كۆبوونەوەی لوتكەی كوردان

‌بەهێز حوسێن

كۆسرەت رەسوڵ عەلی كەسی یەكەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو پەیامەكەی بۆ ئیدانەكردنی هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەریكردبوو ، دەستپێشخەریی ئەوەی كردووە كە كۆبوونەوەی لوتكەی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامبدرێت .

چەندان ساڵە دەستپێشخەرییەكی گرنگی لە نموونەی ئەم دەستپێشخەرییەی كاك كۆسرەت پێویست بوو ، بەڵام بەتایبەتتر كە ئێستا دۆخی ناچەكە بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی ( هەرچوار پارچە ) كە بە دۆخێكی زۆر هەستیار و ئایندە نادیاردا دەڕوات زەرورەتێكی حەتمییە ، بۆ بەتەنگەوەهاتنی ئەم دەستپێشخەرییە  پێویستە تەواوی سەركردایەتی كورد بێ‌ گوێدانە ئەوەی لوتكەكە لەكوێ‌ دەكرێت یان كێ‌ سەرۆكایەتی دەكات ئامادەیی دەرببڕن و هیچ گرفتێكی تەنكنیكی نەكەنە پاساو بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەكە .
سەیرە وا 24 سەعات بەسەر ئەو دەستپێشخەرییەدا تێپەڕ دەبێـ بەڵام هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنی لای هیچ حیزبێكەوە دیارنییە ، نازانرێـت لوتكەكە بە گرنگ نازانرێت یان كاتەكەی بە گونجاو نازانن ، یان هۆكارێكی تر!؟.

لە كاتێكدا كورد لەسەر ئاستی نەتەوە چوارچێوەیەكی ریكخراو و یان مەرجەعێكی نییە ، نموونەی دامەزراوەكانی تری وەك كۆنگرەی نەتەوەیی كورد تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە چەتری كۆكەرەوەی كوردان بێت و كۆكردنەوەی سەركردەی حیزبەكانیش لە ئێستادا بەو ناكرێت ، بۆیە پێویستە ئەوانیش تەوازوع بنوێنن و ببنە بەشێك یان هۆكارێك بۆ سەرخستی ئەوو كۆبوونەوەی لوتكەیە لە نزیكترین كاتدا .

بۆ ئەم پێشهاتە گەورەیەی لە رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە ئەنجومەنی ئاسایش و یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كۆدەبنەوە كەچی هێشتا كورد ئەم دەستپێشخەرییەی كاك كۆسرەتی لێدەربچێت كەس باس لە زەرورەتی كۆبوونەوەیەكی لەناكاوی نەتەوەیی ناكات و هەركەس بۆخۆی بەیاننامە دەردەكات ، بە مەرجێ: ئەم پرسە راستەوخۆ پرسی كورد خۆیەتی و دەبوو پێش هەر لایەن و گروپ و دەستەگەرییەكی تر كورد خۆی كۆبوونەوەیەكی لەوجۆرەی بكردایە .

هیوادارم بەزووترین كات كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردایەتی كورد بكرێت و یەكهەڵوێستی و یەكگوتاریی بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بهێننە ئاراوە و سوپاس بۆ كاك كۆسرەتیش كە لەم كاتە زۆر هەستیارەدا بەرپرسیارانە ئەم دەستپێشخەرییە خەمخۆرانەیەی راگەیاند .


PM:12:17:10/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی