‌دواین بژاردەی یەكێتی
PM:02:57:21/02/2019
بەهێز حوسێن



پێموایە قەیرانی سیاسی ئەمجارەی سیاسی قوڵترینە لەوەتەی رێكەوتننامەی ئاشتی 1998 ی واشنتۆن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا مۆركراوە ، یەكێتی كە خۆی بە مەغدووری سیاسی دەزانێت گرەوی ئەمجارەی لە سەر راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانێتی لە هەرێم كردووە و تا ئەمڕۆ هیچ سازشێكی لەسەر پاكێجەكەی بەرامبەر بە پارتی نەكردووە و پێشبینی ئەوەش ناكرێت سازشی لەبارەوە بكات .

تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە قزڵەی كوردستان پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 30-9-2018ی كوردستان هەیە ، بەمجۆرە هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێتەوە ، لەم ئەگەرەشدا یەكێتی بێ‌ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی 1992ی پەرلەمانی كوردستان ناچێتە هەڵبژاردنەوە ، یەكێتی پێداگری دەكات لەوەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان فرە بازنەیی بن .

بەمجۆرە رێزبەندی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت و ئەگەر یەكێتی لەپارتی كورسی زیاتر نەهێنێت ئەوا لانی كەم ئەوەندەی یەك كورسیان دەبێت ( یەكێتی یەكەمینی سلێمانی و هەڵەبجە و دووەمینی هەولێر و سێیەمینی دهۆك دەبێت )  بەڵام پارتی ( یەكەمینی هەولێر و دهۆك و پێنجەمینی هەڵەبجە و شەشەمینی سلێمانی دەبێت ) .

ئەمە ئەو ئەگەرەیە كە قەیرانی قوڵی سیاسی ئەمڕۆی كوردستانی پێ تێدەپەڕێنرێت و هاوسەنگی هێزیش دێنێتە ئاراوە ، كە دەبێت یەكێتی بەرامبەر ملنەدانی ئێستای پارتی ئەم بژاردەیە هەلبژێرێت .




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.