‌هەولێر و بەغدا رێكنەكەون یەكێتی چی دەكات!؟
PM:11:07:22/12/2020
بەهێز حوسێن

گفتوگۆكان لە بەغدا لە نێوان وەفدی هەرێم و حكومەتی عێراق درێژەی هەیە، بەڵام كات كراوە نییە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن بەتایبەتی كە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2021 لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە.

ئەو وەفدەی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی كە لە بەغدایە تا مانگێكی تریش نامێنێتەوە بۆ گفتوگۆكردن ، هەفتەی پێشوو لەسەر رەشنووسێك رێكەوتن ، بەڵام تەلەفۆنێك هەمووی تێكدا، ئەمجارە كاك قوباد و یەكێتیش ئامادەنین چارەنووسی بژێوی خەڵكی كوردستان و دوو هەفتەی مفاوەزات ببەستنەوە بە زەنگی تەلەفۆنێكی هەولێرەوە، كە كاك قوباد دەڵێت لەگەڵ بەغدا رێكنەكەوین دەستلەكار دەكێشمەوە، واتای وایە ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمیش هەڵدەوەشێتەوە.

ئەوكات سیناریۆكان دێنە پێش هەر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە كوردستان كە من بە ئەگەرێكی دووری دەزانم ، یان مامەڵەی سلێمانی و هەولێر بە جیا لەگەڵ بەغدا.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە تا سەری ساڵ لەسەر پارتی دەوەستن ،كاك قوبادیش دەڵێت رێكنەكەوین دەستلەكاردەكێشمەوە، ئاماژەیەكی روونن بۆ ئەوەی چیتر كورستان و گوزەرانی خەڵك ناكەنە قوربانی هەوەس و بەرژەوەندی هیچ كەس و لایەنێك.

ئومێدەوارم بەغدا و هەرێم بگەنە رێكەوتن و بژاردە قورسەكان نەیەنە رێگای یەكێتی، كە هاتە سەر بڕیاریش یەكێتی بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هەڵبژێرێت.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.