تكایە لەهەولێرەوە وێنەی پاڵەوانی درۆینە نیشان مەدەن

‌گۆران عەلی کەریم


ئەوكاتەی مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو لەچەند شوێنێك باسی لەوە كردبوو كە ئەو چەند خەریكی بردنە پیشەوەی كارەكانیەتی وەك سەرۆك كۆمار، ئەوەندەش خەریكی پینەكردنی لێدوان و راگەیاندنەكانی سەرۆكی هەرێمە. زۆرجار مام جەلالەوە ئەوەوە بیسراوە، كە لایەنە عێراقییەكان بەو لێدوانەی بەرپرسانی هەرێم ئیستفزازكراون و ئەوانیش رق ئەستور بوون بەرامبەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی. ئیستاشی لەگەڵدا بیت گرفتەكە هەرماوە و لێدوان و راگەیاندنەكانی سەرۆكی حكومەت و بەرپرسەكانی تر، گرفتی گەورەیان بۆ تیمی دانوستانكارانی كورد لەبەغداد دروست كردوە، تەنانەت كار گەیشتە ئەوڕادەیەی بەناچاری ئەو كوردانەی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانن بەراگەیاندنێك تكایان كرد، بالەهەرێمەوە بەلێدوانەكانیان گرفت و ئاڵۆزی دروست نەكەن بۆ تیمی دانوستكاران لەبەغداد.
 
لەبەغداد جگە لە  هەوڵەكانی شاندی هەرێم تیمێكی تریش لەنوێنەرانی كورد هەوڵەكانیان چركردۆتەوە بۆ ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد بكریت و پشكی كورد لە پرۆژە یاسایی  میزانییە بەشێوەیەكی گونجاو شایستە جێگیر بكرێت، تیمی هاوپەیمانی هیوا و پەرلەمانتارە كوردەكان  لەهەموو فراكسیۆنەكان و سەرۆك كۆمار، پێكەوە هەوڵەكانیان چركردۆتەوە، تا رێگە خۆش بكەن بۆ رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین دانیشتنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوپەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان سازكردوە، سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح بەدور لەئاراستەی سیاسی و حزبی لەگەڵ هەموولایەنە سیاسیەكانی هەرێم راوێژدەكات و توانا و پەیوەندیە دبلۆماسیەكانی خۆی خستۆتە گەڕ تا ئەو بەستەڵەكەی نێوان هەرێم و بەغداد بشكێنێت.

كەچی ئەوەتا لەهەولێرەوە لەباتی دەستخۆشی و پێزانین تانە لەو هەڵە بەردەوامانە دەدرێت و ئەو پرسەش تێكەڵ بە ئەجێندای حزبی و رق و كینە دەكرێت و بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئەوان دژی رێككەوتنی هەرێم و بەغدادن و وەك لەمپەر لەبەردەم ئەو رێككەوتنە وێنەیەكی ناشرینیان بۆ دروست دەكرێت. دەرئەنجەمی ئەم لوتبەرزی و عینادیەی هەرێم جگەلە بێ باكی دەرهەق بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێم و دەرخستنی ناكاراییان لە هونەری دانوستاندن هیچ شتێكی تر نیشان نادات، دیارە لای خەڵكی گریفان بەتاڵیش كە ماوەی چەند مانگە مووچەیان پێنەدراوەو حكومەت بێ باكانە دەڵێت ئەوەی بەردەستە ئەوە دابەش دەین و هیچ گرەنتیەك نیە بۆ موچە خۆران هاوڵاتیانی هەرێم كەحكومەت بەچی پێوەرێك مامەڵەیان لەگەڵ دەكات چونكە تائێستاش هیچ شەفافیەتێك لە داهاتی هەرێمدا نیە، بۆیە ئەم هەڵویستانە هەرگیز بەهەڵوێستی نەتەوەیی و كوردایەتی لێكنادرێتەوە جگە لەوەی دەبێتە مایەی تورەبوونی زیاتری خەڵك بەرامبەر بەم بێ باكییەی حكومەت و لایەنە باڵادەستەكان.



PM:07:31:10/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 2448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی