیاسەت و دەسەڵاتی باوكی سیاسەت بكات ، رەغد لەم بێدەسەڵاتی و پەناگیرییەی لە دەرەوەی عێراق ئاوا درۆ بكات ، ئیتر چۆن متمانەی پێدەكرێت بگەڕێتەوە عێراق و بە راستی و دروستی سیاسه ت بكات !؟.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.