خۆگونجاندنی كورد

‌بەهێز حوسێن


دەوڵەتی كوردستان لە تەمەنی بایدندا 

 سەركەوتنی بایدن هیچ گۆڕانكارییەكی ستراتیژیی لەم ناوچەیەی ئێمە ناهێنێتە ئاراوە ، لانی كەم كورد بە قەوارەی سەربەخۆی خۆی ناگات .

بایدنیش لە خزمەتی ستراتیژیی نیشتمانیی ئەمریكا و گەلی جولەكە دەبێت ، ئەوەتا هەر لە یەكەم ڕۆژی سەرۆكایەتیدا 17 بڕیاری ترامپی سەرۆكی پێش خۆی هەڵوەشاندەوە ، بەڵام وتی ئەو رێكەوتنەی بە هاندانی  ئیدارەی پێشوو لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبدا هاتۆتەدی دەیچەسپێنین و پەرەشی پێدەدەین !.

كورد دڵخۆشە بە هاتنی سەردەمی بایدن ، دڵخۆشییەكەشی لەسەر ئەوە بونیاتناوە كە بایدن كاتی خۆی پڕۆژەی سێ هەرێمبوونی بۆ عێ{اق داناوە و بەرامبەر توركیاش توندە ، هەردوو هۆكارەكەش بایی ئەوەنین كورد دڵخۆش بێت ، چونكە باشووری كوردستان بۆ خۆی هەرێمێكی دەستوورییە لە چوارچێوەی دەوڵ‌تی عێراقدا و پڕۆژەكەی بایدنیش هەر ئەمەی بۆ كوردستان لەخۆ گرتبوو ,
سەبارەت بە توركیاش بایدن لەبەر خاتری چاوی كورد بەرژەوەندییە زەوەندەكانی واشنتۆن و ئەنقەرە ناخاتە مەترسییەوە .
ئەوەی من دڵخۆش دەكات ئەوەیە كە ئیدارەی بایدن كورد لە هێرشی سەربازیی گەورە دەپارێزێت و هەر بۆ خۆیشی چاودێری گفتوگۆی كورد و كورد دەكات .

لامەركەزی و قەوارەی هەرێم 
بەداخەوەم كە  سەركردە و رابەرێك نییە بە تێكڕا خەڵكی كوردستان لە دەوری كۆببێتەوە و بە مەرجەعی خۆی بزانێـت، هەر ئەمەش یەكێكە لە هۆكاری سەرەكی پەرتەوازەیی ماڵی كورد .

باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی كوردستان كە بووە بە تاقم تاقمێنە ئەوەیە كە هەرێم بە لامەركەزیی بەڕێوەببرێت ، چونكە ناوچەكان رەنگی یەكێتی و پارتییان گرتووە ، لە بری ئەوەی لەو ناوچانەدا ململانێ‌ بكەن باشترە خزمەت بكەن و مونافەسەی باشتر بەرێوەبردن بكەن ، هەر ئەمەش تاكە زامنی هێشتنەوە ئەم قەوارەیە بەمجۆرەی ئێستای .

كورد و عێراق تا 2022
هەمووان پێشبینی دەكەن 2022 هەڵبژاردنی گشتی لە عێراقدا بەڕێوەبچێت ، واتە دۆخی ئێستا لانی كەم ساڵێكی تریش درێژە دەكێشێت و هەروەك ئێستا شیعەكان حوكم دەكەن !.

باشترە كورد بۆ ئەم ساڵە كە ساڵێكی راگوزەری پڕ لە ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی دەبێـت لەگەڵ لایەنەكانی شیعە بەتایبەتی و تەواوی لایەنەكانی تری عێراق بەگشتی پەیوەندییەكانی باش بكاتەوە و ساڵێكی ئارام و بێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەربكات .


AM:10:40:25/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی