لە بارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ‌

‌بەهێز حوسێن

قۆناخێكی نوێی ململانێی سیاسی لە كوردستان هاتۆتە ئاراوە و سەركردایەتی نوێی یەكێتیش دەیەوێت ململانێكانی عەقڵانی تر و واقیعیانەتر برەو پێبدات، خواستی ئەوەشی هەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراقیش بگەیەنێتە ئەوپەڕی دۆستایەتی.

یەكێتی و نەوەی نوێ‌ لە رابردوودا پەیوەندییەكی تەندروستیان نەبووە و یەكێتی ویستوویەتی نەوەی نوێ‌ كەناربخات و یەكێك بێـ لە فەرامۆشكراوەكانی و بە رێگای جیاواز و هەندێ: جاریش بۆ موجامەلەی پارتی هەوڵی سەركوتكردنی داون و ویستوویەتی بێدەنگیان بكات، نەوەی نوێش لەرێگەی میدیا و پەیوەندییەكانی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش دژی یەكێتی بووە و ویستوویەتی ئەم هێزە لە رووی ناو و ناوبانگەوە بشكێنێت و خەڵكی كوردستانی بكات بەگژدا، بەڵام دیسانەوە وەك ئەوانەی لەمێژوودا روویانداوە هیچ لایەكیان لاواز نەبوون و یەكتریشیان پێنەسڕاوەتەوە، رێگا دروستەكە ئەوەیە كە مامەڵەی واقیعیی لەگەڵ یەكدا بكەن و لێكگەیشتن و هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیاندا بێتە ئاراوە.

بۆیەكێتی گرنگە پەیوەندی باش و ئاسایی لەگەڵ هێزێكی وەك نەوەی نوێ‌ بهێنێتە ئاراوە ، چونكە نەوەی نوێ‌ هێزێكی واقیعی كوردستانە و خاوەنی 8 كورسی پەرلەمانی كوردستان و 4 كورسی پەرلەمانی عێراقە ، واتا نوێنەرایەتی بەشێكی خەڵكی كوردستان دەكات ، ناكرێـ ئەم هێزە لەبەرچاو نەگیرێت و وابزانرێـت هیچ نییە ، لەكاتێكدا یەكێتی هەواڵێ‌ ئەوپەڕێ‌ پەیوەندی باش دەدات لەگەڵ چەند حیزبێكی تر كە لەڕووی سەنگی پەرلەمانییەوە ئەوەندەی نەوەی نوێ‌ نابن یان هەر سەنگی پەرلەمانییان نییە .

لەرووی پێگەی جەماوەری و ناوچەیشەوە نەوەی نوێ‌ دەنگی زیاتری لەو ناوچەیەدا هێناوە كە یەكێتی بە زۆنی خۆی دەزانیچت ، كەواتە باشترە بۆ یەكێتی لە پێناو ئۆقرەیی و ئارامی زۆنەكە و دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی لە بەرژەوەندی زۆنەكە پەیوەندی تەندروست و باش لەگەڵ نەوەی نوێ‌ بهێنێتە ئاراوە .

پێویستە نەوەی نوێش ئەو راستییە تێبگات كە دژایەتی كردنی یەكێتی ئاكامێكی نییە و باشترە بۆی هێزێكی وەك یەكێتی بەم سەركردایەتییە نوێیەیەوە بكاتە دۆست و هاوپەیمان و لە بۆچوون و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیاندا هەماهەنگییان هەبێـ و پەیوەندییەكانی پەرەپێبدات تا ئاستی هاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ یەكێتی .

ناكرێـ نەوەی نوێ‌ خۆی گۆشەگیر بكات لەو بزاوتە سیاسی و ئیدارییەی لەكوردستان هەیە و پێی وابێـت بە خۆ خزاندنە گۆشەیەكی تەسكی كاركردن و خۆ بەدوور گرتن لە هاوپەیمانێتی سیاسی هەم سەركەوتوو دەبێت و هەمیش پارێزراو دەبێت .

لسەردانەكەی وەفدی یەكێـی بۆلای نەوەی نوێ‌ دەستپێشخەرییەكی باشی یەكێتیە بە ئاراستەی هێوركردنەوەی گرژییەكان و دەستپێكردنی قۆناخێكی نوێی پەیوەندی سیاسی، نەوەی نوێش باشیكرد كە كۆبوونەوەكەی قبولكرد، داواكردنی پۆزش هێنانەوەی یەكێتی بۆ نەوەی نوێ‌ نابێت لە قەبارەی خۆی گەورە بكرێت و پێویستە دروست وەڵام بدرێتەوە، یەكێتی بەرامبەر بە دەیان رووداو و هەڵوێست و كردار و پێشهات داوای لێبوردنی كردووە و ئەمەش یەكێك بووە لە خەسڵەتە جوانەكانی یەكێتی، خۆ ئەگەر بەرامبەر بە نەوەی نوێ‌ و لە پێناو هێنانە ئارای پەیوەندی باشی سیاسی و نزیكبوونەوە لەیەكتر پۆزش بهێنێتەوە كەعبە كەچ نابێت، لە كاتێكدا یەكێتی لە چەندان رێگاوە پۆزشی بۆ نەوەی نوێ‌ هێناوەتەوەە و تەنانەت بژاردنی پارەشی بۆ كردووه.

بەهیوام نەوەی نوێ‌ و یەكێتی پەیوەندییەكی ئاساییان هەبێـت و لە خزمەتی  خەڵك و دۆزی ڕەوای كوردستان  كاری هاوبەش بكەن و هەماهەنگی زیاتریان هەبێـت.


PM:05:38:13/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی