مەرگ لە هەولێر

‌بەهێز حوسێن

ئەوەی دەیەوێت هەولێر بكاتە شانۆی تیرۆركردن و تۆڵەسەندنەوە و پاكتاوكردن و هەڕەشە ،  هەر كێ‌ و سەربە هەر كێ‌ بێـت ، ئەبێـت شاروەدەربكرێت .

ئاسایش و ئارامی سەرجەم شارەكانی كوردستان و بەتایبەتی هەولێری پایتەخت ئەو خاڵە پۆزەتیڤ و جوانە بووە كە هەرێمی كوردستانی پێ‌ ناسراوەتەوە ، خۆ ئەگەر ئەم لایەنە نەبێـ ئەوا هەرێ/ بە یەكێك لە قێزەونترین ناوچەكانی جیهان تەماشا دەكرا بەهۆی گەندەڵی زۆر و ژن كوژی و تیرۆركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنووس و خاوەن دەنگە جیاكان و ئابڕوچوونی سیاسی گەورە و سەقەتیی سیستمی سیاسی و دواكەوتوویی خوێ،دن و زانست و ..هتد .

بەڕاستی نابێـت قەبووڵ بكرێـت هەولێر جێگەی دەنگی ناڕەزایی و ئۆپۆزسیۆن و نەیاری سیاسی و ژنی ئازاد و  قسەكەری بوێری تیانەبێتەوە ، نابێت پایتەختەكەمان ئەو جوگرافیا پڕ ترسە بێت كە بە هەستارییەوە بۆی بڕۆیت و لە دڵە راوكێدا تێیدا بژیت ، نابێت مانشێتی هەواڵ‌كان هەولێربێت كە تێیدا خێزانێكی كوژراوی تیا دۆزرابێتەوە و مامۆستای زانكۆی لێ‌ وەدەر نرابێت و لەبەردەم دادگاكانیدا رەشەكوژی ژن بكرێت .

ئەم شارە جوانەی كوردستان نابێـت شانۆی كوشتن و تیرۆر و رفاندن و هەڕەشە و تۆقاندن بێـ ، نابێت شاری بیری خێڵ و سەپاندنی ئایدۆلۆژا و یەكڕەنگیی سیاسی بێت ، نابێت بهێڵرێت شاقە پان و بەرینەكانی گۆڕەپانی تاوان و گەڕ‌كەكانی خەڵتانی خوێن بن ، كوا ئەو هەلێ{ەی پەناگەی خەڵكی هەژار و لیقەماوەكان بوو ؟ بۆ ناهێڵن ببێتەوە بە ماڵ‌ ئارامەكەی نووسەرەكان ؟ جێژوانی مەقام و حەیران و ئاوازی پڕ لە ورەی كوردایەتی ؟  چۆن ئەبێت لەم پایتەختە پەرلەماندابخرێت و كەناڵ بسوتێنرێت و بارەگا تاڵانبكرێت و كەسایەتییە ناسراوەكانیان لەسەر شەقامەكان شەڵاڵەی خوێن بكرێ، ؟

پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان بەگشتی و هەولێرییەكان بە تایبەتی دەستبەرداری خاسێتی پڕ لە وەفایی و جوانی و پێكەوە ژیان و قەبووڵكردنی ئەوانی تر و شارامی ئارامی ژیانكردن نەبن ، نەهێڵن هەولێرەكەیان دەستەمۆی هیچ بیرێكی پاشكەوتوو یان خێڵ و یان حیزب و ئایدیایەكی سیاسی خۆسەپێ، و تاكڕەوانەبێت ، پێویستە حكومەتیش ئامادەیی تەواوی ئامادەیی هەبێـت بۆ پاراستنی ئاسایش و ئۆقرەیی هەولێر ، لایەنی ئەمنیی ئەو ئەركە پیرۆز و گەورەیەی لەسەر شانیانە بە ئینتیما و وەلائییان بۆ نیشتمان رایبپەڕێنن و هەولێرمان بۆ بكەنەوە شاری هەمووان و شاری خاڵی لە تاوانی رێكخراو و پایتەختە نموونەییەكەی كوردستان .


PM:02:38:22/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی