كام حیزبی كوردستان و كازمیی هاوپەیمان دەبن ؟

‌بەهێز حوسێن

بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كام حیزبی كوردستان و كازمیی هاوپەیمان دەبن ؟



6-6ی داهاتوو رۆژێكی دیرۆكی دەبێت لەمێژووی سیایی عێراق و پێشبینی داڕشتنەوەی نوێی نەخشەی سیاسی  و گۆڕینی باڵانسی هێزیی لێدەكرێت .

لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا گۆڕأنە خێرا و دراماتیكیەكان لە عێراق ئاماژەن بۆ هاتنی گۆڕانكارییەكی گەورەتر كە بریتی دەبێت لە هێنانە كایەی سیستمێك یان مۆدێلێكی حوكمڕأنی و سیاسی نوێ‌ لەعێراقدا .

كورد بەمحاڵەی ئێستایەوە كە لە دۆخێكی زۆر خراپدایە لە لایەنی سیاسی و ئابووری و یەكڕیزی نەتەوەیی و یەكگوتاریی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناڕەزاییەتییەكانی شەقام و نەبوونی شەفافییەت و گەندەڵیی ، بۆ ئەو رۆژە چارەنووسسازە ئامادە نییە و پێشبینی  ناكرێت نوێنەرایەتی كوررد لە پەرلەمانی عێراقدا وەك خۆی بمێنێتەوە .

بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك دەكرێتەوە كە وەك لە ئێستاوە ژاماژە بە چەند بڕگەیەكی هەمواركردنەوەكە دەكرێـت لە بەرژەوەندی كوردا نابێت ، هەروەها لە ناوچە دابڕێنراوەكانیش بەهۆی گۆڕانكاریی دیموگرافی هەڕەشە لەسەر دەنگەكانی كورد هەیە  ، چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت كە مستەفا كازمیش لە ژێر ناوی هاوپەیمانێتی  نیشتیمانیدا و بە بەشداری هەندێك كەسایەتی و حیزبی كوردستان ئەویش بەشێك لە دەنگی كورد بۆخۆی بەرێت .

لە ئێستادا زۆربەی لایەنەكانی كورد دەنگیان لەگەڵ دەنگی ئەو لایەنانەی تری عێراق یەكخستووە كە بە پاساوی نەبوونی زەمینەی گونجاو چاوەڕێی دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەن ، بەڵام سووربوونی كازمی و ئەمریكا و چەند لایەنێكی تری عێراق بەتایبەتی سوننەكان  پێشبینی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتووی عێراق ناكرێت .
لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە بانگەشەی ئەوەدەكەن دەبێـت نوێنەرایەتی و پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر بكەن ، لە دوای ریفراندۆمەوە بەغدا وەك حوكمڕان و عێراقیش وەك شەقام بە چاوی پێشتر تەماشای كوردستان ناكەن ، بۆیە رۆژبەڕۆژ فشاری زیاتر دەخەنە سەر هەرێم .

حیزبەكانی كوردستان شەقامی كوردستانیان لە خۆیان تۆراندووە و پێشبینی ئەوەش ناكرێـت بەم قەیرانانەی هەیە بتوانن تا 10 مانگی تر دەنگدەرانیان لە كوردستان ئاشت بكەنەوە ، خۆشیان ئەم مەترسییە دەزانن ، بۆیە پێشبینی دەكەن بچنە هاوپەیمانێتی نوێوە .

هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە چەند حێزبێكی كوردستان لە موشوورەتی ئەوەدان لە هاوپەیمانێتییەكی  نیشتیمانی سەرانسەریدا جێگەی خۆیان بكەنەوە ، بە تایبەتی ئەو هاوپەیمانێتییەی پێشبینی دەكرێت لەلایەن مستەفا كازمییەوە سەرۆكایەتی بكرێت .

بە ڕای من ئەم هەنگاوە لە لایەن هەر حیزبێكی كوردستانەوە بنرێـ عەقڵمەندانەیە و دەنگێكی زۆری ناڕأزی و خۆڵەمێشی كوردستانیش مسۆگەر دەكات .


PM:03:35:09/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی