خۆپیشاندان لەماڵەوە

‌بەهێز حوسێن

خەڵكیی بەرامبەر بێزاری‌ و بێدادی‌ و بێ‌ مووچەیی‌ و دەروون ماندووببونی‌ دەیەوێت بێتە سەرشەقامەكان و بەردەم ئۆفیسی لێپرسراوانی ئیداریی و حكومەت ، كەچی پێیان دەڵێن گردبوونەوە قەدەغەیە و لەماڵەكانی خۆتاندا خۆپیشاندان بكەن !.

خەڵك كە ماندووی 29 ساڵی دەستی دزی و گەندەڵی و بێباكی بەرپرسە گەورەكانە دەیانەوێت بیانوویەك بدۆزنەوە و دژ بەو دۆخە ڤەقبەستووە بێنە دەنگ ، كەچی پێیان دەوترێت مۆڵەت لە بەرپرسانی گەورە وەربگرن بۆ خۆپیشاندان !.

راستە كەرەنتینە هەموو لایەكی ماندوو كردووە و لەڕووی دەرونییەوە هەموو بێزاربوون ، بەڵام رق و توڕەیی خەڵك بەرامبەر بە رێكارەكانی خۆپارێزی و دانانی بەربەستی كۆنكرێتی سەر شەقامەكان نییە ، بەڵكو رقە بەرامبەر شكستی حكومڕانییەك كە ئەوە شەش ساڵە لەسەر یەك نەیتوانیوە هێوایەك و ئومێدێك بداتە گەلەكەی ، رقە بەرامبەر بە سیاسەتی هەڵەی ئەم بەرپرسەگەورانەی هەرێك كە شكست لەدوای شكست ، قەیران لەدوای قەیران ، بەدبەختی لەدوای بەدبەختی دیاری دەستیانە بۆ خەڵكی كوردستان.

ئەو بەرپرە گەورانەی تۆقیون لە غەزەبی جەماوەر ئەیانەوێت خەڵك بەگوڵ پێشوازییان لێبكات و هەرچیان كرد چەپڵەیان بۆ لێبدرێت ، ئەو بەرپرسە گەورانە بەتاوانی دەزانن خەڵ: پێیان بڵێت بەسە شكستی حوكمڕانێتیتان ، بەسە دزی و خۆدەولًەەمەندكردنتان ، بەسە درۆ و بەسە یاریكردنتان بژێوی و چارەنووسی گەلێكی پێنج شەش ملیۆنی.

ئەو بەرپرسە گەورانە بەلایانەوە سەیرە خەڵك بێمووچەبێت و داوای مووچەكەی بكات ، هەژاربێت و داوای نان بكات ، بێكاربێت و داوای دامەزراندن و كا ربكات ، نووسەر و رۆژنامەنووس بێت و داوای ئازادی بكات ..هتد ، وا دەزانن خەڵك شەیدا و عاشقی حوكمڕانیانن !؟ وادەزانن ئیتر خەڵك كە برسیبوو دابین دەبێت !؟ وادەزانن دزی و بەاڵان بردن بێ‌ لێپرسینەوە دەبێت !؟ وادەزانن لەشكركێشی بێگانە و لەدەستدانی خاك و تیرۆركردن و دەستگیركردن بێ كاردانەوەی جەماوەر دەبێـت !؟ بەتاڵان نەوت فرۆشی و قەرزاركردنی خەڵكی كوردستان بە بێدەنگی تێدەپەڕێت !؟ ئەمە ئەو خەونەی بەرپرسانە كە خەڵك دەیەوێت بیزڕێنێت و خۆی ببێتەوە بە خاوەنی شتەكان.

هەتا زووە بەرپرسەگەورەكان دەبێت بكەونە خۆ و بەهانای خەڵكەوە بێن و دەرفەتی خزمەتكردنی خەڵك لەدەست نەدەن ، خەڵك متمانەی بەم حوكمڕانانەی ئەمڕۆ نەماوە ، ئەگەر بە پەلە فریای خۆیان نەكەون ئەوا خۆپیشاندا لەحەوشەی ماڵەكان قەتیس نابێت و شەقامەكان شەڵاڵی غەزەب و تووڕەیی دەكات.


PM:01:38:02/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی