دنیا بینی شیعری لە نێوان پەشێو و مەریوان وریا قانع-دا

‌بەختیار شارەزوری


بەس نیە بوترێت ئەوەی شاعیر نەبێت نابێت شیعر بنوسێت و بەسیش نیە ئەوەی وەک بریندارێک یان وەک بیمارێک بێتە ماڵی شیعرەوە خۆی بلاوێنێتەوە یان ساتێک خۆی دانێت بەرامبەر بە خۆی و قسە لەگەڵ وێران بونیخوێدا بکات و پێ ی بوترێت شیعر ، دەکرێت جۆری دوەمیان تەنها کەسی بێت ، واتا من یا ئەو بریندارین واقع تێکی شکاندوین بەرکەوتنەکانمان تەواو ماندوی کردوین ، وەک شوێنێک بۆ حەسانەوە یان مەریوان ئاسا بۆ خۆ ڕێکخستنەوەمان بچینە ماڵی شیعر ، دەکرێت وەک بینین بەشێک لە دنیا بینی شیعر لای هەر کەسێک هەبێت وەک پێداویستی ڕۆحی بەڵام ناکاتە ئەوەی پێ ی بوترێت شیعر بە پیودانگە شیعریەکان .

 خۆ ئەگەر شیعر کاری جارێکی تر داڕشتن یان ڕەسمکردنەوەی واقع بێت لە ناو زمان و وشەی شاعیردا و تێکشکاندن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بە شێوەی ستاتیکی بێت ئەوا دەکرێت وێناندن و زمان جۆرە دالێک بەرهەم بهێنێت کە فرە مەدلول و فرە مانا بن جۆرێک شەڕی جوان هەبێت بۆ داڕستنەوەی ، ئەمەش لە هارمۆنیەت و مۆزیک و مانادا خۆی دەبینێتەوە ، دەکرێت لە سەردەمی کلاسیکدا هەمو فەقێکان شیعریان نوسیبێت وەک زمانی باو ، هەمو حوجرەکان پڕ بوبێتن لە شاعیر تا ئەو ئاستەی شێخ ڕەزا بە حەشر باسی کرد بێت .

 دوا جار زمانی شیعر زمانی باو بوە تا ئەو ئاستەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و هەتا سیاسەت و ئابووری و پەروەردەش بە زمانی شیعر وترا بێت ، زمانی شیعری زمانی کۆی گوتارەکان بوە ، بەڵام دواجار مەریوان ئاسا شیعر چونە ناوەوەی خودە ، ماڵێکە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە ، بۆیە دەکرێت کەسێک بێ ئاگا بێت لە دنیای شیعر بۆستێکیش بێت کاتێک توشی تێکشکان دەبێت پەنا بۆ شیعر دەبات ، کە ئەمەش وەک بەدیلی کایەیەکی دینی دەبێت کە تۆ لە جەهەنمێکی واقعدا تێک دەشکێیت شیعر دەبێتە بەهەشتێک بۆ ژیان بۆ تێکشکاوەکە ، بۆیە ناکرێت پێمان وا بێت شیعر پیشەیەکە و تایبەت بە پیشەگەرانی ، شیعر پەیوەندی جەدەلی هەیە لەگەڵ خودا ، کەواتە مرۆڤ لە هەرکویا هەبێت شیعر لەوێ بیمارستانێکە بۆ تەداوی کردن ، بۆ نەخۆشیەکانی مرۆڤ ، بۆیە شیعر ئەگەر بوە یاریکردنێکی ماتماتیکی لە نێوان زمان و وێنەدا و هیچ بۆ خودی کەسەکە نەکات ئەو کاتە دەتوانین بڵێین تەسنیعە و جۆرێکە لە دەمامک بۆیە شیعر دەبێت قوڵبونەوە بێت لە نێوان منی بریندار و منی شیعری بۆ لاواندنەوەیەکی قوڵ ، شیعر ڕێگایەکە لە لۆکە نەک کۆنکرێت ، دەکرێت منی خوێنەر بەم ڕێگایەدا ڕۆشتم هەست بە نەرمی و ئاسودەیی بکەم ، سادەیی لە دەربڕین و قوڵی لە مانادا ، وەک ئەوەی دەوترێت شیعر دوا جار هاوڕێیەکمانە قسەی بۆ دەکەین و گوێمان بۆ دەگرێت .

کاتێک پەشێو قسە لەسەر ئەو حەشرەی شێخ رەزا دەکات ئەوەی بیر دەچێت کە ئەگەر کەسێک شتێک بڵی ئەگەر شیعریش نەبێت بە پیودانگە شیعریەکان ئەوا دەکرێت هاتبێتە ماڵی شیعر بۆ حەسانەوە ئەگەر چی ئەتەکێتی ماڵەکەش نەزانێ ، بەڵام مەریوان قوڵ تر دنیای شیعریمان پێ دەناسێنێ ، ئەگەر پەشێو شیعرمان لێ بسێنی و بڵی بەس هی نوخبەیەکە ئەوا مەریوان دەمانداتەوە دەڵێ شیعر گشتیە وەک کانی گوند و سەکۆی مزگەوتەکان مەرج نیە موسڵمانیش بیت دەتوانی تیدا خۆت ڕێک بخەیتەوە ، ئەگەر چی پەشێو لەێوە قسە دەکات کە دنیای ئێمە پڕ بوە لە شیعر و ناکرێت بوارەکانی تر کە گرنگترن لە شیعر و گشتی ترە و شیعر کەسی و خودیە فەرامۆش بکرێت ، ئەمەیان تا ئەو ئاستە ڕاستە کە توڕە بونەکەی وا بکات کەسەکان سەرقاڵ نەبن بە شیعرەوە و بوارەکانی تر کاری تێدا بکەن ، بەڵام ناکاتە ئەوەی سەکۆی مزگەوتی شیعر تاپۆ بکەی لەسەر مەلاکان و ڕیبواڕیک نەتوانێت لا بداتە مزگەوتی شیعر و ساتێک تێدا بحەسێتەوە ، بەدەر لەمەش شیعر کە لە شاعیر دەرچو دیسانەوە دەبێتە جۆرێک لە کەنیسە و مزگەوت دەکرێت سەدان جار من لێرەوە دوای ڕوخانم شیعری پەشێوم وتبێتەوە وەک ئەوەی من نوسیبێتم ودیسانەوە ئەوەش تاپۆ ناکرێت لەسەر کەسێک ، بەڵام کە هەر وشە ڕێکخستن بێت و کارتۆنی بێت و قوڵ بونەوەی تیا نەبێت بۆ ناو خۆت ، ئەوا نابێتە ماڵێک بۆ خۆ ڕێکخستنەوەی کەسەکە ئەگەر شیعریش نەبێت ، لە سەردەمی کلاسیکدا دەکرێت شیعر زۆر وترابێت بەڵام دوا جار شیعری فکری و کارکردن بۆ ڕەسم کردنەوەی دنیا بە شێوەیەکی ستاتیکی و قوڵی لە مانادا دەمێننەوە .

هەردو بۆچونەکە تەواو ڕاستە ئەمیان توڕە بون لە وشەڕێکخستن و گەڕەلاوژێ ی شیعری بەڵام ناکرێت وا بخوێنرێتەوە کە شیعر تاپۆ بکرێت .

کاک مەریوانیش دوبارە شیعرمان دەداتەوە و دەیکاتەوە ماڵیک بۆ خۆ ڕێکخستن بەڵام پێشمان دەڵێ شیعر ناتوانی دەستکاری ئەم جەنگڵستانە بکات .


AM:11:59:24/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 2576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی