كوردستان و شەڕى رۆكێتەكان

‌بەهێز حوسێن

گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ناو عێراقدا كوردستانی خستۆتە بەرچاوان و دۆخەكە وا دەخوازێت سەركردایەتی سیاسی كوردستان هەم دۆخەكە بە قازانجی پرسی نیشتمانی بقۆزنەوە و هەمیش هیچ جۆرە هەڵەیەكی وا  نەكەن كوردستان بخەنە سەنگەربەندیی نوێوە .

ئەمریكا و بەریتانیا و هۆڵەندا و ئەوانی تریش هاوڵاتیانی خۆیان لە عێ{اق ئاگادار كردۆتەوە كە بە پەلە شارەكانی عێراق بە جێبهێڵن تەنها ئەوانەیان نەبێـ كە لە هەرێمی كوردستانن .!

باڵوێزخانەكانی ئەمریكا و وڵاتانی تری هاوپەیمان لە رێگەی كونسوڵخانەكانیان لە هەرێم كاروبارەكانیان دەكەن .!

كۆمپانیاكانی قڕۆكەوانیی گەشتەكانی هاتن و چونیان بۆ فڕۆكەخانەكانی بەسرا و نەجەف و بەغدا هەڵپەساردووە و هاتن و چوونیان تەنها بۆ فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بەردەوام دەبێت .!

هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە كوردستان پێگەیەكی بەرچاوی هەیە و ئەمریكا و ئەوروپا و ئەوانی تریش وەك ناوچەیەكی جیا لە عێراق تەماشای دەكەن ، لە رێگەی هەرێمەوە ئیدارەی عێراق دەدەن و هەر بەهۆی هەرێمەوە پەیوەندی و مانەوەیان لە عێراق درێژە پێدەدەن ، بۆیە سەركردایەتی سیاسی كورد پێویستە بە وردی و وریاییەوە مەمەڵە لەم دۆخە هەستیارەدا بكات و ئەم پێگە ناوازەیەی هەرێم لە هاوكێشەكانی جیهان و ناوچەكە لەدەست نەدات .

بەشداریكردنی نوێنەری حیزبەكانی كوردستان لە پرسەی قاسم سولەیمانی  لە نوێنەرایەتی كۆماری ئیسلامیی لە هەرێم كارێكی ژیرانەیە ، كە هاوكات هیچ یەكێك لە لایەنەكانی كوردستان نە سەركۆنەی بە ئاماننگرتنی سولەیمانیان كردووە و نە دەستخۆشی هێرشی درۆنەكانی ئەمریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی و سەردرای فەیلەقی قودس.

پاراستنی هاوسەنگیی ئەو پەڕی دانایی پێویستە و نابێـت كورد هەڵەی سیاسی بكات و خۆی بهاوێتە یەكێك لە سەنگەرەكانی رووبەڕووبوونەوە .

هەندێك هەوڵ هەیە بۆ تێوەگلاندنی كورد لەم رووبەڕوبوونەوانەی تاران و واشنتۆن ، ئەوەتا لێرە و لەوێ‌ هەواڵی ئەوە بڵاو دەكەنەوە كە گوایە قاسم سولەیمانی و حەشدی شەعبی ویستوویانە د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بكوژن و حكومەتێكی سەر بە تاران لە بەغدا بخەنە سەر كار ، پێویست كورد بۆ ئەمە وەڵامی هەبێت و پرسی دەسەڵات و ئەركە دەستوورییەكانی سەرۆك كۆمار نەخەنە سەر كورد .

هەرێم بوشێكی دەستوورییە لە نیشتمانی عێراق و كوردیش بەشێكە لە گەلی عێراق ، بەڵام مەرج نییە ئەوەی بەسەر ئەوانی تردا دێت لە  عێراقدا كە پەیوەستە بە ئینتیما و ئایدۆلۆژیا و هێڵی سیاسەتی خۆیانەوە كوردیش بگرێتەوە ، كورد هێشتا هەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی عێراقدا ماوەتەوە و نابێـت كارێك بكات هەرێم و گەلی كوردستان باجی ئەجیندای سیاسی پێكهاتەكانی تری عێراق بدەن 


PM:12:04:05/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی