زلێکی بێ هونەر

‌بەهێز حوسێن


دەرکەوت کە زۆرینەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان وەک (زلی بێهوونەر) ی لێهاتووە ،زۆرینەی پارتی و هاوپەیمانەکانی ( گۆڕان ، پێکهاتەکان ، سۆشیالیست ) 213 ڕۆژە نەیتوانیوە یاسای دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکاتەوە و حکومەت پێکبهێنێت.
ئێستا نۆرەی هێزی دووەمە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بواری پێبدرێت بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانیی پێکبهێنێت و کۆتایی بە قەیرانی ئەمڕۆی حوکمڕانی کوردستان بهێنێت .
پارتی کە بە بەدەستهێنانی 45 کورسی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان و گۆران تووشی لەخۆبایبوون هاتبوو و دەیویست یەکێتی بەتایبەتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو وەلابنێت، ئێستا کەوتۆتە دۆخێک کە گۆشەگیری و شپرزەیی سیاسییە و هیچ دەستپێشخەرییەکی لە دەستدا نەماوە بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ئێستا ، تاکە چارەسەر ڕێگەدانە بە یەکێتی لە شوێن پارتی کوردستان لەقۆناخەکە ڕزگار بکات.

نەجاتیان بوو لە حاکم گۆران

خۆکوشتنی حاکم گۆران لە هەر وڵاتێکی دیمۆکراسی یان تازە پێگەیشتووی دیموکراسیدا بووایە ئێستا دەیان کەس لە لایەن دادگاکانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای توند دەکرانەوە ، چونکە لە نموونەی بوعزیزی لە تونس خۆکوشتنەکەی ئەبووە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمێکی سیاسی ، بەڵام حاکم گۆران خۆی کوشت و هێشتاش نەبۆتە مانشێت نەک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و حیزبەکان بەڵکو نەشبووە مانشیتی میدیا کاریگەرەکان .
حاکم گۆران لەسەر قسەی مەسعود بارزانی لە ئەوروپاوە گەڕابووە کوردستان تا لەژێر سایەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا ئەودوای ژیانی بەڕێبکات ، بەڵام پاشی دووساڵ کە زانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان گەورەترین درۆبووە لە مێژووی کوردا ، زیاتر لەمەش بارزانی هۆکارێک بووە بۆ تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانی و تەنانەت پێکنەهاتنیش بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە پەخشی ڕاستەوخۆی فەیسبووکدا خۆی کوشت و بەرگەی درۆی گەورەی تری نەگرت.
چەند سەعاتێک پێش خۆکووشتنی (حاکم گۆران ) ڕایگەیاندبوو کە خۆی دەکوژێت ، بەڵام نە پۆلیس و نە ئاسایش و نە پاراستن و نە پزیشک یان چارەسەرکارێکی دەروونی نزیکی شوێنی ڕووداوەکە نەکەوتنەوە ، هۆکارەکەش ئاشکرایە ..... چونکە حاکم گۆران بووبووە عەیبە بەسەر سەرۆکی ڕیفراندۆم و بڕیاربەدەست و دەسەڵاتی فاشیل ، بە خۆکوشتنی نەجاتیان بوو لەو عەیبە گەورەیە.

درۆی ئایار
لە هەموو کرێکارانی بیروبازوو پیرۆزبایی دەکەم ، لە کوردستانیش ئەم ڕۆژە مێژووییەی هاوپشتی کرێکاران بە پشوودان بە فەرمانبەرانی دەوڵەت و نوقڵ بەخشینەوە بەڕێکرا .
ڕیکخستنی کرێکاران لە کوردستان بوونی نییە و حیزبە کۆمۆنیست و چەپ و سۆشیال دیموکراتەکانی کوردستان نەبوونیان بۆ خەباتی کرێکاران و بەدەستهێنانی مافەکانیان باشترە لە بوونیان ، چونکە وەک ئەمڕۆ دەبینران گوایە سەرکردەکانی ئەو حیزبانە ی داکۆکیکار لە کرێکاران یەکی بە کۆڵێ ورگی شۆڕ و دە پازدە کرێکاری ئەمنیی بە کرێگیراو و قات و قۆنەرەی مارکەوە لە پێشی کرێکارانە دانیشتبوون و بە کۆمەڵێ وتار و بەیاننامەی بێتام و سواو ئەم ڕۆژەیان بۆ کرێکاران کرد بە جەژن .
کرێکارانی کوردستان بێکەسترینەکانن ، هیچ کەس و لایەنێک ڕاستگۆ نییە لەگەڵیان و پشتیوانیان نییە ، بۆیە چاوەڕێ نەکەن مافەکانیان چنگ بکەوێت هەتا ئەوکاتەی خۆیان ڕێکخراوێکی دوور لە حیزبی دروست دەکەن ، دڵنیابن هەموو درۆ لەگەڵ کرێکار دەکەن.



PM:05:10:01/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 13536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی