دوا بژاردەی ئەمریکا لە عێراق

‌بەهێز حوسێن

هەمێشە ئەمریکا بژاردەکانی لەبەردەمدا کراوەن ، بەڵام داماوییە وا بیر بکەیتەوە کە ئەمریکا وەک تۆ و بەخواستی تۆ دەجوڵێت و بڕیاڕ دەدات .

ئەمریکا ئەجێندای خۆی هەیە و بەرژەوەندییەکانی پێش هەر کەس و بەرژەوەندی ئەوانی ترە ، نابێت پارتییەکان چاوەڕێبن بەرامبەر سووتاندنی لقی 5 لە بەغدا ، ترامپ حەشدی شەعبی مووشەکباران بکات ، هەروەک یەکێتیش نابێ چاوەڕێبێت ئەمریکا کلیلی دیوانی پارێزگای کەرکوکی لەسەر سینییەکی زێڕین بۆ بهێنێتە دەباشان .

ئەمریکای ئێستای پێش هەڵبژاردن لە عێراق چاوەڕێی سوپرایزی  لێناکرێت لە کاتێکدا دەنگدەرانی ئەمریکا دوو هەفتەی تر لەسەر بنەمای پرسە ناوخۆییەکانی وڵات سەرۆکی چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکەن .

ئەمریکا چاوی لە خێروبێری عێراق و جیۆپۆلۆتیکە گرنگەکەیەتی ، بەڵام زۆری بۆبێت چۆڵی دەکات و لە نموونەی ئێران لە ڕێگەی باڵوێزخانەیەکی وەکو سویسرا بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی لە عێراق دەپارێزێت .

بۆێە پێشبینی ناکەم ئەمریکا تا ساڵی داهاتوو لە عێراق هیچ دەسپێشخەرییەک بکات یان بڕیارێک بدات گۆڕانکاریی لە ئێستای ئەم وڵاتەدا بهێنێتە ئاراوە ، بۆیە کوردیش دەبێت ژیربێت و تا ئەو وادەیە ئیدارەی وەزعەکە بدات و کەسبی کات بکات .


PM:10:22:18/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی