کوڕەکانی کاک نەوشیروان‌و گۆڕان

‌چیا عەباس


نماو چیا هاوتەمەنم نین و کاریشم لەگەڵیان نەکردوە، تێکەڵاوبونم لەگەڵیان‌و ناسینم بۆیان بەهۆی دۆستایەتیم لەگەڵ کاک نەوشیروان بوە.

ئەم نوسینەم بۆ بەرگریکردن یاخود هێرشکردن لەکەس نیە، بەڵکو بەهەڵسەنگاندنی خۆم دانانی خاڵە لەسەر وشەکان و وەک وەفا بۆ کاک نەوشیروان هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر چەند بابەتێک کە لێیان بە ئاگام، تایبەت لە ماوەی دواییدا بەهۆی ئەوەی نما و چیا کەوتونەتە بەر شەپۆلێک نوسین و هەڵسەنگاندنی فرە ئاراستە، تاقم و کەسانێک دەیانەوێت کاک نەوشیروانیش بخەنە بەر تەوژمی شەپۆلەکەوە. 

باشترین ئەزمونم لەگەڵ کورەکان ئەو ماوەیە بو کە لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ماوەی مانگێک لای کاک نەوشیروان بوم لەماڵەکەی لە لەندەن. رۆژانە یەکترمان دەبینی و لەنزیکەوە ئاگاداری بۆچون و هەڵسەنگاندن و کارو رەفتاریان بوم.

چیا کە کورە بچوکەکەیەتی، زۆربەی ژیانی لەدەرەوەی وڵات بەسەر بردوە، هێمن و کەم دوێیە، بیرکردنەوەی سیاسی کەوتۆتە ژێر کاریگەری خوێندنی زانستەکانی سیاسی لەباشترین و ناودارترین زانکۆی جیهان، زانکۆی هارڤەرد. کە زیاتر لە چوار سەدەیە لەسەر بنەماکانی کۆنسیرڤاتیزمی ئەو سەردەمە بنیاتنرا بو.

کورە گەوەرەکەی کاک نەوشیروان، نما، دەرچوی زانکۆی ناوداری ئیمپیریاڵ کۆڵێژی بەریتانیە، جیاواز لەچیای برای زیاتر تێکەڵاوی کۆمەڵگای کوردەواری بوە، ژیانی کۆمەڵایەتیشی فرە رەنگە، تۆرێکی بەرفراوانی پەیوەندی لەزۆر ئاستدا هەیە. 

پەیوەندی هەر دوکیان لەگەڵ کاک نەوشیروان دۆستانەو کورو باوکانە بو، گوێرایەڵی بون و دو کۆڵەکەی بەهێز بون بەتەنیشت باوکانیەوە لەو ساڵانەی نەخۆش بوو تواناکانی وەک جاران نەمابو.

بیرکردنەوەی سیاسی چیا زیاتر لەژێر کاریگەری مۆدێلە سیاسیەکانی رۆژئاوادایە، تایبەت ئەمریکا، ئەو مۆدێلەی لەسەر بنەمای ئابوری بەهێزو لوتکەی تۆکمەی دەسەڵات دارێژراوە. لە زۆربەی ئەم مۆدێلانەدا دەنگی جیاواز لەدەوربەری لوتکەی دەسەڵات سنوردارو کەم کاریگەریە.  

هزری سیاسی نما لیبرالێزمێکی بێ پێناسەیەکی دیاریکراوە کە بەزۆر ئاراستەدا گوزەر دەکات، ئاسان نیە بزانی چی دەوێت‌و چی دەکات چونکە پراگماتیزم بنەمای کارو جموجۆڵەکانیەتی، بەم هۆیەشەوە زوترو زیاتر لەکۆمەڵگای کوردەواری‌و لەگەڵ جەماوەری گۆڕاندا دەگونجێت، بەهۆی ئەم خەسڵەتانەوە ئەڵقەیەکی گرنگی پەیوەندیەکانی باوکی بو لەو ساڵانەی باوکی لەدەرەوەی کوردستان بو.

مێژوی پر سەروەری و خەباتی باوکیان کاریگەری و رەنگدانەوەیان له‌سەر هزری نەتەوەیی کورەکانی هەبو.  
ئەم باسکردنە پێش ماڵئاوایی کاک نەوشیروانە، دواتر ئەو دو برایە لەکوردستان نیشتەجێ بون و ئیرسی مادی و مەعنەوی باوکیان بۆ ماوەتەوە لە نزیکەوە ئاگاداریان نیم، بێجگە چەند پەیوەندیەکی پچرپچر نەبێت.

ئەوەی لەسەریان دەبیستم و دەخوێنمەوە بەچەند پرسیارەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەم، لە گەڵ ئەوەشدا چەند قەناعەتێک لام لەسەریان دروستبوە بە پێویستی دەزانم لەم نوسینەدا بینانخەمە بەرچاو.

چەندین جار کاک نەوشیروان لەحزوری کورەکانی و لەدانیشتنەکانی لەگەڵ هەڵسوراوان و دۆستەکانی جەختی دەرکردەوە لەوەی تا ئەو لەژیاندا بێت رێگا نادات کورەکانی هیچ بەرپرسیاریەتیەکی باڵایان لەگۆڕاندا هەبێت، دەشی گوت ئەوە حزبەکانی دەسەڵاتن ئەو ئاواتەیان هەیە تا لەو بوارەدا من بەخۆیان یەکسان بکەن و جیاوازیەکانیان لەگەڵ گۆڕان کەم بکەنەوە. زیادە بۆ ئەمەش دەیگوت هیچ هزرێکی سیاسی بەگۆڕانبونیشەوە پرسێکی وراسی نیە، تەنها ئەو ژینگەو دەروبەرەی مرۆڤ تێیاندا دەژیت کاریگەریان لەسەر هزری سیاسی مرۆڤەکە دەکات. 

کاک نەوشیروان بەدرێژایی ژیانی سیاسی و تەنانەت لەناو گۆڕانیشدا لەلایەن هاورێ و دۆستە نزیکەکانی خەباتەوە زۆر هیلاک کراوە، کێشەیان بۆ دروست کردوە، پشتیان لێکردوەو تەنانەت جار هەبوە گەلەکۆمەیان لێ کردوە ( پەنجەکان یەکتر دەشکێنن)، بۆیە سروشتیە کاتێک هەست بکات گەیشتۆتە قۆناغی ماڵئاوایی قورسایی متمانەی بەکەسە هەرە نزیکەکان لێی ببەخشێ، بێگومان کورەکانی لەپلەی یەکەمدا بون، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەی پێنەدەدان کاریگەری لە سەر سەنتەرەکانی بریاردانی ناو گۆڕان بکەن.
بەردەوام خودی خۆی رێنمایی و راسپاردە و بریارەکانی دەگایەنە کوردستان. 

دوای ماڵئاوایی کاک نەوشیروان نما و چیا گەرانەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی جێگیر بون، زۆر بە پەلە دەرکەوتنیان لە کۆر و دانیشتنەکانی دامەزراوەکانی گۆڕان کۆمەڵێک پرسیاری لای دۆست و ناحەز دروستکرد، لەوانە پرسیار دەرباری نیەتی کارکردنی سیاسیان لە ناو گۆڕان. هەر لەو ساتەوە کامپینێک لە لایەن دەستەیەک نوسەر و رۆشنبیر بەرامبەریان بەرپاکرا، تەوریسی سیاسیان کردە سەرە رمی کەمپینەکە.

هەرچۆنێک بێت ئەمە سەرەتایەکی دروست نەبو، کورەکان دەرکیان بە هەڵەکەیان کرد و لەو دیاردانە پاشەکشەیان کرد. هەڵەی دوەمی کورەکان، کە بوە وێستگەی سەرەتایی کەمپینێکی توندتر بەرامبەریان، بڵاوبونەوەی هەنگاوە یاساییەکان بو بۆ خاوەنداریەتی فەرمی ئیرسی مادی کاک نەوشیروان. ئەمە ئەو خاڵە جەوهەریە کە تا ئەم چرکەیەش بۆ جەماوەری گۆڕان و خەڵکی کوردستان رون نەبۆتەوە، باجی ئەم تەم و لێڵیە بە خەستی گۆڕانیشی گرتۆتەوە. 

کاک نەوشیروان مرۆڤێکی  وردو دور و تیژبین بو، لەو باوەرەدام دەرباری ئیرسەکەی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای گۆڕان قسەی کردوە، ئەو پرسە هەستیارەی نەداوەتە دەستی قەزاو قەدەرو میزاجی شەخسی وارسەکانی و دەور و بەرەکانیان.

هەرچەندە لە روی یاساییەوە ئەو موڵکانەی بە ناوی خۆیەوە بون بۆ وارسەکانی دەمێنێتەوە، بەڵام کاک نەوشیروان هەرچی هەبوە، بە ژیانی خۆشیەوە، بۆ خەون و پرۆژەیەکی سیاسی گەورە تەرخانیانی کردبو، لای هەمو ئاشکرایە هیچکات چاوی لە پارە و موڵکی دنیا نەبوە، چەندین جار نوسیویەتی و باسیکردوە کە دژ بەتەوریسی سیاسیەو ئەوەی موڵكی گشتیە دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێت.

بۆ خۆم لەو باوەرەدام کە بە هەمان نەفەس پێش ماڵئاوایی ئەو پەیامەی بە دەوروبەری خۆی گەیاندوە،موڵکداریەتی کاک نەوشیروان بۆ وارسەکانی ئەمانەتێکی مێژوییە و ئەرکی کورەکانیەتی ئەو پەیامە وەک خۆی جێبەجێ بکەن، بە باوەری خۆم کرۆکی پەیامەکەشی ئەوەیە بۆ خزمەتی گشتی بەکار بهێنرێن و تەسەروفی شەخسی پێیانەوە نەکرێت.

ئێستا کۆمەڵێک لادەر و خۆپەرست و عەبدی پۆست و بەرژەوەندی تایبەت لەو کەلێنە زەقەی نێوان خواستەکانی کاک نەوشیروان و نارونی کورەکانی دەرباری ئیرسەوە راوی گوماناوی خۆیان دەکەن، ئەمە ئەو گرێ کوێرە گەورەیەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان رۆژانە باجەکەی دەدات.  

ئێستا کورەکانی سەرقاڵی دامەزراندنی دەزگایەکی سەربەخۆی راگەیاندنی گەورەن، کە یەکێک لە خەونە گەورەکانی کاک نەوشیروان بو. کاک نەوشیروان مەبەستی بو ئەو جۆرە راگەیاندنە بکاتە مۆدێلێکی سەردەمانە و لە خزمەتی پرۆژەیەکی سیاسی گەورەدا بێت، کە خۆی لە ئاستی گەشەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و مەعریفەدا دەبینیەوە تا کەرەستەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و هۆشیار دابرێژرێن.

کاک نەوشیروان بە پێی راسپاردەی یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان لەمانگی ئازاری ٢٠١٥ میدیای گۆڕانی دروستکرد، سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندنی گۆڕانی لەدەزگای میدیای گۆڕاندا کۆکردەوە و بەرپرسەکەشی بوە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، بە واتایەکی تر بزوتنەوەی گۆڕانی کردە بەرپرس لەدەزگای میدیای گۆڕان.

کورەکانی بۆ پرۆژەکەی خۆیان دەستیان کرد بەدەستخستنە ناو میدیای گۆڕانەوە. لەکەناڵی KNN ەوە دەستیانپێکردو سەرلەقێنەرەکانیان خزانە نێو بەرێوەبردنی کەناڵەکەوە، لەماوەی دواییشدا بەهەمان نەفەس و وەتیرە لە گەڵ سایتی سبەی دەستتێوەردانیان کردوە، ئەم کارو رەفتارانە هەڵوەشاندنەوەی هەنگاوێکی گرنگی کاک نەوشیروانەو پێچەوانەی راسپاردەکانی یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆرانە.

بەوەوە نەوستاون لەئێستاشدا رۆژنامەو سایتی تایبەت بەرێوە دەبەن، جارێ رون نیە ئایا ئاکامەکانی ئەم بەرنامەیە لەگەڵ خەونەکانی باوکیان یەک دەگرنەوە یاخود بە ئاراستەی پێچەوانەدا دەروات.

کار و چالاکیەکانیان دورەپەریز لە گۆڕان ناکەن و هاوکاتیش خوێندنەوەی یپێویست بۆ دامەزروەکانی گۆڕان ناکەن، کارکردنیان بەو دو ئاراستەیەدا لە گەڵ ئەوەی لەکوردەواریدا پێی دەوترێت خورمژ دەگونجێت. 

هەرچۆنێک بێت دەبێت زۆر بەئاگاوە مامەڵە لەگەڵ پرسێکی وا هەستیاردا بکەن، چونکە جەماوەری گۆڕان قبوڵ ناکەن ئیرسی کاک نەوشیروان بکرێتە کۆپی هێزو گروپە دەسەڵاتدارەکانی تری کوردستان و شادەمارەکانی ئەو ئیرسە بە "شەفاعەتی" دەسەڵاتداران ئاو بدرێن.

لێرەدا ناکرێت ئاماژە نەکرێت بەوەی کە لاوازی و پەرتەوازەیی دامەزراوە باڵاکانی گۆڕان، لەسەرویانەوە جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەراندن دەرفەتێکی رەخساندوە کە بێسەرو بەری و فەوزا لەناو گۆڕان و دەوروبەری باڵادەست بن، هەر تاقم و کەسێک بەئارەزو و بەپێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی گەمە بەبریارو دامەزراوەو موقەدەراتی گۆڕانەوە بکات.

هیوادارم کورەکانی کاک نەوشیروان بەوردی چاوێک بە بەرنامە و شێوازی کارکردنیاندا بخشێننەوە، هەر چۆنێک بێت خۆشەویستی و رێزی بێئەندازەی گۆرانخوازان بۆ باوکیان بۆتە زەمینەی بێدەنگیان، بەڵام بێ بەرچاورونی و نەکردنەوەی گرێ کوێرەکان ناکرێت ئەو بێدەنگیە بەردەوام بێت.


PM:04:01:02/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 8700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی