بۆ ریفراندۆم ، منیش و بارزانیش بە هەڵەدا براین
بەهێز حوسێن
هەر هەنگاو و هەڵوێست و بڕیارێكی سیاسی پێویستی بە هەزار و یەك حیساب هەیە ، بەتایبەتی ئەگەر بۆ پرسێكی چارەنووسسازبێت ، جا بەكارهێنانی ئەو پرسە وەك ستراتیژبێت یان بۆ تاكتیك .
كەسێك نییە و شك نابەم لەگەڵ سەربەخۆیی و دەوڵەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی نەبێـت ، سەرجەم حێزبەكانی كوردستانیش وەك ستراتیژ لەم پرسە گرنگە دەڕوانن و ئەدەبیات و دیكۆمێنتی هەر یەكێكیان هەڵبدەیتەوە ئەم قسەی من پشتڕاست دەكاتەوە .
لە سەروبەندنی ریفراندۆمی گەلی عێراق بۆ پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق ( 2005 ) ، مام جەلال دەنێرێت بە شوێن چەند رۆشنبیر و تێكۆشەرێكدا و رایاندەسپێرێـت كە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دروست بكەن و پێین دەڵێـت وەك ئەنجومەنێكی سەربەخۆ كار بكەن و من لە پشتان دەبم .
ئەوەبوو لەگەڵ راپرسیی بۆ دەستووری عێراق ، سندوقی راپرسیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە بنكەكانی دەنگداندا بە شێوەی ناڕەسمی دانران و زیاتر لە 97% ی دەنگدەرانی كوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا و زیاتر لە سەد هەزار ئیمزاش بۆ سەربەخۆیی كۆكرانەوە و پێشكەشی نەتەوەیەكگرتووەكان كرا ، مام جەلال مەبەستی لەو راپرسییە ئەوەبوو كە بە عێراقییەكان و جیهان و نەتەوەیەكگرتووەكانیش بڵێـ گەلی ئێمە خواستی سەربەخۆیی هەیە ، بەڵام ئەمە وەك منەتێك دەبێـ بەسەر هەموو لایەكدا كە لەم قۆناغەدا كوردستانی باشوور لە چوارچێوەی عێراقی دیمۆكراسی نوێدا بە سیستمی فیدراڵی رازی دەبێـت ، لەبەغداش هەرچەند بە كوردیان دەوت 17% زۆرە و كورد زۆر پێی راكێشاوە ، مام جەلال پێی دەوتن : بێدەنگبن و دەبێـت مەمنونیش بن كە بە فیدراڵیەت قایلین ، چونكە ئەوەتا خەڵكەكەمان داوای سەربەخۆییمان لێدەكەن !..
ئەنجامی ئەو راپرسییە ناڕمسمییە و ئیمزا كۆكراوەكانیش وەك بەڵگەی مێژوویی و دیكۆمێنت لە نەتەوەیەكگرتووەكان ماون .
ئەو ریفراندۆمەی 2017 مەسعود بارزانی، حیزبەكان و زۆرینەی خەڵكی قایلكرد بۆ سەربەخۆبوون 25ی سێپتەمبەر بەشداریی ریفراندۆم بكەن ، هەر ئەوەش رویدا ، بەڵام لەبری ئەوەی وەك ریفراندۆمەكەی 2005 بكرێت بە كارتێكی فشاری كورد بۆسەر دەوڵتی عێراق و وڵاتانی تر ، بە پێچەوانەوە بوو بە فشاری گەورە لەسەر كورد و دەیان ساڵ ئەوەی كورد بەدەستی هێنابوو یان پێی گەیشتبوو گەڕانەوە دواوە و لەدەستیدان .
ئەگەرچی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی گەلان و بە تایبەتیش بۆ كورد مافێكی چەسپاوە و نەتەوەیەكگرتووەكان بە ڕەسمی ناساندوویەتی ، بەڵام سەرەڕۆیی سیاسی و بوغرابوون و تێنەگەیشتن لەگەڵ دیفاكتۆی سیاسیی ئیقلیمی و جیهانی وایكرد كورد فرسەتێكی مێژوویی لەدەستبدات و دۆستەكانیش لێ بتەكێتەوە .
نەك هەر حێزبەكان و زۆرینەی خەڵكی كوردستان ، بەڵكو خودی مەسعود بارزانیش گەیەنرابووە ئەو ئەنجامەی كە ریفراندۆم سەردەگرێـت و 67 وڵات پشتیوانی كوردستان دەكات و شەرەفی دروستبوونی یەكەم دەوڵەتی دانپێنراوی كوردستانیش بەدەست دەهێنێـت ، من دڵنیام كە كاك مەسعود خۆیشی بە هەڵەدا برابوو ، ئەگینا ئەو باوەڕەی لە كێوە لا دروست بوبو كە لەبەردەم میدیاكاندا بڵێت : ئەگەر ئەم ریفراندۆمە شكستی هێنا و سنوورەكانیان لێگرتین ، ئامادەم سەری خۆم دابنێم ، یان بڵێن، مسعود بارزانی شێتە و سواری سەری خۆی بووە!!!
ریفراندۆم كرا و نەك هەر تاكە یەك وڵات پشتیوانی كوردی نەكرد ، بەڵكو دژی هەوڵێ سەربەخۆبوونەكە وەستانەوە ، سنوورەكانمان لێداخرا و مووچە و بودجەش بڕان و 51%ی خاكی كوردستان كەوتەوە دەست حكومەتی فیدراڵ و نەكەس سەری پەڕێنرا و نەكەسیش شێت و شبر كرا ، تەنانەت 93% دەنگی بەڵێی خەڵكیش بۆ سەربەخۆیی هیچ ناوەندێكە نێودەوڵەتی دانی پێدا نەما و وەك دیكۆمێنت و ئەرگۆمێنتیش حیسابی بۆ ناكرێت .
زۆربەی هەرە زۆرمان ، من و حیزبەكان و سەركردەكان و خودی كاك مەسعودیش هەڵخەڵە تێنراین و مافێكی چەسپیوی گەلەكەمان پیادەكرد ، بەڵام بە خوێندنەوەی سیاسیانەی هەڵە و نەگونجاویی كات و گوێنەگرتن بۆ ئامۆژگاری دۆستەكانمان ، زۆر زۆرمان لەدەستدا .
نێوانی ئەو دوو ریفراندۆمە تەنها 12 ساڵ بوو ، بەڵام ئەمەی دووەمیان دەستكەوتی 12 ساڵی كوردی لە عێراق خستە سەر لێواری لەناوچوون ، ئەگەر حیكمەتی بازنەی دووەم ( نەوەی دووەم ) ی سیاسییەكانی كوردستان نەبوایە ، ئەوا حاڵی كوردستان زۆر لە ئەمڕۆ خراپتر ئەبوو ، ئێستاش هەندێك بوغرابوون و مڵهوڕی و تاكڕەوی ماوە لە لای هەندێك سەركردایەتی كورد كە ئەگەر دەستبەرداری نەبن ئەوا هەر بەپێی ئەو یاسا دوژمنكارییانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە دەرهەق بە كورد دەركراون ، دەست دەنێنەوە بینەقاقای كورد و ژیان و گوزەران لەم هەرێمەدا بەرەو تاڵێ و بارگرژی زیاتر دەبرێت .
PM:04:41:24/09/2019
ئهم بابهته 10268
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی