خەڵك خۆی خاوەنی سلێمانییە

‌بەهێز حوسێن

چەند ساڵێكە و بە تایبەتی پاش ئەوەی ( ئۆپۆزسیۆن ) نەیتوانی ئەوەی بۆ خەڵكی كردبووە خەون بهێنێتەدی و یەكێتیش توانی لە زۆنی سەوزدا هەژموونی خۆی بسەپێنێتەوە بە متمانە پێدانی خەڵك، ئیتر دەستەواژەی سلێمانی شاری بێ خاوەن یان شاری فرە كوێخایی هاتۆتە ئاراوە و تۆنی وتنەوەی ئەم ئاوازەش هەمان ئەو تۆنە نەشازانەن كە جگە لە وتنەوەی دروشم و پرژاندنی رەشبینی و سەرگەرم بە نائومێدی خەڵك ساڵانێكی زۆرە فێرە ئاوازێكی تر نەبوون .

ئەوانەی ئەم قسانە دەكەن قین لەدڵی سیاسین و بوخزنی وای لێكردوون كە بۆ خۆشیان نازانن شاتومان بە كام لایەدا بهێنن ، هەڵسەنگاندن بۆ گەشەی هەر شارێك تەنها بە جێبەجێنەكردنی یەكێك لە پڕۆژەكان ناپێورێت و زیندوێتی و رۆژانەی ئێنێرژی سلێمانی شارەكەی كردۆتە پێشەنگی بوژانەوە و داتا و ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە سلێمانی بە حوكمی خاوەندارێتییەكی راستەقینە و بە ئەزموون لە گەشەكردنی بەردەوامدابە .

ئەگەر ئەم شارە بێخاوەن بوایە لەسەر ئاستی جیهان نەدەچووە كێبەركێی شاری داهێنانی ئەدەبی و نەدەبووە بووكی شارەكانی عێراق و ئازادی میدیا و سیاسی و رێكخراوەیی و ئازادی تاك تیایدا گەشەی نەدەكرد .

ئەگەر سلێمانی بێخاوەن بوایە ئێستا ئەوانەی خەون بە سەرگەردانی سلێمانی دەبینن خۆشیان خەڵكیان لە رەفاهییەتی ژیانكردن لەم شارە نە دەبینییەوە .

شەقامی سەد مەتری لە سلێمانی گرفتی جێبەجێكردنی هەیە و ئەوەندەی من بەدواداچوونم بۆ كردووە هەزار و یەك گرفتی هاتۆتە پێش كە چارەسەركردنیان ئەوەندە ئاسان نییە ، ئەگەرچی لەو باوەڕەدام هەردەبێـت ئەو پڕۆژەیە ئەنجامبدرێت ، بەڵام بۆ ئەمە پێویستە هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی سلێمانی دەستلەناوەستبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكە ، ئەم شارە بەوانە پێش ناكەوێـ كە هەر لە دوورەوە بڵێن سلێمانی بێخاوەنە و خۆشیان یەك هەنگاو بۆ چارەسەر نەیەنە پێش و ئامادەنەبن بەردێك لەسەر بەردێك بنێن .

هەرگیز لەگەڵ ئەوەدانیم ململانێی سلێمانی و هەولێر یان دوو شاری تر بهێنرێتە ئاراوە و مەبەست لێی گەیاندنی پەیامی سیاسیانەی پڕ دووبەرەكی بێت ، بەڵكو لەگەڵ ئەوەدام سەرچەم شارەكانی كوردستان كێبڕكێی ئاوەدانكردنەوەی زیاتر بكەن و دەستخۆشیش بۆ هەموو ئەوانەی بە ئاوەدانكردنەوەی گوندیچك گەڕەكێك یان پڕۆژەیەك لە شارێكی كوردستان بەشدارن و ڕۆڵیان هەیە .

لەبوونی خاوەنی راستەقینە بۆ سلێمانی و شكستی پڕژەی بەزۆر خۆ سەپاندن بەسەر سلێمانیدا خەڵكانێ: پەیدابوون واقیعەكەیان پێ‌ هەزم ناكرێت و ئیتر هەر خەریكی ناوزڕأندن و هۆنینەوەی وەهمن ، ئەگەرنا با هەموومان خۆمان بە خاوەنی سلێمانی و هەموو كوردستان بزانین و كێ‌ باشتری پێ‌دەكرێت با قۆڵی جوامێری و كوردایەتی لێ‌ هەڵبماڵێت ، ئەگینا سلێمانی بە هاوێشتنی بەرد و پلار و قسەی بێ‌ ئەرزش خاوەندارێتی ناكرێت .


PM:12:17:31/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی