لامەرکەزییەتەکە هەر قسەیە؟

‌بەهێز حوسێن

پڕۆژەی ناناوەندێتی کارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان کە یەکێتی پێی لەسەر دادەگرێت پڕۆژەیەکە زیاتر لە 28 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی یەکەمەوە پەسەندی کردووە، بەڵام رووداوەکانی ئەوساڵانە لەبار نەبوون و بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پڕۆژەکە رووناکایی نەدی.

ئەوە دوو ساڵە یەکێتی هێناویەتەوە ناو ناوانەوە و چەندجارێکیش داوییەتی بە پارتی و دواهەمینجاریش لەم هەفتەیەدا بەو وەفدەی پارتی داوەتەوە کە بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی سلێمانیان کردبوو.

تا ئەمڕۆ پارتی دەڵێت دیراسەی دەکەین و مەسرور بارزانیش لە حکومەت لیژنەیەکی دیراسەکردنی بۆ پێکهێناوە کە وەزیری ئەوقاف سەرۆکایەتی دەکات!، پرسیار ئەوەیە کە یەکێتی چەند ساڵی تر چاوەڕێدەکات تا دیراسەی ئەم پڕۆژەیەی بکرێت؟

ئەگەر حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکەی پڕۆژەکەی یەکێتیان بەهەند وەربگرتایە و بیانویستایە بێنە ژێرباریی ئەوا سەرۆکی حکومەت خۆی یان وەزیری ناوخۆ سەرۆکایەتی لیژنەی بەدواداچوونیان دەکرد، نەک وەزیری ئەوقاف!.

یەکێتی نابێت خۆی گیرۆدەی لیژنە و لیژنەکاریی لاوەکی بکات، بەڵکو دەبێت فشار بکات تا لە پڕۆژەی بوجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 جێگەی لامەرکەزییەتەکە بکاتەوە و کۆتایبهێنێت بەو قسەیەی بۆتە باو کە دەڵێت پڕۆژە و پێشنیارەکانی یەکێتی هەر بۆ قسەن و ناکرێن بە کردار.


PM:02:18:18/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی