‌ئەوەڵ و ئاخێر كۆبوونەوە
PM:02:37:19/03/2019
بەهێز حوسێن

ئەو وەفدەی پارتی بۆ گەڕی نوێی گفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی پێكیهێناوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پارتی نیازی رێكەوتنی نییە لە ئێستادا ، لانی كەم تا ئەو كاتەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكرێتەوە و نێچیرڤان دەكرێتە سەرۆك و ئەویش مەسروری ژنبرای بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕادەسپێرێت .

پاش داكردنی ئەوبارانە بەگوژمەی دەستكەوتەكانی پارتی چیتر هیچ جۆرە فەرەنجییەكی گفتوگۆ و پێكهاتن لەگەڵ پارتی دادی یەكێتی نادا و ئەبێـت یەكێتی زۆر باش حیساباتی خۆی بكات و لەیەك كۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەم وەفدەی پارتی نەگەیشتە ئەنجام ئەوا كۆبوونەوەی دووەميان لەگەڵ نەكات .

وەفدی وتوێژكاری ئەمجارەی پارتی لە هێڵی سێیەمی قسەكەری پارتین نەك بڕیار دەر چوونكە پارتی یەك بازنەی بڕیاردانی هەیە كە تەنها و تەنها ماڵی بارزانییە و كەسی تر ، كەواتە پارتی دەیەوێـت كات بكوژێت و بە نەشئەی 27 كورسی دهۆك وەك زۆرینەیەكی دیموكراسی خۆی بنوێنێـت و نێچیر و مەسرور بكاتە حوكمڕان و دەمڕاستی هەموو كوردستان .

(پێمان تێكدەرێت)

ئەبێـت پارتی و گۆڕان و نوێنەرە پارتییەكانی كەمینەكانیش باش بزانن كە ئەگەر حكومەت بێ‌ بەشداری راستەقینەی یەكێتی پێكبهێنن ، قڵپبوونەوەیەكی گەورە لە هەرێم روودەدات و هەرگیز یەكێتی ئەمجۆرە كودەتایە قەبووڵ ناكات ، باشیش دەزانن یەكێتی توانای ئەوەی هەیە چی ریسیان چنیوە لێیان بكاتەوە بە خووری ! ئەگەر پارتی و شوێنكەوتەكانی نەتوانن بە سازان ماڵی هەرێم بینا بكەنەوە ئەوا خۆیان وتەنی لە تێكدان ئاسانتر نییە ، بەتایبەت بۆ یەكێتی كە جوگرافیا و هێز و جەماوەری لەبەردەستە و حەقی موقەدەسیشی دەبێت بۆ مانەوە وبەرگریكردن لە جەماوەری ئەم بەشەی كوردستان .

فیفتی بە فیفتی

ئەم دەستەواژەیە بۆ ئێستای رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی نابێت قەتیس بخوات ، بەڵكو دەبێت یەكێتی داوای زەمانەتی فیفتی بەفیفتی بەجۆرێك بكات كە نیوەی بۆ یەكێتی و نیوەكەی تری بۆ پارتی و گۆڕان و ئەوانی تر بيَت .
چونكە لە ئێستادا پارتی هەرخۆی نییە كە دەیەوێت یەكێتی لە دەسەڵات كەنار بخات ، بەڵكو گۆڕان و پارتییەكانی كەمایەتییەكانیشی خزاندۆتە ئەو پیلانە، بۆیە نابێـت یەكێتی بەوە ڕازی ببێـت كە نیوەی بەركەوتەی پارتی لە جومگەكانی حوكمڕانێتیدا هەبێـت ، ئەگەر یەكێتی بەمە قایل بێت ئەوا ئەكەوێتە ناو ئەو داوەی پارتی بۆی ناوەتەوە ، چونكە بە گەلەكۆمەكێی پارتی و گۆڕان و ئەوانی تر یەكێتی ئەبێتەوە بە quarter 25% و لە ئەنجومەنی وەزیرانیشدا هیچ بەدەست ئەبێت .

یەكێتی پێگەی زۆر بەهێزە و براوەی یەكەمی دوو پارێزگایە و دووەمی دوو پارێزگای تر ـ،بۆیە ئەبێـت پێداگری بكات لە فیفتی بە فیفتی بە پێوەری دەستێكەڵكردنە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێم .




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.