عێراق 17 ساڵە بێ سەدامە
بەهێز حوسێن
سەدام خۆی خەڵكی عێراقی وا فێركردبوو كە هەر فەرهوودچی بن ، ئەو لە ئەنفالەكان و خاپووركردنی گوندەكانی كوردستان و هۆڕەكانی خوارووی عێراق و داگیركردنی كوەیت بە سیستماتیك فەرهوودی كردە كەلتوور و ئەوەی لەناو مێشكی خەڵدا چەسپاندبوو كە لەپاڵ ئەودا هەموو شت رێگەپێدراوە تەنها دەرچوون لە بڕیارەكانی خۆی نەبێت ، كاتێكیش 9-4-2003 سوپای ئەمریكا و هەندێك نەعل بەدەست خەریكی روخاندنی یەكێك لە پەیكەرە برۆنزەكانی بوون لە ناوەڕاستی بەغدا ، زۆرینەی خەڵكی عێراق هەر سەرگەرمی فەرهوودبوون و بەرگرییان لێنەكرد.
ئێستا و 17 ساڵ لەدوای سەدام سیستمی حوكمڕانێتی لە عێراق ناتوانێت هیچ بچەسپێنێك لە زیهن و عەقڵی عێراقییەكاندا ، چونكە خۆی بەتاڵە لە هەموو جۆرە فەلسەفەیەك و بەرنامەیەك بۆ حوكمڕانی و ئیدارەدانی ئەم وڵاتە ، لە عێراق ئەو سیاسیانەی ماخۆلان گرتوونی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، لە كێبەركێدان بۆ بوون بە پیاوی ئەم وڵات و ئەو وڵات و بەمجۆرەش خۆیان دەگەیەننە دەوڵەمەندی، لەپاش سەدام عێراقییەكان بەهیچ جۆرێك لە ناوخۆیاندا رێكنەكەوتوون و شتێك نییە بەیەكیانەوە ببەستێتەوە.
عێراق كراوەتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ وڵاتان تا تەسفییەی حیساباتی خۆیانی تیا بكەن و وەك ماڵێكی بێ دەرگا و بێ پاسەوان و بێ ساحێبی لێهاتووە، كە لە كوێوە با هەڵبكات ژوور و هۆڵ و سەردابەكانی پڕ دەكات لە تۆز و خۆڵ.
زۆر دژی ئەو بۆچوونەم كە دەڵێـت عێراق سەدامێكی تری پێویستە ، گوایە ئەم خەڵكە ( سوننە و شیعە و كورد ) بە زەبری هێز نەبێـت نایەنە ژێربار ، ئاخر كام ژێرباریش ؟.
ئەم بۆچوونە ئەوكات بەسەرچوو كە سەدام لە كونێكدا بە قۆڵكراوی هێنرایە دەرەوە و خزم و دۆست و نزیكەكانی بۆپارە دایان بەدەستەوە و كەس ئامادەنەبوو بەرگری لێبكات و ئەو زەبر و زۆرەی گوایە ئەو عێراقی پێ راگرتبوو ، سەری خوارد و بە لەسێدارەدانی گەیاند.
عێراقی ئەمڕۆ هەر عێراقە ناسروشتییەكەی سەرەتای دروستبوونییەتی ، جگە لە دەمووچاوی رەنگاوڕەنگی سەركردەكانی كە دەگۆڕین ، هیچ گۆڕانێك لە عەقڵییەتیاندا نەهاتۆتە گۆڕێ ، بۆیە نە سەقامگیریی بەخۆوە دەبینێت و نە دەشبێتە ئەو نیشتمانەی هەمووان كۆبكاتەوە.
كورد و سوننە و شیعە تێڕوانینیان بۆ عێراق شتێكە و كاتێكیش دەكەونە ژێر هەژموونی تێڕوانینی پڕ لە هەژموونی وڵاتانی تر بە شتێكی تر دەگۆڕێـت ، گەیشتۆتە ئاستێك خۆشیان باوەڕیان بە خۆیان نەماوە، وەك رۆبۆتی پرۆگرام كراویان لێهاتووە كە ناوبەناو ڤێرژنێكی نوێیان دەخرێتە مێشكەوە و بە لێفت و ڕایت دەجوڵێنەوە.
عێراقییەكان لەسەر كەس بۆ سەرۆكی حكومەت رێكناكەون ، ئەمڕۆ پشتی یەكێك دەگرن و سبەی پشتی بەردەدەن، كەس نازانێـت كامە شەقامە و كامەیە حوكمڕأن ،هیچ پێكهاتەیەك لە داهاتووی خۆی دڵنیا نییە .
لەم عێراقە نوێیەدا (كە وا ناوی دەبرێـت) یەك شت یەكلایی بۆتەوە ئەویش ئەوەیە كە عێراق 17 ساڵە بێ سەدامە ، ئەگەرچی عەقڵییەتی سەدام بەجۆرێكی تر تەشەنەی سەندووە و سنووری سوننە و عروبەی تێپەڕأندووە و زۆربەی پێكهاتەكانی تریشی گرتۆتەوە ، ئەگەر نا عێراقی ئەمڕۆ هەر وەك 9-4 وایە و پەیكەری كامیانی تێدا بخرێت خەڵكەكەی بەتاكە نەعل بەردەبنە سەروچاوی.
AM:11:01:09/04/2020
ئهم بابهته 1756
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی