زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا

‌بەختیار شارەزوری

هەرێمی کوردستان بە دۆخی چەقبەستوی حوکمداری و سیاسیدا تێدەپەڕێ ، هەرێمێک پڕ لە دروشم و خاڵی لە بە کردارکردنی ناوەڕۆکی دروشمەکان، ئەگەر ئەم هەرێمە دوای روخانی سەدام تا ئێستاش دابەش بوبێت بەسەر قەڵەم ڕەوی ئەنقەرە و تاراندا و رێککەوتنی ستراتیژی لێکەوتبێتەوە، ئەوا نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی مێژووکرد کە خۆی لە قوڵایی رووداوەکان و دوای ئاشبەتاڵ کارئەکتەرێکی چالاکی ناو جولانەوەی چەکداری و سیاسی ئەم هەرێمە بو.

وەک یەکەم کەس بۆ برەودان بەرەو حکومێکی سیستماتیک و نیشتمانی توانی ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دروست بکات، ئەگەر چی ئەم پیاوە لە گۆڕان گەورەتر بو، بەڵام گۆڕانی وەک ڕێگایەک بۆ گەشتنە ئامانجەکانی بەکاردەهێنا، ئەویش دەستکاری کردنی نەخشەی دابەشکاری و ڕێککەوتنی ستراتیژی بو.

ئەم پیاوە نەک هەر ناو گۆڕان بەڵکو بۆ هەرێم و ئەوانەشی دژایەتیان دەکرد قورسایی خۆی هەبو، هەر لەسەرەتاوە بە پلانی ئەنقەرە و تاران لە رێی درێژکراوەکانیانەوە (پارتی و یەکێتی ) کەوتنە داڕشتنی سیناریۆ و تاکتیک بۆ بێ ئەرزشکردنی دروشمەکانی گۆڕان و تاکە هۆیەک بۆ ترسی دەستکاری کردنی ئەم ڕیککەوتنە خودی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بو، ئالێرەوە بە پلە بەندی بۆ دابڕانی خەڵک و گۆڕان لە یەکتر کە تاکە چەکی دەستی گۆڕان بو هەزاران پلانیان دانا.

تا ئێستاش دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا ئەم بزوتنەوەیە لە دۆخی پرسەدایە و ناتوانی خێمەی پرسە هەڵبگرێت و دەست بکاتەوە بە یارییە سیاسیەکان، ئەگەر چی تا ئێستاش پلانەکانی ئەنقەرە و تاران بەردەوامیان هەیە بەرامبەر بە گۆڕان، خۆ ئەگەر دۆخی ناوخۆی یەکێتی و ڕێککەوتنی دەباشان بۆشاییەکیان بۆ یاری ئەم حیزبە دروستکرد بێت، ئەوا بەرژەوەندیەکانی ئەنقەرە و تاران نەیهێشتوە گۆڕان ئەو یارییە بکات وە لە غیابی نەوشیروان مستەفاشدا گۆڕان ناتوانی ئەو یارییە تاکتیکیانە بەرامبەر ئەم پلانانە بکات کە ئەنقەرە و تاران وەک بەرژەوەندی هاوبەش لەبەردەم ترسێکی هاوبەشدان بەرامبەر بە گۆڕان.

پارتی و یەکێتی بەرژەوەندیەکانی ناوخۆ و دەرەکیان زۆر گەورەترە لە خاڵی ناکۆکیان و لە ناوخۆشدا چەند ناکۆک بن، چەند باڵ بن، هێشتا وڵاتانی ناوچە ناهێڵن بکەون و ناهێڵن ئەو بۆشاییە درست ببێت کە گۆڕان یاری سیاسی تێدا بکات، ئێستاش گۆڕان ناتوانی بۆشایی دروست بکات و کارتەکانی بەکار بهێنێت وەک سەردەمی نەوشیروان مستەفا تا بتوانێت بۆشایی دروست بکات، یاری سیاسی بکات.

میتۆدی نەوشیروان مستەفا دەتوانرێت زیاد لە حیزبێک سودی لێوەرگرێت و دروست بێیت، بەڵام ئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتە هەڵدەگرێ بە پلەی یەکەم گۆڕانە، تا ئێستاش پارتی و یەکێتی دو جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکین و نەوەی نوێش بێ باکگراوندی فکر و مێژوە و لە بۆشای گوتاری گۆڕاندا دروست بوە، بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە گۆڕان هەڵگری بیرۆکە و پاکێجەکانی بە نیشتمانیکردنی پرسەکانە و تاکە چارەسەرە بۆ دۆخی هەرێم.

لە ئێستادا کە پارتی و یەکێتی بەهۆی 31ی ئاب و ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر و سەرۆکایەتی کۆماروپارێزگای کەرکوک و دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان وە تا ئاستی تەشهیر کردنی یەکتر ڕۆشتن و بۆشاییەک دروست بو تا گۆڕان بتوانێ یاری سیاسی تیدا بکات.

بەڵام له‌گەڵ گۆرانکاریەکانی ناوچەو و عیراقدا جارێکی تر بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی وڵاتانی ناوچە نەیهێشت بۆشاییەکە گەورەتر بێت، کە یەکێتی دەیویست وەک دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمار و کەرکوک نەهێڵێت حکومەت لەسەردەستی پارتیدا پێکبهێنرێت (سەرەڕای جیاوازی و باڵبەندی ناوەکیان) بەڵام پارتی توانی هەم گۆڕان وەک کارتی گوشار بەکار بهینێ و هەم لە ڕێگەی ئێران و قبوڵکردنی هەندێ داواکاری یەکێتی جارێکی تر بچنەوە سەر هەمان رێكکەوتنی ستراتیژی و دابەشکاری و زۆنبەندی دەست پێبکاتەوە و کۆی حیزبەکانی دەروەش بەشداری پێ بکەن نەک شەریک بن ئەڵبەت ئەمە دوای پاشەکشێی گۆڕان دێت لە هەڵبژاردن.
 
تا ئێساش گۆڕان لە دۆخی پرسەدا و تا ئێستاش بەرپرسیاریەتی لە ئاستی خەڵک بۆ گۆڕانکاری لە ئەستۆی گۆڕاندایە و بە گشتی هیوای خەڵک بەو رۆژەیە کە گۆڕان خێمەی پرسەی کۆبکاتەوە بڵێ نەوشیروان مستەفا کۆچی کرد و ئێمە دەبینەوە بەو باوکەی کە دەتوانی هیچ نەبێت گوشار دروست بکات.

دۆخی زەمەنی پرسە گۆڕانی تەواو بێدەنگ کردوە لە ئاست ئەم گۆڕانکاریانەی کە بەڕێوەیە بۆ عیراق، بە تایبەت دوای بەهێز کردنی ناوەند مل دانی پارتی بۆ ناوند و ئەگەری ڕو بەڕو بونەوەی ئیران و ئەمریکا لەم ناوچەیە.

زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا و نە بونی پڕۆژە و نەبونی دەنگی گۆڕان کە بەرپرسیاریەتی هەر گۆرانکاریەک لە ئەستۆی گۆڕاندایە، نامەیەکە بۆ گۆڕان کە دەبێت خێمەی پرسە هەڵگرن و تەواو بونی زەمەنی پرسە ڕابگەیەنن و لە ئاست بەرپرسیاریەتی دۆخەکەدا بن.


PM:05:08:08/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 2888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی