سەرنجێک لەسەر ڕونکردنەوەکەی کاک مەلا بەختیار
بەهێز حوسێن
پاش ئەوەی 7ی ئەم مانگە پارتی و (پێکهاتەکان) پارێزبەندی سەر سۆران عومەریان هەڵگرت ، کاک مەلا بەختیار نامەیەکی گلەیی ئامێزی لە کاک مەسرور بارزانی و پارتی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی گوتبوو کە دەبوو کاک مەسرور گوێی بەو نامەیە بدایە کە تێیدا داوای لێکردبوو پارێزبەندییەکە هەڵنەگرن ، کاک بەختیار نووسیوێتی ئەبوو کاک مەسرور گوێی بەو نامەیە بدایە کە یەکەمجارە ئەو نامە و داوا لە سەرۆکی حکومەت بکات لە مێژووی خۆیدا .
هەروەها لەو ڕونکردنەوەیەدا کاک بەختیار نموونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە( كاتی خۆی، كاتێك ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، پێش دەركردنی سەرۆكو فراكسیۆنی گۆڕان، بەیاننامەیەكیان دەركرد، لە كۆبونەوەی رەسمیدا بە شادڕەوان نەوشیروان مستەفام گوت: كێشەی نێوان خۆتانو پارتی چارەسەر بكەن، ئەگینا پارتی بڕیاری توند دژتان دەدات. كاكە عومەری سەید عەلی پرسی: ئەگەر پارتی ئێمە دەربكات، ئێوە چی دەكەن؟ وەڵامم دایەوە: ئێمە دژی دەركردنتان دەبین. بەڵام دۆخی پەرلەمانو حكومەتی هەرێمیش تێکنادەین.).
سەرنجی من ئەم خاڵانەیە :
١- کاک بەختیار 40 ساڵ زیاترە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکات ، بە چ کلۆجێک نامەیان بۆ دەنێرێت کە بۆ تەنهاجارێکیش ئەوان نە گوێیان لەو و نەلەکەسی ترگرتووە و ئەو ویستوویانە کردویانە !؟.
٢- داوا کردن لە سەرۆکی حکومەت کە لەو دۆسییە خۆش بێت ، واتای ئەوەیە حەقی بەلاوەیە و دەبێت کەرەم بکات و لێخۆش بێت ،بەبێ ئەوەی بۆ تەنها جارێکیش داوا لە پارتی کرابێت بەرامبەر هەموو ئەوانەی کردوویانە و ناحەقی بوون داوایان لێکرابێت داوای لێبوردن بکەن و پۆزش بهێننەوە ، کە تا ئێستاش نەیانهێناوەتەوە.
٣- کاک بەختیار کە باس لەوە دەکات چۆتە لای کاک نەوشیروان و عومەری سەید عەلی و پێی وتوون ئەگەر پارتی سەرۆکی پەرلەمان دەربکات خۆ ئێمە حکومەت و هەرێم هەڵناوەشێنینەوە ، ئەوە ئەو هەڵەیە کە بەردەوامبوون لەسەری ئەوەندەی تر پارتی دەکات بە کەڵەگا .
ئاخر لەسایەی کیان وحکومەت و پەرلەمانێک پارتی چی بوێت و چۆنی بوێت بیکات و ئێوەش قەبووڵی بکەن و تێکی نەدەن ، ئەوا ئەو کیان و هەرێمە هەر نەبێت باشترە ، هەموو دەست بەوەوە بگرین هەرێم و حکومەت و پەرلەمانەکەی بمێنێت و پارتی بێ حیسابکردن بۆ کەس حاکم بێت ، ئەوا کفری کوردانە و دیموکراسیانەیە... ئاخر ئەمە بۆ لە پێناوی پارتی !؟
٤- پێمخۆشە سەرکردایەتی یەکێتی گۆڕاوە و وەک سەرکردایەتی سەرەتای یەکێتی کە هەموویان وەک ئەو سەردەمەی کاک بەختیار گەنج و بە حەماس بوون ، نایانەوێت تەسلیمی پارتی بن و دەیانەوێت جیاوازتر سیاسەت و ململانێ بکەن ، سەردەمی تەواو غروربوونی پارتی، گووتار و هەڵوێستی دەوێت ، نەک ئەوەی ساڵانێکە لە سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی بینیوێتی .
هەمووی لە پێناو نەبوونی شەڕ و دوو ئیدارەیی و تێکنەچوونی کیانی هەرێم قەبووڵ کراوە و هەر پارتی سەروەر و سەردەست و نوێنەر بووە ، کە خۆی بەتەنگەوە نەیەت خێرە خەڵکی تر خەمیان بێت ؟
خۆ ئەگەر تێکچێت یەکەم کەس لەخۆیان تێکدەچێت ، ۆیە نابێت چۆک شل بکرێت و سیاسەتی ڕابردووش بەرامبەر پارتی تورێکی قوڕاوی ناهێنێت .
٭ ئەزانم کاک بەختیار چەندێک لەو مێژووە دەترسێت کە گەنجێتی لەپێناو داناوە و قوربانی بۆ داوە ، بەڵام دەبێت دانبنێن بەوەدا کە لەسەردەمی سەرکردایەتی ئەوان کوردستان بەم دۆخە گەشتووە و باشترە دەرفەت بدەن سەرکردایەتی نوێ کوردستان لەهەیمەنە و هەژموونی پارتی ڕزگار بکەن .
AM:11:00:09/05/2020
ئهم بابهته 5924
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی