چەلەحانێی بێزەنتینی

‌بەهێز حوسێن

ئەوكاتەی بێزەنتە ( قوستەنتنیە ) كەوتبووە بەر پەلاماری سوپای سوڵتان محەمەدی فاتیحی عوسمانی و هێرشبەران بە شورا و قەڵاكانی شارەكەدا هەڵدەگەڕان ، راهیب و پیاوە ئاینییەكانی بێزەنتینی لە ناو كڵێسكان هەر سەرگەرمی چەلەحانێی ئەوەبوون كە ( مریشك لە هێلكەیە یان هێلكە لە مریشكە ) و كامیان پێش ئەوی تریان دۆزراوەتەوە ، ئەوەبوو سوڵـان محەمەد شارەكەی داگیركرد و چەلەحانێی بێ‌ ئەرزەشی پیاوازی كڵێسای بێزەنتینە ئێستاشی لەگەڵدابێـ نەگەیشتووە بە وەڵام.

ئێمەش لە كوردستان گیرۆدەی دەیان قەیرانی ژیاری و پڕ مەترسی گەورە و جدی بووینەتەوە ، كەچی تازە بە تازە جەمسەرەكانی ئاینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و فەرهەنگیمان چەلەحانێ‌ بێ‌ ئەرزشەكانیان گەرم دەكەنەوە.

2500 ساڵە فرەژنی مەرجدار وەك حوكمێكی قورئانی بوونی هەیە و رۆژانەش مەلا و بانگخوازەكان دەیڵێنەوە، كەچی تازە بە تازە چەلەحانێی رەوابوون یان نەبوونی فرە ژنی گەرم دەكەنەوە ، هەزاران ساڵە ئەم حوكمە هەیە بەڵام فرە ژنی نەبۆتە دیاردە لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا و دادگاكانیش بە چەندان رێكاری توند فرەژنییان بەرپێگرتووە ، كەواتە ئەم چەلەحانێ بێ‌ ئەرزەشە لەمڕۆدا بۆ ؟

ئێمە ژنان و پیاوانمان وڵات بە كۆمەڵ جێدەهێڵن و لە ئاوە هەرێمایەتییەكانی وڵاتاندا ئەخنكێن ، كەچی هەموو خۆی لە بەرپرسیارێتی كۆچی بە كۆمەڵی ئەم گەلە دەدزنەوە و بەمجۆرە چەلەحانێیەوە سەرقاڵمان ئەكەن.

ئێمە گرفتی نەبوونی مووچە و نەبوونی نەوت و غازمان هەیە، كەچی حكومەت و پەرلەمانمان لە گەرمەی چەلەحانێی خانەنشینی پلەباڵاكاندان، نووسینی كوردی لەسەر تابلۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك نەنووسراوە كەچی فەرهەنگناسەكانی ئێمە چەلەحانێی ئەوەیانە كە ( هاوڵاتی ) بە دوو (وو) دەنووسرێت یان یەك ( و ).

ئەخلاق بە واتا فەلسەفیی و پیشەیی و ویژدانییەكەی لە گگوتار و سیاسە ت و كار و پیشە و بەرپرسیارێتییەكانمادا نەماوە ، چەلە حانێی ئەوە لەگەڵ مەلایەكدا دەكەن كە قسەی پێغەمبەرەكەی ئەڵێتەوە بەوەی هەر پیاوێك رێگا بە مێینەكانی ناو خێزانەكەیبدات بێ‌ حیجاب بچنە دەرەوە گەوادە.

ئەمانە و دەیان نموونەی تر هەن كە راستی ئەوە دەسەلمێنن كۆمەڵگەی ئێمە خاڵییە لە پرسی فەلسەفی و تێگەیشتن لە قۆناغەكە و پلاندانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان، بەڵكۆ هەر تاو نا تاوێك كەسانێك پەیدا دەبن كە خەڵك بە چەلەحانێی بێ‌ ئەرزش و بێ‌ بنەماوە سەرقاڵ دەكەن و دەر ئەنجامیش خەڵك تۆزقاڵێك قازانجی لێ‌ ناكەن.


PM:01:43:27/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی