كورد كتومت بزنەكەيە

‌بەهێز حوسێن


ترامپ : ئێمە هەقمان بەسەر شەڕێكەوە نییە 100 ساڵە لە نێوان تورك و كورد بەرپابووە. 

سەیرنیە بەلامەوە كە كورد ئەوەندە بیری كڵۆڵ و بەتاڵبێـت لە پەند وەرگرتن لەمێژوو ، كورد وەك ئەو گیاندارە زاكیرە كوتانە دەچێـتكە بە هاتنی بەهار گەشكە دەیانگرێت و وادەزانن ئیتر وەرزەكانی تری گەرما و خەزان و بەستەڵ‌ك ناگەڕێتەوە .
سۆشیال میدیایان پڕ كردووە لە جنێودان بە ترەمپ و زەرب لێدان لە ئاڵای ئەمریكا و شێواندنی وێنەكانی ئەردۆگان و تكاكردن لە وڵاتانی جیهان كە كورد لە رۆژئاوا ( باكوری سوریا ) بپارێزن ، وەك ئەوەی ئێستا سیاسی و بڕیاربەدەستەكانی جیهان ئیشیان نەبێـت و هەر دانیشتبن بەدیار فەیسبووكی كوردەوە بزانن خەڵكی دڵگەرمی كورد چییان پێدەڵێن .

شتێك هەیە دەبێـت هەموو كورد باش بیزانێت ، ئەویش ئەوەیە كە پاش روخانی دەوڵەتی ماد و لەناوبردنی دەسەڵاتی ئاینی زەردەشت ببڕای ببڕای كورد نابێتە خاوەنی دەوڵەت و لەمەی ئەمڕۆش زیاتر بەدەستناهێنێت.

ئەم بۆچوونەتان پێ سەیر نەبێـت كە گەلەكۆمەكیی كریستیان و جو و ئیسلام تەنها لەسەر پەیڕەوانی زەردەشتییە و هەرچییان لەدەستبێـت دەیكەن بۆ ئەوەی كورد هەمیشە ژێردەست و زەلیل و بێ‌ دەوڵەت بێت ، هەموویان ئەوەندە پشتی كورد دەگرن تا دەگاتە ئەو هێڵە سوورەی بۆیان داناوە ،لەگەڵ بەزاندنی ئەو هێڵە سوورە ئیتر دۆستێك ، پشتیوانێك ، هاوپەیمانێك ، خواناسێك ، دیموكرتخوازێك ، ئومەمییەك لەم جیهانە 7 ملیار بەشەرییەدا نابینیتەوە باسی كورد بە باشە بكات و هەموویان دەیكوتن .

كورد ( دەستبەبژێرە سیاسییەكەی كورد ) ئەم راستییە زۆر باش دەزانن ، بەڵام وەك ئاماژەم بۆكردووە چونكە زاكیرەیان زەعیفە و بەهارێك دەبینن ، ئیتر هەموو شتیان لەبیر دەچێتەوە و دەكەونە خەیاڵێك كە خۆیان و راستییەكانیان لێدەگۆڕێـت و دەكەونە سەركێشی كردن ، هەموو جارێكیش ئەنجامەكەی دووبارە دەبێتەوە كە سەركوتكردنی گەلی كوردستانە .

ترامپ لە هەڵوێستەكانیدا هیچی نەوتووە كە پێشبینی كراو نەبووبێت یان تازە بووبێت، كەچی كورد لێی كردۆتە هەرا ، وەك ئەوەی ئەمریكا یان وڵاتە زلهێزەكانی تر هەمیشە كوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارنەهێنابێـت و دواتر پشتیان تێنەكردبێت !؟.
ترامپ هەر ئەوەی وتووە كە 2700 ساڵە باوانیشی بە باوانی ئێمەیان وتووە ،  ئینجا كەس گلەیی نەكات و كورد لەمە زیاتری بۆ بەدەستنایەت و هەمیشە وەك بزنەكەی هەیاسی خاس دەبێت ... تكایە بڕۆن مێژووش بخوێننەوە بزانن ئەم بۆچوونەم لە سەدان نووسین و یاداشتی باوانمان نووسراونەتەوە یان من لە گیرفانم دەرمهێناون !؟.

بۆيە داوا دەكەم چیتر سەركردایەتی كورد رسك بە ئێستای گەلەوە نەكەن و لەمە زیاتر بە ناوی سەربەخۆیی و رزڤاریی نیشتمانیی خوێنی كوڕ و كچی كورد بە فیڕۆ نەدەن ، ئەوەی بۆ كورد گیرنگە مانەوەیە لە بوونی مرۆڤایەتیدا نەك خۆبەڕێوەبەریی و دەوڵەتی سەربەخۆ .
سەركردەكانی كورد قەت ئەو گرەوە نەكەن كە ئێستا عەقڵییەتی جیهان گۆڕأنی بەسەردا هاتبێ‌ و بە پشتیوانی ئەوان كورد لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا قەڵەمڕەوبێت و دەوڵەتی هەبێـت .


PM:01:33:08/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی