‌کایەی سیاسی سلێمانی
PM:03:36:26/01/2019
سەرکەوت زەکی


سلێمانی وەک یەکەیەکی جوگرافی و سنورێکی فراوان،دور لەھەر کاریگەری و کارتێکردنێکی ناوچەگەری،شارێکە بۆ بەخشش و نوێبونەوەو داھێنان،لە ڕابوردوەوە تا ئێستای بۆ چرکەیەک نە لەکاروانەکە دواکەوتوە و نەکەمتەرخەمیەکی نواندوە،ڕاستە پێگەیەکی بازرگانی،پیشەسازی یان کشتوکاڵی جیاکەرەوەی ئەوتۆی نیە لە شارەکانی تری کوردستان گرنگتربێت،بەڵام مێژویەکی تایبەتی بۆخۆی خولقاندوە.ئەو مێژوەش سەروەریەکی نیشتمانی و نازناوی جۆراوجۆری پێبەخشیوە کە پەیوەستی کردوە بە رابوردوی خۆی و داھاتوەکەشیەوە،چ وەک شاری ھەڵمەت و قوربانی بێت یان پایتەختی ڕۆشنبیری،شارێکە لەژێر کاریگەری کەلتورە سیاسیە نیشتمانی و پێشکەوتنخوازیەکەیدا لەزۆر قۆناغی گرنگی مێژویی و سەردەمی جیاوازدا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە.

بۆ کورتە وتارێکی وەھا و بۆ خوێنەری کورد،ڕەنگە ئاوڕدانەوە لە ڕابوردو و بەڵگەی مێژویی ھێنانەوەم پێویست نەبێت،بەڵام لە درێژەی ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری ڕزگاری نیشتمانی باشوری کوردستاندا،سلێمانی ھەمیشە لەپێشەوەو پێشەنگ بوە،کاریگەری و شوێن پەنجەی خۆی بەسەر خەبات و شۆڕشەکانیەوە جێھێشتوەو ئەمەش نەک تەنھا لەڕوی تۆپۆگرافی و ھەڵکەوتە جوگرافیەکەی،یان پشتیوانی ماددی و خوێن و قوربانی و بەخشینی سەرچاوە مرۆییەکەیەوە بوە،بەڵکە بەدیوێکی تردا لەڕوی ئەو ژینگە سیاسیەی لە سلێمانیدا فەراھەم بوەو نەشونمای کردوەو لەڕوی دنیا بینی و کۆمەڵایەتیەوە بوە بە قیبلەنمای شۆڕش و جوڵانەوەو گەشەو پێشکەوتنە سەرتاسەرییەکانی جوڵانەوە سیاسیەکانی کوردستان.

لە ڕابوردودا،ژینگە یان کایەی سیاسی سلێمانی،وێڵ و سەوداسەر و خولیای ئازادییەکەی لە ڕزگاری نیشتمانی و بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکانی و سەربەخۆییدا چڕکردبوەوە،بەڵام لەسایەی ئەزمونەکانی حوکمڕانی خۆماڵی و کەلتورە بزێو و نەوەستاوو ڕۆڵە پێشەنگیەکەیەوە،ساڵانێکەو ئیستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کایە سیاسیە دەستی بە داوەکانی ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیشەوە بەتوندی گرتوە،کایە سیاسیەکەی بەداوای شەفافیەت و بەدیھێنانی عەدالەتێکی گشتگیر بارگاوی کردوەو بەرپرسیارێتیەکی خستوەتە ئەستۆی ھەموان.بۆیە ھەر ھێزێکی سیاسی بیەوێت لە کاروانەکەی سلێمانی دانەبڕێت و کاروانچیەکانی جێی نەھێڵن،بیەوێت لەکۆی پرۆسەی سیاسی لەباشور دوانەکەوێت پێویستە لە پەیامەکانی ئەم کایە سیاسیە تێبگات و بیخوێنێتەوەو لێی ڕابمێنێت،تادواتر بتوانێت کاری پێ بکات،ئەگەر نا باوێڵی دوای چارەنوسە نادیارەکەی خۆی بێت،چونکە کایەی سیاسی سلێمانی لە ئیستادا باوەشی بۆ ھێزە عەدالەتخواز و شەفاف و سیاسەت ڕونەکان کردوەتەوە.

*  پێشکەشە بەڕۆحی ئەکرەمی ساڵەحی ڕەشە.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.