د. فوئاد حسێن و هەلێك بۆ ئاشتەوایی

‌بەهێز حوسێن

لە پرۆسەی متمانەدان بە ئەو 7 وەزیرەی لە كابینەكەی مستەفا كازمیدا مابوونەوە، پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان بە د. فوئاد حوسێنی تاكە كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا و پەرلەمانتارانی پارتیش دەنگیان بۆ حاكم سالار كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی وەزارەتی داد دا.

ئەم  پێشهاتە دەستپێكێكی باشە بۆ كاری هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە بەغدا بەتایبەتی كەپاش پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و رووداوەكانی تری دوای ئەوە هاتن، ئەمە یەكەمجارە یەكێتی و پارتی لە بەغدا لە پرۆسەیەكی سیاسیدا بە رێكەوتن بگەن.

ئەگەرچی پارتی بەتۆمەنی بەشداریكردن لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تاسەر ئێسك دژایەتیی خالید شوانی كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد لە بەغدا و رەتكردنەوەی رەوەند مەلا بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وزاری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ، بەڵام پێموایە كە یەكێتی ژیرانەی كرد كە دووبارە دەستپێشخەریی ئەوەی كرد نیازپاكی بەرامبەر بە پارتی پیشانبدات و دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وزاریی لە بەغدا بدات.

پارتی كە لە مێژووی سیاسیدا قەرزداری دەستپێشخەرییەكانی یەكێتییە بۆ كاری هاوبەش و تەبایی و ئاشتی، ئیتر لەسەریەتی دەستپێشخەریی ئەمجارەی یەكێتیش بۆ كاری هاوبەش بە تەنازول و ناچاربوون نەزانێـت و بیكاتە هەلێك بۆ وەڵامدانەوەی ئەم نیازپاكی و دەستپێشخەرییەی یەكێتی.

ئێستا كورد چ لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و چ لەسەر ئاستی عێراق بە دۆخێكی نەخوازراودا دەگوزەرێت و پێویست بەوە دەكات لەژێر چەتری بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانیی كوردستانیدا لایەنەكان بە جیاوازییەكانیانەوە كۆببنەوە و كاری هاوبەش بكەن، پارتیش لەوە تێگەیشتووە كە بەو رێگایانەی گرتوویەتییە بەر لە هێنانە كایەی زۆرینەی پەرلەمانی و خۆ بە براگەورەزان و توندوتیژی ناتوانێت حوكمی كوردستان بكات و خۆی و كوردستانیش لەو مەترسییانە بپارێزێـ كە هەن، یەكێتیش پاش گرتنەبەری هەندێك فشار بەڵام ئەمجارەش بۆ ئاشتەوایی و كاری هاوبەش دەستپێشخەریی كردووە و رەنگە بنەكە و جەماوەرەكەشی جارێكی تر لێی قەبووڵ نەكەنەوە دەستپێشخەرییە بێ وەڵامەكانی بگاتە ئاستی سازش و خۆ بەكمزان.


PM:12:23:07/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی